چینەکانی زەوی


بەرچاوڕوونیەک دەربارەی چینەکانی زەوی

لە ئێستادا زانایان بەگشتی باش ئاشنان بە هەیکەل و پێکهاتەی چینەکانی زەوی کە بەشێوەیەکی گشتی و بۆ ئاسانی شیکردنەوە بۆ چوار چین دابەش دەکرێن کە ئەمانەن:
❶توێکڵی زەوی
❷بەرگی زەوی، مانتڵ mantle
❸کڕۆکی دەرەوە
❹ کڕۆکی ناوەوە


ئەگەر چینەکانی زەوی بەراورد بکەین دەبینین کە توێکڵی زەوی یەجگار زۆر تەنکە بەبەراورد بەچینەکانی تر و بەقەد توێکڵی سێوێک وایە بەبەراورد بە تەواوی سێوەکە.

شایەنی باسە قوڵترین ئاست کە مرۆڤ پێی گەشتبێت تا ئێستا واتە چاڵی هەڵکەندبێت بۆ زەوی بریتیە بووە لە نزیکەی 12 کیلۆمەتر کە بریتیە بووە لە بیری نەوت وە ئەم کارە نزیکەی 20 ساڵی خایاند بۆیەش تا ئێستا ڕاستەوخۆ نەتوانراوە لێکۆڵینەوە بکرێت لە چینەکانی زەوی واتە بێجگە لە چینی توێکڵی زەوی.

بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ، زاناکان هێشتا توانیویانە زۆر شت بزانن دەربارەی هەیکەلی ناوەوەی زەوی ئەمەش لەڕێگای لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی شەپۆلەکانی بوومەلەرزە بە ناخی زەویدا، کە تێیدا بەهۆی گۆڕان لە خێرایی و ڕەفتاری ئەم شەپۆلانە لەکاتی تێپەڕبوون بە ناوەند و چینێکی جیاوازدا توانراوە زانیاری لەسەر ناوەوە و چینەکانی زەوی بزانرێت.

❶کڕۆکی ناوەوە:
بەپێی ئەو داتایانەی لە بوومەلەرزەکان و ئامێری سایزمۆگرام بۆ پێوانی شەپۆلەکانی بوومەلە بەدەست هاتووە، دەرکەوتووە کە کڕۆکی ناوەوە زیاتر وەک تۆپەڵەیەکی ڕەقی کانزاییە کە زیاتر لە 1000 کیلۆمەتر نیوەتیرەکەیەتی. وە بەنزیکەیی دەکەوێتە قوڵایی 6400 بۆ 5180 کیلۆمەتر لەژێر ڕووی زەوی.

کە یەجگار زۆر چڕە و بەزۆری لە کانزکا قورسەکانی وەکو ئاسن و نیکڵ پێکهاتووە. وە هەروەها کڕۆکی ناوەوە کەمێک خێراتر دەخولێتەوە بەبەراورد بە بەشەکانی تری زەوی، وە یەجگار زۆریش گەرمە و بەنزیکەیی دەگات بە 5400 پلەی سیلیزی.

کە تاڕادەیەک نزیکە لە پلەی گەرمی سەر ڕووی خۆر. وە سەرەڕای پلەی گەرمییەکەی ، پەستانێکی یەجگار زۆریشی هەیە کە بەنزیکەیی 3 ملیۆن ئەوەندەی پەستانی سەر ڕووی زەویە واتا پەستانی بەرگەهەوا. 


❷کڕۆکی دەرەوە:
ئەم بەشەی کڕۆکی زەوی زۆربەی لە ئاسن و نیکل پێکهاتووە بەڵام لە دۆخی شلیدا. وە هەروەها لەقوڵایی 5180 بۆ 2880 کیلۆمەتر دایە.
وە بەهۆی تیشکە شیبوونەوەی توخمەکانی وەکو یۆرانیۆم و ثۆریۆم، بڕێکی زۆر گەرمی بەرهەمدێت و شلەی کڕۆکی دەرەوە لەپلەی گەرمی بەرز و شەپۆلی بەهێزدا دەبێت. 

ئەم شەپۆل و جوڵەی شلەی کڕۆکی دەرەوە دەبێتە هۆی دروست بونی جۆرە تەزوویێکی کارەبایی و لەئەنجامدا بەهۆیەوە بواری موگناتیسی زەوی دروست دەبێت.

❸بەرگی زەوی
Mantle :
ئەم چینە بەنزیکەیی 3000 کیلۆمەتر ئەستووریەکەیەتی کە بە ئەستوورترین چینی زەوی دادەنرێت. 
کە بەزۆری لە ئاسن، مەگنیسیۆم و سلیۆکۆن پێکهاتووە، وە خاوەن چڕی و گەرمیەکی زۆرە و لەدۆخێکی نیمچە ڕەقی دایە ، هەر وەک بەو شێوازەی لە شلەی بورکانەکان بەدەردەکەوێت. 
وە هەروەک چۆن کڕۆکی دەرەوە دەخولایەوە ئەم چینەش دەخولێتەوە بەڵام یەجگار زۆر هێواشتر.

نزیک لە سەرسەرەوەی ئەم چینە، واتا بەنزیکەیی لەنێوان 100 بۆ 200 کیلۆمەتر لەژێر زەوی، پلەی گەرمی بەرگی زەوی دەگات بە پلەی تواناوەی بەردەکان.
وە لێرەدا چینێک لە نیمچە بەردی تواوە دروست دەبێت کە پێی دەڵێن ئەزینۆسفیر 
asthenosphere
 . وە زانایانی جیۆلۆجی لەو باوەڕەدان کە ئەم چینە لاواز و گەرم و جوڵاوە هۆکاری جوڵەی پلێتەکانی سەر زەوییە.
شایەنی باسە ئەڵماسەکان وردە پارچەی بەرگی زەوین و لە قوڵایی 200 کیلۆمەتر دروست بوونە.
بەشی دەرەوەی بەرگی زەوی واتا لە ئەزینۆسفیریش دوورتر، بەنزیکەیی بریتییە لە چینێکی سارد و ڕەق کە ئەم چینە و توێکڵی زەوی پێکەوە چینێک پێکدەهێنن پێی دەڵێن لیزۆسفیر 
lithoshpere.

❹توێکڵی زەوی:
توێکڵی زەوی وەک قاوغی هێلکەیەکی کوڵاو وایە، کە یەجگار زۆر تەنک و ساردە بابەراورد بەو چینانەی تری زەوی. توێکڵی زەوی بەزۆری لە توخمە سووکەکانی وەکو ئەلەمینیۆم و ئۆکسجین و سلیکا پێک هاتووە.

وە ئەستووریەکەی لەهەموو شوێنێکی زەوی وەکو یەک نیە و دەگۆڕێت، بۆنموونە لە ژێر زەریاکاندا لەوەیە بگات بە 5 کیلۆمەتر لە ئەستووری، کەچی لە ژێر وشکانیدا لەوەیە تەنیا 30 بۆ 70 کیلۆمەتر ئەستوور بێت.
وە بۆ چەندین پلێتی گەورە دابەش بووە و بەردەوام لەجوڵە دان کە پێی دەڵێن پلێتە تەکتۆنیەکان،و ساڵانە 3 بۆ 5 سانتیم لەیەکتر دووردەکەونەوە و نزیک دەبنەوە.
کە ئەمەش هۆکاری دروست بوونی شاخەکان و بورکانەکان وە هەروەها بوومەلەرزەکانە لەسەر ڕووی زەوی.

Comments