چۆن توانا و هێزی متمانە بەخۆبوون بەدەست بهێنیت؟ #بە_گرێنتیەوە

 


چۆن توانا و هێزی متمانە بەخۆبوون بە دەست بهێنیت؟ #بە_گرێنتیەوە 

ڕۆژانە دەبینیت وا زۆرێک لە کەسانی سەرکەوتوو جا لە هەر بوارێک بێت، هۆکاری سەرکەوتنیان بەزۆری بۆ متمانە بەخۆبوونیان دەگەڕێنەوە...

...وە تەبعەن زۆر هۆکاری تریش دەکرێت لە سەرکەوتنەکەیان ڕۆڵی هەبووبێت بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە لای زۆرێکیان متمانە بەخۆبوون بە دەرەجە یەک دادەنێن بۆ سەرکەوتنیان.

بەس ئەگەر دیقەتت دابێت دەبینیت کە زۆر کەس ئەسڵەن بە ڕوونی بۆت باسیش ناکەن باشە ئەم متمانە بەخۆبوونە و شتە لەکوێوە دەکرێت دروست ببێت؟

چونکە ئاشکرایە هیچ کەسێک هەر لەسکی دایکەوە ئەو هێز و توانای متمانە بەخۆبونی نەبووە و بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی دیاری کراوی ژیانی بنیاتنراوە.

وە قەناعەتیشم بەوە نیە کە ئەوە شتێک بێت بووبێتە سروشتی کەسەکە و ئیدی جیانەکراوە بێت لێی، بەڵکو وای دەبینیم چەند مەرجێک هەیە ئەگەر کەسەکە لێی لابدا ئەوا بێ شک دەبێتە داڕووخانی متمانەی و دەبێت دەست پێبکاتەوە بە دووبارە بنیات نانی متمانەی.

جا با لێرە وەڵامی ئەوەتان پێبدەم:

ئەوەندەی دیقەتم دابێت متمانە بەخۆبوون بەدەرەجە یەک لە ڕێگای جێ بەجێکردنی هەڵبژاردنەکانمانەوە دێت یان باشتر بڵێم هێنانە دی پێشبینیەک کە بۆخۆت دایدەنێی ئیڕی چ شتێکی بچووک بێت یان گەورە.

بۆ نموونە تۆ وا پێشبینی دەکەیت بۆ خۆت کە ئەمڕۆ فڵان کاتژمێرە فڵان شتە جێبەجێ بکەیت و هیچ ئەولاو ئەولا وە تاخیر بوونی تێدا نەکەیت ، ئەگەر توانیت ئەوە بکەیت ئەوا پیرۆزە ئێستا دەروونت تەوژمێکی لە وزە و هێزەوە وەرگرت و وزەکە چۆتە سەر تێکڕای ئاستی متمانە بەخۆبوونتەوە. 

وە ئەمە تەنها شتێکی بچووک بوو ، جا تۆ وەرە شتێکی گەورەتر دابنێ و بیکە بزانە ئەوە چەندە زۆر زیاتر لە بڕی ئەو تەوژمە زیاد ئەکات بۆ دەروونت.

ڕۆژانە و حەفتانە و مانگانە بەردەوام بە لەم شێوازە ئیدی وەک پارچەی بچووک لەسەر یەکتری کۆدەبنەوە و کۆدەبنەوە و بەتێکڕایی تەوژمێکی زۆر زۆرت پێدەدەن لە وزە و هێزێک بۆ دروونت کە لە شێوازی متمانە بەخۆبوونت و هەنگاونانی زیاترت ڕەنگ ئەداتەوە.

جا ئەگەر دەتەوێت ئەوە بەدەست بهێنیت بچۆ خۆت زۆر هیلاک وسەرقاڵ بکە بە زۆر شت و بەڵێن بەخۆت بدە کە جێ بەجێیان بکەیت.

وە بەپێچەوانەوەش باش بزانن کە توانای متمانەبوونت دەڕوخێت و بچووک دەبێتەوە ئەگەر تۆ ئەو پێشبنیەی بۆخۆتت داناوە نەیهێنیە دی.

جا ئەگەر پێشبنیەکی بچووکی ڕۆژانەت بێت ئەوا بڕێکی بچووک لە هێزی متمانە بەخۆبوونت دەبات وە وە ئەگەریش وریا نەبیت و بەردەوام بیت بە تێپەڕبوونی کات ئەوە هەرچی متمانە بەخۆنتە پێت ناهێڵێت.

وە ئەگەر پێشبینیەکە گەورەتر بێت ئەوا هەر زۆر خراپتر و ئەسڵەن وا دەکات تا کاتێکی زۆر تر لەخەیاڵت بمێنێتەوە و ببێت بە کۆت و زنجیر لەبەردەم بەردەوامیت و گەشەسەندنت و بنیات نانی متمانە بەخۆبوونت.

وە بەسەراحەت قسە بکەین بەخوا زۆر کاتیش بۆیە ناهینێنیە دی چونکە تاخیری دەکەی و ئەو بەڵێنەی بەخۆتت داوە بیکەی و وەک پێشبینێکە لەهزرت هەر دەیخەیە چەند دەقەیەکی تر یان سەعاتێکی تر و ڕۆژێکی تر وە حەفتەی تر ئیدی تا وای لێدێت ئەو ڕۆژە هەر قەت نایەت کە شتەکەی تێدا جێبەجێ بکەیت.

بۆیە باش وریابە کە پێشبینیەکی جدیانەت بۆ خۆت هەبوو دەستبەجێ ئەنجامی بدە وە بشگەڕێ بزانە چۆنیش بتوانی لەسەری بەردەوام بیت و بە تێپەڕبوونی کات لەسەری سارد نەبینەوە، چونکە ئەوە ائینسانە و دەروونی وەک ئامێرێک نیە هەر تا ئاخیری تەمەنی لەسەر یەک شت بێت و کەم نەکات بەڵکو هاریکاری پێویستە لە یادکردنەوەی کە بچۆی پێویستە هەوڵبدات و بە چ شێوازێکیش لەسەری بەردەوام بێت و لە پێشبینەکانی لانەدات.

وە ئەمە ئەڵێم و ئیدی کۆتایی باسەکە ئەبێت لێرە، بزانە کە ئەگەر ئەوەی باسمان کرد بیهێنە دی و جدیانە بیت بەرامبەری دڵنیابە هەم خۆت زیاتر ڕێز لەخۆت دەنێیت هەم خەڵکیش زیاتر چونکە تۆ ئیدی بوویتەتە کەسێک کە خاوەن قسەی خۆتیت و چی بڵێیت ئەوە جێ بەجێ دەکەیت و لەپێشبنی خۆت لانادەیت.

کە هەر ئەمەشە وێنەی متمانە بەخۆ بوون لەتۆدا وەک ڕۆژی ڕووناک دەگەشێنێتەوە بۆ کەسانی دەوروبەرت و ئەگەر بتەوێت ڕابەرێک یان سەرکردەیەکی باش و سەرکەوتووبیت بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵتن جا بۆنموونە چ باوک و دایکێک بێت لەگەڵ منداڵەکانی و خێزانەکەیەوە یانیش ئەو کۆمەڵە هاوڕێیانەت بێت کە لەگەڵیان دایت وە یانش ئەگەر خاوەن کارێکی خۆتیت و تیمێکت لەژێر دەستە. ئیدی بۆ هەر شتێکی لەو جۆرە دەبێت کەسێک بیت کە زۆر لەو خاسیەتەت تێدابێت.

چونکە لەکۆتایەکەی ئەوە هەر کردارە مانای ڕاستەقینە بە وشەکانت دەبەخشێت نەک هیچ شتێکی تر. ئەگەر قسە و کردارت هاوتەریبی یەکتر بن ئەوا کەسایەتیت ئەو هێزەی متمانە بەخۆبوونەی دەبێت کە باسمان کرد و زۆرترین ڕۆڵیشی دەبێت لە بەدیهنێانی ئامانجەکانی ژیانت، وە پەیوەندیەکانت لەگەڵ کەسانی دەوروبەروت بەهێزتر دەبێت و شانازیەکی شکۆمەندانە بۆ ژیانی خۆتشت دەکەیت.

نوسینی : ئارێز محمد

Comments