یەقین


❨یەقین❩

ئیبن مەسعود لە پێناسەی یەقیندا دەڵێت: یەقین بریتییە لەوەی خودا لە خۆت نەڕەنجێنی بۆ ڕازیکردنی خەڵکی، و ئیرەی حەسەد بەکەس نەبەیت کە خودا ڕزق و ڕۆزیەکی پێدابێت و، لۆمەی کەس نەکەیت لەسەر شتێک کە خودا پێی نەداویت، بەڕاستی ڕزق نە(حرص)ی کەس دەیهێنێ نە پێناخۆسبوونی کەس دەیگرێتەوە، بەڕاستی خودا عەدالەتی خۆی خۆشی و شادی لە یەقین و ڕازی بووندا داناوە و، خەم و دڵتەنگیشی لە گومان و قیندا داناوە)
رسائل الدعوة لاپەڕە ٥۳٥

جۆرەکانی یەقین:

۱ ❫
  أ❩ علم الیقین : واتا زانستێک کە لێی دڵنیابیت لە سەرچاوەیەکی تەواوی ڕاستەوە وەرت گرتبێت.
ب❩ عین الیقین : واتا ڕاستیەک کە بەچاوی خۆت بیبینی.

لە بارەی ئەو دوو جۆرە عیلمەوە قورئانی پیرۆز دەفەرمووێت:
❴كَلَّا لَوْ تَعْلَمُونَ عِلْمَ الْيَقِينِ⑤ لَتَرَوُنَّ الْجَحِيمَ⑥ ثُمَّ لَتَرَوُنَّهَا عَيْنَ الْيَقِينِ⑦❵

واتە: ❴واز بهێنن، ئه‌گه‌ر ئێوه ده‌تانزانی، به‌زانین و دڵنیایه‌کی ته‌واوه‌وه (وا بێ ئاگا نه‌ده‌بوون له خواناسی)⑤سوێند به‌خوا بێگومان دۆزه‌خ ده‌بینن (دۆزه‌خێکی تۆقێنه‌رو پڕ له ئازارو ناسۆره‌)⑥دووباره سوێند به‌خوا دۆزه‌خ به‌چاوی سه‌رتان ده‌یبینن به ئاشکراو دڵنیا ده‌بن (که چه‌نده سامناکه‌)⑦.❵
(سورەتی التكاثر, ئایەتی 5-7).

یەکێک لە پیاوچاکان دەڵێت ئەوەی پێغەمبەری خوداﷺ لە معراجدا بینیویەتی من زۆر زیاتر باوەڕم پێی هەیە زیاتر لەوەی ئەگەر خۆم بینیبام. جا قورئان لەو بارەیەوە دەفەرمووێت :
﴿مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَىٰ﴾
واتە : جا بینینی ئه‌و به‌دیهێنراوانه له‌و شه‌وه‌دا وه‌نه‌بێت چاوبه‌ست له‌ پێغه‌مبه‌رﷺ کرابێت و چاوی لێ لادا بێت
(سورەتی النجم, ئایەتی 17)
هەروەها ڕۆژێک پێغەمبەری خودا ﷺ قەرزی جولەکەیەکی لادەبێت، دەیداتەوەو کەس ئاگای لێنابێت. جولەکەکەش دێت و داوای قەرزەکەی لێدەکاتەوە، پێغەمبەری خودا ﷺ دەفەرمووێت : ( فڵانە ڕۆژ قەرزەکەم دایتەوە)، ئەویش دەڵێت کێ شایەدتە؟ لەو کاتەدا خوزەیمە کە هاوەڵێکی پێغەمبەرەﷺ دەڵێت من شایەتی بۆ دەدەم! کابرای جولەکەش شەرم دایگرت و ڕۆیشت. پێغەمبەری خوداﷺ دەفەرمووێت:(ئەی خوزەیمە خۆ تۆ لەوێ نەبووی چۆن شایەتی واتدا؟)، خوزەیمەش دەڵێت: قابیلە ئێمە بڕوات پێبکەین کە هەواڵی ئاسمانمان بۆ دێنی، بەڵام بڕوات پێنەکەین کە قەرزی ئەو کابرایەت داوەتەوە؟!
پێغەمبەریشﷺ ئەو یەقینیەی خوزەیمیەی بەرز نرخاند و فەرمووی :
(هەرکەس خوزەیمیە شایەتی بۆ بدات بەسیەتی).


۲❫⦅یەقینی درۆی بێسوود⦆

جولەکەکان یەقینیان هەبوو کە محمدﷺ پێغەمبەری خودایە، هەروەک چۆن دڵنیابوون لەماڵ و منداڵی خۆیان ئاواش دڵنیابوون لەو، کەچی چونکە (یەقین)ەکەیان ڕاست نەبوو، بەرەو هەق و ڕاستی نەبردن، لە قورئاندا هاتووە : ﴿الَّذِينَ آتَيْنَاهُمُ الْكِتَابَ يَعْرِفُونَهُ كَمَا يَعْرِفُونَ أَبْنَاءَهُمْ ۖ وَإِنَّ فَرِيقًا مِنْهُمْ لَيَكْتُمُونَ الْحَقَّ وَهُمْ يَعْلَمُونَ﴾
واتە: ❨ئه‌وانه‌ی كتێبمان پێ به‌خشیوون پێغه‌مبه‌ر(ﷺ) ده‌ناسن هه‌روه‌ك چۆن نه‌وه‌كانی خۆیان ده‌ناسن، بێگومان ده‌سته‌یه‌ك له‌وان ئه‌و ڕاستییه ده‌شارنه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌شزانن محمد (ﷺ) فرستاده‌ی خوایه‌❩.
(سورەتی البقرة, ئایەتی 146)

ئەو جۆرە یەقینە خراپەو پێچەوانەکەشی کە ❪یەقینی صادق❫ە زۆر گرینگە، بۆیە پێغەمبەری خوداﷺ دوعای دەکردوو دەیفەرموو﴿ اللهم اني أسلك ایماناََ كاملاََ ویقیناََ صادقاََ﴾.

واتە: ❨خودایە من داوای ئیمانێکی تەواو و یەقینێکی ڕاستت لێدەکەم❩.
هەروەها دەیفەرموو: ﴿پەروەردیگارا یەقینێکمان بدەرێ کە دەرد و مەینەتی و بەڵای دنیامان لەسەر سوک بکات﴾.

۳❫یەقینی
❪گومان❫

یەقینێک هەر بە گومان سەیری دەکەین هەر ڕاستیەکیش بێت وەک گومان دەیبینیت، وەک یەقینی مرۆڤ بە مردن، ڕۆژانە خەڵک دەبینین یان دەبیستین کە دەمرن، وە چاکیش دەزانین سەرەی ئێمەش دێت و دەمرین کەچی هەر دەڵێی یەقینەکە گومانە و نایگرینە خۆمان و بیرمان دەچێتەوە. پێغەمبەری خودا دەفەرمووێت: ⦅ ما رأیت یقیناََ اشبه بالشك كیقین الانسان بالموت❫. واتە: ❨هیچ یەقینێکم نەدیوە لە گومان بچێت، وەک یەقینی مرۆڤ بە مردن❩،《ضعیف موقوف حلیة الاولیاء  ج۲/ص٥۹》.

٭ تێبینی: مردنیش بۆ خۆی یەقینە هەروەک لە قورئاندا هاتووە: ﴿وَاعْبُدْ رَبَّكَ حَتَّىٰ يَأْتِيَكَ الْيَقِينُ﴾
واتە:【به‌رده‌وامیش په‌روه‌ردگارت بپه‌رسته هه‌تا مردن یه‌خه‌ت پێده‌گرێت ( ئه‌و کاته ئیتر به‌یه‌ك جاریی ڕزگارت ده‌بێت له هه‌موو ناخۆشیه‌کان】.
❨سورەتی الحجر, ئایەتی 99❩

٤❫
⦅حق الیقین⦆

لە قورئاندا هاتووە: {فَنُزُلٌ مِنْ حَمِيمٍ*وَتَصْلِيَةُ جَحِيمٍ*إِنَّ هَٰذَا لَهُوَ حَقُّ الْيَقِينِ}
واتە:❨به‌ئاوی له‌کوڵ پێشوازیی لێ ده‌کات٭ده‌گه‌یه‌نرێته دۆزه‌خ٭به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی که‌باسمان کرد حه‌قیقه‌ت و ڕاسته‌قینه‌یه و دوور له‌گومان❩.
〖سورەتی الواقعة، ئایەتی ۹۳-۹٥〗
چونکە لە زانینەکەی و دەنگ و باسەکەیدا دودڵیەک بووبێت، یان لە بینینەکەیدا چاویان بەچاکی نەبینێ و گومانێکی کەمیان هەر مابێت، بەڵام کە چوونە ناو دۆزەخەوە مسقاڵە زەڕیەک گومانیان نامێنێ و دەبێ بەیەقینی هەق و تەواوی لە سەدا سەد.

Comments