چۆن بتوانی توڕەیت کۆنتڕۆڵ بکەیت ؟

 

چۆن بتوانی توڕەیت كۆنتڕۆل بكەی؟

ئاشكرایە كە كۆنتڕۆڵكردنی توڕەیی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی هەر یەكێك لە ئێمە بتوانێت ژیانێكی تەندروست و بەرهەمداری هەبێت. چونكە هەندێك كات لەوانەیە توڕەیمان لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت و ببێتە هۆی ئەوەی كۆنتڕۆڵمان بەسەر خودی خۆمان و بڕیارەكانمان نەمێنێت. كە ئەكگەر ئەوەش ڕووبدات ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیەكانمان لەگەڵ دەوروبەر بشێوێنێت وە یانیش كار و ئیشكان لەدەست بدەین وە یاخود بە خراپی كار لە تەندروستیمان بكات.

خۆشبەختانە, زۆر ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بتوانین فێری چۆنیەتی كۆنتڕۆڵكردن و ڕێكخستنی توڕەیممان ببین و لێرەدا چەند تێبینی و تەكنیكێك باس ئەكەین.

توڕەیی چیە؟

هەموومان توڕە ئەبین, بەڵام ئایە بەڕاستی دەزانین چی ڕوو ئەدات و چی دەبێتە هۆی ئەو هەڵچوونە لە هەست و بیركردنەوەدا؟ توڕەیی هەستێكی زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی وا لە كەسێك بكات هەست بە نا ئاسوودەیی و دوژمنایەتی وە ڕق و كینە بەرامبەر كەسێك یان شتێك  وە یاخود حاڵ و بارودۆخێك بكات وە زۆر كاتیش هاوشانە لەگەڵ پێوسیتی و هەستێك بۆ ئەوەی زیان بەگەیەنێت بەو هۆكارەی بۆتە هۆی توڕەبوونی. توڕەیی تێكەڵەیەكە لە بیركردنەوە و هەست وە ڕەفتار, كاتێك وا بیرئەكەیەوە كە زۆر بە توندی بێزاربوویتە بە حاڵ و بارودۆخێكی دیاریكراو وە یاخود ڕەفتارە نەشیاوەكانی كەسانی تر.

زۆربەی شارەزایانی بواری تەندروستی دەروونی هاوڕان لەوەی كە توڕەبوون شتێكی ئاساییە و پێویستیشە بۆ مرۆڤەكان. شتێكی پێویستە بۆ مانەوەمان و سەلامەتیمان كاتێك لە ژێر هەڕەشەیەك داین و پێویست بێت بەرگری لە خودی خۆمان بكەین.

لەلایەكی ترەوە, كاتێك لە كۆنتڕۆڵ دەرئەچێت, توڕەیی دەكرێت وێرانكەر بێت و ببێتە هۆی كێشەی بەردەوام. نە شتێكی بەسوودە و نە گونجاویشە توڕەیی بڕژێت بەسەر كەسێكدا یان شتێكدا كە توڕە یان بێزارمان ئەكات. هەرچەندە زۆربەمان دەكرێت چەندان پڕۆسە و ڕێگای جیاواز جیاواز بەكاربێنین بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ توڕەییمان بكەین, بەڵام بەگشتی سێ جۆر ڕێگای سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی توڕەیی بكەین:

دەربڕینی توڕەیی -

سەركوتكردنی توڕەیی -

ئارامكردنەوەی توڕەیی -





دەربڕینی توڕەیی:

دەربڕینی هەستی توڕەبوون هەندێك جار پێویست و تەندروستە. بەڵام زۆر پێویستە بە شێوەیەكی هۆشمەندانە بۆ هەست و بوونی كەسانی دەوروبەر دەری ببڕین نەك بەشێوەیەكی توندڕەو و بێ گرنگی دانی پێویست بە هەست و بوونی كەسانی تر. پێویستە ئەوەی پێویستە دەریببڕی بەبێ شكاندنەوەی كەسانی تر. نابێت ڕێگە بدرێت كۆنتڕڵ لەدەست دەربچێت و بە ڕق و كینە وە توندڕەویی بێت چونكە نەك تەنها ئەوە وادەكات كەسانی تر بخاتە حاڵەتی بەرگری كردن لە خۆیان, بەڵكو دۆخەكە زۆر دژوارتر و ئاڵۆزتر ئەكات. وە بەهەمان شێوە, ئەوە وادەكات لە جیاتی ئەوەی ئەنجامێكی بەسوودی هەبێت, دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵك و كەسانی دەوروبەرت لێت بەدوور بن و شیرازەی كۆمەڵایەتیت دەشێوێت. ئاشكرایە دەربڕینی توڕەیی بە شێوەیەكی توندڕەوانە وادەكات پەیوەندیەكان وێران بن چ پەیوەندی شەخسی بێت یان پیشەیی.

سەركوتكردنی توڕەیی:

دەكرێت توڕەیی سەركوتبكرێت یان بگۆڕدرێت وە یانیش ئاراستەبكرێتەوە. ئەوەش كاتێك ڕووئەدات كە توڕەیت لەناخت هێشتبێتەوە و بەدەرنەخراوە. لەم حاڵەتەدا هەوڵبدە بیری لێنەكەیتەوە وە یانیش تەركیز بخە سەر شتێكی تر. هەرچەندە ئەم جۆرە كاردانەوەیە دەكرێت زۆریش زیانبەخش بێت لەوەی كاتێك ڕێگە نادرێت دەرببڕدرێت و لەو حاڵەتە دەكرێت زیانی هەبێت بۆت. فرۆید بیردۆزێكی هەیە بە ناوی بیردۆزی هایدرۆلیكی كە دەڵێت ئەو توڕەیە یاخود هەر هەستێكی تر ڕوو لە زیادبوون ئەبێت لە هێز و توندیەكەیدا هەروەك چۆن ئاو لە ژێر پەستانی زۆردا هێزی زیاتر لە خۆی هەڵئەگرێت, ئەگەر ئەو هەستانە سەركوتبكرێن. بۆیە ئەگەر ڕێگایەكی گونجاو نەدۆزیەوە بۆ ئەوەی توڕەیەكە بێتە دەرەوە ئەوا لەوانەیە زیانێكی گەورە بەر خودی خۆت بكەوێت. لە ڕاستیدا ئەو توڕەیەییەی كە سەركوتئەكرێت دەتوانێت ببێتە هۆی پەستانی بەرزی خوێن و خەمۆكی زۆر. ئەو توڕەییەی كە سەركوتئەكرێت دەكرێت ببێتە هۆی ئەوەی دەربڕین و نەخۆشی پاسالوجی وەكو رەفتاری توندڕەوی شاراوەیی یان یەجگار زۆر ڕەخنەگر بێت كەسەكە یانیش زۆر گاڵتەجار بێت وە یان زۆر نەرێنی بێت. وە دووبارە ئەوە وادەكات ببێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان لاواز بێت و ژیان پڕ نارەحەتی بێت بۆت.

ئارامكردنەوەی توڕەیی:

بێگومان لە كۆتایدا ئامانج لە مامەڵەكردن لەگەڵ توڕەیی ئەوەیە كە فێرببیت چۆن ئەو توڕەییە ئارام بكەینەوە. ئەوەش دەكرێت زۆر بەكارامەیی بكرێت لە ڕێگای بەكارهێنانی كۆمەڵێك ستراتیجی فیزیكی و مەعریفی پێكەوە.







تەكنیكەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ توڕەییدا:

پشوو وەربگرە: 

تەكنیكی زۆر هەیە بۆ پشوو وەرگرتن, وەكو هەناسەدانی قوڵ یان وێناكردن كە دەتوانێت یارمەتی دەر بێت لە ئارامكردنەوەی هەستی توڕەیی. ئەگەریش ویاتر حەزت بە ڕێگایەكی فیزیكی هەیە دەتوانی بچی بۆ پیاسەكردن, یان وەرزش بكەی, سەرت سووڕدەمێنێت كە چەندە سوودی دەبێًت ئەم ڕێگایە.

كێشەكە چارەسەر بكە:

هەندێك كات توڕەیی و بێزاربوون بەهۆی كێشەی ڕاستەقینە و حەتمیەوەیە لە ژیان. لە جیاتی ئەوەی وابكەین بكەوینە ژێر كاریگەری بارودۆخە بێهیوایی و سڕ بوون , دەكرێت ڕێگایەكی مەعریفی بەكاربێت بۆ ئەوەی كێشەكە چارەسەر بكرێت. وە هەروەها تێگەشتن لەوەی كە توڕەبوون هیچ شتێك چارەسەر ناكات و زۆركات دەبێتەوە هۆی ئەوەی حاڵی دەروونیت خراپتر بێت, وابكات كە یارمەتیت بدات كێشەكە چارە بكەی و تێی بپەڕێنی.

توانای گفتوگۆكردنت باشتر بكە:

زۆر جار كاتێك لە مناقەشەیەك دادەبین زیاتر خۆمان توشی كێشە ئەكەین بەوەی كە خێرابیر لە  یەكەم قسەی ناخۆش و بە ئازار ئەكەینەوە بۆ ئەوەی بەكەسی بەرامبەری بڵین و خۆمان زاڵ بكەین. تەنها ئەگەر ساتێك بوەستین و گوێبگرین لەوەی ئایە كەسی بەرامبەرمان بیر لە چی ئەكاتەوە و چی هەیە بۆ گوتن سەبارەت بەو شتەی كە دەمانەوێن ئەنجامی بدەین, بەم شێوەیە خۆمان لە توڕەبوونی بێ هوودە و بەفیڕۆدانی كات و وزە دەپاراست. توانایەكی باشی گفتوگۆكردن پێویستی بە گوێگرتن و بیركردنەوە و كاردانەوە هەیە بۆ خودی كێشەكان نەك بۆ هەستەكان وەكو هەستی توڕەبوون.




















ژینگەكەت بگۆڕە:

هەندێك جار كاتێك تووشی توڕەبوون ئەبیت, بیرۆكەیەكی باشە ئەگەر دووربكەویتەوە لەو ژینگەی تێیدایت بۆ ماوەیەكی كەم. چونكە گۆڕان لە دیمەنەكان دەكرێت زۆریش بەباشی یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی حاڵت باشتر بكات و تێڕوانینت بگۆڕێت. وە ئەوەش بەسەر زۆربەی هەستەكانی تر جێبەجێ دەبێت بەخەمان شێوە ئەگەر زانیت بەهۆیانەوە لە ناڕەحەتی دایت. پشوویەك وەربگرە. شوێنەكە جێ بێڵە و شتێكی جیاواز بكە و خۆتی پێ سەرقاڵ بكە. چونكە كاتێك دەگەڕێیتەوە بۆ ئەو كێشەییەی كە وای كرد سەرەتا توڕە بیت و بێزار بیت, دەكرێت بتوانی بە ئاسوودەتر و ئەرێنی لێی بڕوانیت ئەم جارە.

هەروەك ئێستا خوێنتەەوە توڕەبوون هەستێكی ئاسایە و پێویستیشە بۆ ئەوەی بەسەلامەت بمێنیتەوە هەندێك جار, بەڵام ئەگەر لە سنووری خۆی تێپەڕی و بە هەڕەمەكی بوو ئەو كات دەكرێت شتێكی زیانبەخش بێت هەم بۆ خۆت خەم بۆ دەوروبەرت. لەكۆتایدا ئەگەر فێرببین چۆن بەباشی توڕەییمان ڕێكبخەین ئەوا ئەو توڕەیە ناتوانێت كۆنتڕۆڵمان بكات و بەڵكو و بەخودی خۆمان كۆنتڕۆڵی دەكەین.

Comments