ئادەم و حەوا لەنێوان ئەفسانەو هەقیقەتدا



ئادەم و حەوا لەنێوان ئەفسانەو هەقیقەتدا
هەندێک لە مرۆڤەکان زۆرێک لە بابەتە گرنگەکانی ژیان و ئەم بوونە پشتگوێ دەخەن و پرسیاری لێ ناکەن و لێکۆڵینەوە و تێڕامان ناکەن ، بەڵام بابەتێکی گرنگ هەیە کە پێ ناچێت بەدرێژای مێژوو و ئێستا و داهاتووش هیچ مرۆڤێک پشتگوێی بخات و ئەگەر بۆ جارێکیش بووبێت پرسیویەتی و بیری لێ کردووەتەوە ، ئەو پرسیارەش ئەمە بووە :


ڕەچەڵەکی مرۆڤ چییە ؟ بەمانایەکی تر ئێمە کێین و لە کوێوە هاتووین ؟ 
بەڵێ ، ئەمە ئەو پرسیارە بووە زۆر تا کەم هەموو مرۆڤەکان بەهەموو ئاست و پلەکانیەوە پرسیویانە ، بۆ ئەم مەبەستەش سێ دانە بواری گرنگ هەوڵیداوە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە ، ئەوانیش بریتین لە :
ئاین ، زانست و فەلسەفە
ئەم سێ بوارە هەمیشە مرۆڤ بەکاریهێناوە وەک ڕێگایەک بۆ تێگەیشتن لە گەردوون و ژیان و پرسیارە وجودیەکان و تیشیاندا ئەم پرسیارەی کە ڕەچەڵەکی مرۆڤ چییە؟
...
ئاین و بەتایبەت سێ ئاینە ئیبراهیمیەکە کە بریتین لە:
ئیسلام ، یەهودیەت و مەسیحیەت ، ڕەچەڵەکی مرۆڤایەتی دەگەڕێننەوە بۆ جووتێک مرۆڤ کە بە ئادەم و حەوا ناسراون و خودا خەلقی کردوون و ڕێزی لێ ناون و ئەرکی ئاوەدانکردنەوەی زەوی و ئەمانەتی ئیلاهی خستۆتە سەر شانیان و نەوەکانیان .(تێبینی : قورئان ناوی هاوسەری ئادەمی نەهێناوە بە حەوا بەڵکو تەنها بە هاوسەرەکەی باسی کردووە)
بەڵام لێرەدا بابەتەکە کۆتای نایەت ، و چەند پرسیارێکی تر دروستدەبن ، ئایا ئادەم یەکەم مرۆڤی ڕەهایە ؟ یاخوود پێش ئادەم مرۆڤی تر هەبووە؟ 
لێرەدا دوو تەفسیر دروستبووە ، هەندێک دەڵێن ئادەم یەکەم مرۆڤە و پێش ئەو هیچ مرۆڤێکی تر نەبووە لەسەر ئەم زەویییەدا ، ئەم ڕایە زیاتر لەناو خەڵکی ئاسایدا بوونی هەیە کە گرنگی و لێکۆڵینەوە نادەن بەو باسە ، ڕای دووەمیش دەوترێ کە ئادەم یەکەم مرۆڤ نییە و هەزارەها مرۆڤی تر بوونی هەبووە پێش ئادەم ، ئەم ڕایەش زیاتر لەناو موفەسیران و کەسانی ئەکادیمیدا هەن چ لەڕابردوو و چ لەئێستەدا.
...
تێبینی: لە قورئاندا نەک تەنها هیچ ئایەتێک بوونی نییە دژی بوونی مرۆڤی پێش ئادەم بەڵکو چەندین ئایەت هەن کەپشتگیری ئەو ڕایە دەکەن کە بەڵێ مرۆڤ پێش ئادەم هەبووە ، جا بۆیە موفەسیرانی کۆنیش درکیان بەمەکردووە و باسیان لە مرۆڤی پێش ئادەم کردووە ، 
بۆ نمونە ئەم ئایەتە 
هَلْ أَتَىٰ عَلَى الْإِنسَانِ حِينٌ مِّنَ الدَّهْرِ لَمْ يَكُن شَيْئًا مَّذْكُورًا (1) سورة الانسان 
واتا :بەدڵنیایەوە سەردەم و کاتێکی زۆر بەسەر مرۆڤدا تێپەڕی کە شتێک نەبوو شایستەی باسکردن بێت.
...
یەکێک لەو تەفسیرانەی ئایەتەکە هەڵیدەگرێ ئەوەیە ، کە مرۆڤ پێش ئادەم هەبووە بەڵام ڕۆحی پێدا نەکراوە و ئەرکی خەلیفایەتیشی پێ نەسپێردراوە و شایستەی باس نەبووە.
...
یاخوود ئەم ئایەتە
وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً ۖ قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَن يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ ۖ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ (30)
سورة البقرة
واتا : لە کاتێکی چاوەڕواننەکراودا پەروەردگاری تۆ بەفریشتەکانی وت من ئەمەوێ جێنشینێک لەسەر زەوی بسازێنم ، فریشتەکان وتیان ئایا تۆ لەزەویدا کەسێک دائەنێیت خراپەکاری بکات و خوێنی تێدا بڕژێنێ ؟
وە ئێمە پاک ڕاتئەگرین و ستایشت دەکەین ؟ خوا فەرمووی ئەوەی من ئەیزانم ئێوە نایزانن.
...
یەکێک لەو تەفسیرانەی ئایەتەکە هەڵیدەگرێ ئەوەیە کە فریشتەکان مرۆڤی تریان بینیوە پێش ئادەم ئەگینا علمی غەیبیان لانییە ئەوان تا بزانن مرۆڤ لە داهاتوودا خوێنڕێژی دەکات بۆیە دەبێت مرۆڤی تر بوونی هەبووبێت
...
یاخوود ئەم ئایەتە
إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَىٰ آدَمَ وَنُوحًا وَآلَ إِبْرَاهِيمَ وَآلَ عِمْرَانَ عَلَى الْعَالَمِينَ (33) ذُرِّيَّةً بَعْضُهَا مِن بَعْضٍ ۗ وَاللَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ (34) 
سورة ال عمران
واتا : بەدڵنیایەوە خوا ئادەم و نوح و بنەماڵەی ئیبراهیم و بنەماڵەی عیمرانی لەناو مرۆڤەکاندا هەڵبژاردووە بەسەر هەموو جیهانەکاندا ، وەچەیەکن یەک لە ئەویتریان ئەچێت و خواش بیسەر و زانایە.
...
دەبینین خودا نوح و بنەماڵەی ئیبراهیم و عیمرانی هەڵبژاردووە لەناو مرۆڤەکان ، ئێ دەبێت ئادەمیش هەرلەناو مرۆڤدا هەڵبژێردرابێت بۆیە مرۆڤ پێش ئادەم هەبووە.
....
ئەمە تەنها سێ ئایەت بوون بەکورتی باسم کرد ، بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەم باسە و تێگەیشتنی باشتر هیوادارم ئەم کتێبە بخوێننەوە بەناوی ئایا ئادەم یەکەم مرۆڤ بووە ؟ نوسەرەکەی مامۆستای بەڕێز ئیکرام کەریمە کە زۆر بەجوانی ئایەتەکان و فەرموودەکانی شیکار کردووە و وەڵامی هەندێ ڕەخنەی داوەتەوە کە پێیان وایە ئەم تەفسیرە هەڵەیە کە کردوومانە دەربارەی بوونی مرۆڤی پێش ئادەم.
جا ئەوەی کە ڕوونە مرۆڤایەتی بەگشتی باوەڕی وابووە کە دوو کەسی گرنگ هەن وەک باوانی مرۆڤایەتی کە ئادەم و حەوان ، بەڵام لەم چەن ساڵانەی ئەخیرەدا چەن گومانێک خرانە سەر بوونی کەسایەتی ئادەم و حەوا ، ئەم گومانانەش لە زانستی بایلۆجی و جیناتەوە ڕەچەڵەکی گرتبوو لە ڕواڵەتدا ، وە زۆرجار ئەبینین مادیگەراکان ئەم گومانە فرێ دەدەن بەڕووی ئایندارەکان ، گومانەکەش بەکورتی ئەمەیە :
هەمەجۆریەکی زۆر بوونی هەیە لەجیناتی مرۆڤەکانی ئەمڕۆدا(genetic diversity)، جا چۆن دەبێت هەموو مرۆڤایەتی لە جووتێک مرۆڤەوە هاتبن ؟ بۆیە دەبێت مرۆڤایەتی بەلایەنی کەم لەچەند هەزار کەسێکەوە هاتبێت ، وە ئەمەش مانای ئەوەیە چیرۆکی ئادەم و حەوا یاخوود جوتێ مرۆڤ ئەفسانەیە.
...
پێش ئەوەی گومانەکە لەڕووی زانستیەوە باس بکەین و بەزانست وەڵامیشی بدەینەوە کە بوونی ئادەم و حەوا ئەفسانە نییە و نەک زانست ناتوانێ لەدژی بێت بەڵکو ئەکرێ پشتگیریشی بکات ، ئەوا بەپێویستی دەزانم هەندێ ڕوونکردنەوە بدەین وەک موسڵمانێک.
...
لە ئیسلامدا
هیچ دەقێکی ڕاست بوونی نییە بڵێ ئادەم یەکەم مرۆڤە و مرۆڤی تر پێش ئادەم بوونی نەبووە بەڵکو تەنانەت دەق هەیە پشتگیری ئەو ڕایە دەکات کە مرۆڤی تر پێش ئادەم هەبووە.
هیچ دەقێکی ڕاست بوونی نییە بڵێت کچ و کوڕەکانی ئادەم و حەوا هاوسەرگیریان لەگەڵ یەکتری کردووە.
.
لەم دوو خاڵەوە ئەگەینە ئەوەی کە بەڵێ دەکرێ کوڕ و کچەکانی ئادەم هاوسەرگیریان لەگەڵ مرۆڤەکانی تر کردبێت و بەو شێوەش مرۆڤایەتی زیادی کردووە و نەوەکانی ئادەم بەربڵاوبوونەتەوە بەزەویدا و لەم حاڵەشدا ئاساییە کە مرۆڤایەتی هەمەجۆری لەجیناتیاندا هەبێت واتا ئەگەر زانست بەڵگەیەکی ئەزموونی هەبێت (هەرچەندە بەڵگەی وابوونی نییە) کە مرۆڤایەتی تەنها لە دوو کەسەوە نەهاتووە ئەوا ئێمە وەک موسڵمان بەلامانەوە ئاساییە و ئەوەی گرنگە ئادەم باوکە گەورەمانە. 
...
بەڵام ئێستا ئێمە با وادابنێنین ئادەم و حەوا یەکەم مرۆڤن و مرۆڤی تر پێش ئەوان بوونی نەبووە واتا هەموو مرۆڤایەتی تەنها ئەگەڕێنینەوە سەر ئەو دوانە ، ئایا زانست پشتگیری ئەم ڕایە دەکات ؟ یاخوود دژیەتی ؟ لەم لینکەوە خوێنەر بن:


کۆتا قسە ئەوەیە هیچ بەڵگەیەکی ڕاستی زانستی بوونی نییە لەدژی ئادەم و حەوا و تەنانەت بەڵگەش هەیە بۆ بوونیان وەک ئەو توێژینەوەیە، ئەمە بۆ حاڵەتێک ئەگەر مرۆڤی تر بوونیان نەبووبێ پێش ئادەم، وە ئەگەر مرۆڤی تریش بوونی هەبووبێ پێش ئادەم ئاوا دیسان هیچ کێشەمان نییە.
...

Comments