بۆچی میتافیزیک گرنگە بیخوێنیت؟



بۆچی میتافیزیک گرنگە بیخوێنیت؟ 


میتافیزیک لقێکی فەلسەفەیە کە ئەکۆڵێتەوە لە سروشتی حەقیقەت لە بنچینەترین لایەنەکانیەوە: بوون، پەیوەندی بەش و گشت، بۆشایی، کات، هۆکارێتی، شیاوێتی و پێویستێتی، لێکچوون و نالێکچوون.

واتا ئەتوانین بڵێین کەسی میتافیزکزان دەکۆڵێتەوە لە بوون و پێکهاتەی ڕاستەقینەی جیهان و چۆن بەشەکان پەیوەستن بەیەکەوە. 


جا بۆچی پێویستە میتافیزیک بخوێنرێت؟

هەر لە پێناسەکەی سەرەوە ئەتوانین بزانین بۆ گرنگە، بۆ نمونە میتافیزیک ئەکۆڵێتەوە لە سروشتی هۆکارێتی، ئایا هۆکار چییە؟ پەیوەندی چییە بە کاریگەرییەوە؟ تێڕوانینە جیاوازەکان چین دەربارەی هۆکارێتی؟ یان بابەتی کات  وەربگرین، ئایا سروشتی کات چییە؟ کام تێڕوانینی کات بەهێزترینە؟ ئایا کات تێدەپەڕێت؟ ئایا ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو جیاوازیەکی بنچینەییان هەیە یاخوود نا؟ جا چەندین هۆکار هەن بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بەڵام ئەگەر بەدرێژتر لەسەر هۆکارێکیان بنوسین ئەویش پەیوەندی میتافیزیکە بە زەمینەی زانستەوە.


زانستە سروشتیەکان بێگومان زانیاری باشیان پێداوین دەربارەی سروشت، جا ڕەنگە بوترێت بۆچی میتافیزیک ئەنجام بدرێت؟ 

لە وەڵامدا ئەتوانرێت بوترێت خودی ئەو سەرکەوتنەی زانست پرسیاری میتافیزیکی ئەروژێنێت، بۆ نمونە یاساکانی سروشت چین؟ ئایا مەرجدارن یان پێویست؟ ئایا لێکدانەوەی یاساکانی سروشت چین؟ یان ئایا بۆشایی و کات بەشێوەیەکی بێکۆتا دابەش ئەبن یان نا؟ ئایا تەنۆلکەی بنچینەی بوونی هەیە یاخوود تەنۆلکەی وردتریش هەیە؟ ئایا کات سەرەتای هەیە یان نا؟ ئایا جیاکاریەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو ڕاستن؟ 

بیردۆزە زانستیەکان عادەتەن وەڵامی ئەم پرسیارانە نادەن بەدەستەوە، ئەم پرسیارانە وەڵامی فەلسەفیان پێویستە گەرچی سوود لە زانست دەبینن بۆ وەڵامدانەوەیان. 


سەرچاوە:

Koons, Robert & Pickavance, Timothy. (2017). The Atlas of Reality: A Comprehensive Guide to Metaphysics. 10.1002/9781119116257. 


Comments

  1. Anonymous5/05/2024

    دەستان خۆش بابەتێ زۆۆر گرنگە مێتافیزیکی ئەرستۆ تالیس جوانترین شیکردنەوەی کردوە و بە کوردیش هەیە .

    ReplyDelete