بۆچی ئاسمان لە شەودا تاریكە؟
بۆچی ئاسمان لە شەودا تاریکە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر لەوە قوڵتر و ئاڵۆزترە لەوەی دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا بۆ وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە نزیکەی 200 ساڵ لە بیردۆزدانان وە پەرەپێدانی بیردۆزی ڕێژەیی گشتی بووە.
لەڕۆژدا ڕووناکی خۆر هەموو بەرگەهەوای زەوی دەگرێتەوە و بڵاوئەبێتەوە بەهەموو ئاراستەیەکدا چونکە بەرگەهەوای زەوی ڕێگە بەتێپەڕبوونی ڕووناکی ئەدات، چ بە ڕێگای بەرکەوتن بێت چ بە ڕێگای دانەوەی ڕووناکی لەهەموو ڕوویەکەوە ڕووناکیمان پێئەگات و دەیبینین ، بەڵام لەشەواندا کە تیشکی خۆر بەر بەرگەهەوا ناکەوێت بۆیەش تاریک دەردەکەوێت لە هەرشوێنک کە خاڵێکی ڕووناکی وەکو ئەستێرە یان هەسارە و مانگ و.. هتر لێنەبێت.
لە سەرەتادا زانایان سێ گریمانەیان دەربارەی گەردوون دانابوو کە ئەوانیش بریتیبوون لەوەی کە: گەردوون قەبارەکەی بێکۆتایە، چوونیەکە وە هەروەها جێگیر و نەگۆڕیشە.
بەڵام فیزیازانی ئەڵمانی هێنریچ ولیام ئۆلبێر Heinrich Wilhelm Olbers لە ساڵی 1823 بەم شێوەییە مەتەڵێکی خستە ڕوو: ئەگەر گەردوون قەبارەکەی بێکۆتا بێت و ئەستێرە یان گەلەئەستێرەکان بەهەموو ئەو گەردوونە بێکۆتایە بڵاوبووبێتنەوە واتە گەردوون چوونیەک بێت وە هەروەها هیچ گۆڕانێکیش بەسەر سیستەمی گەردووندا نەیەت، کەواتە بەدڵنیایەوە دەبێت بەلایەنی کەم ئەستێرەیەک ببینین کاتێک سەیری هەر ئاراستەیەکی ئاسمان بکەین، لە ئەنجامدا ئاسمانی شەو دەبووایە درەوشاوە و پڕشنگداربێت، بەڵام بۆچی وانییە؟
ئەمە بە پاڕادۆکسی ئۆلبێر ناسراوە Olber's paradox کە چەندین هەوڵداروە بۆ بەدۆزینەوەی وڵامێکی ڕاست بۆ ئەم مەتەڵە. دەبینین کە ئەگەر گەردوون بێکۆتابێت ئایە نەدەبوو ئەگەر لەسەر زەوی سەیری هەر لایەکی ئاسمانامان کردبایە، ئەوا دەبوو ئەستێرەیەکمان بینیبا وە تەنانەت بەبەکارهێنانی تەلیسکۆبەکانیش دەبوو زۆر زیاترمان لێ دیاربووایە چونکە گەردوون دەکرێت تریلیۆنان گەلەئەستێرەی لەخۆ گرتبێت، کەواتە بۆچی سەرجەمی ڕووناکیەکانیان پێکەوە ئاسمان ڕووناک و پڕشنگدار ناکەن؟
بۆنموونە هەروەک چۆن لەم وێنە جوڵاوەدا دەردەکەوێت کە کاتێک ئەستێرە دوورەکان زیاتر و زیاتر بەدەربکەون ئەوا بەرە بەرە بۆشایی و کەلێنەکانی نێوان ئەستێرە نزیکەکان لەیەکتری پڕ ئەکەنەوە و سەرجەمی وادەکات کە ئاسمان پڕشنگدار بەدەربکەوێت.
وە لەڕاستیدا خودی تاریکایی ئاسمانی شەو یەکێکە لە بەڵگەکان لەسەر ناجێگیری و داینامیک بوونی گەردوون. و هەروەها بیردۆزی تەقینەوە مەزنەکە ئەوەمان بۆ ڕوون ئەکاتەوە کە ئەو ناچوونیەکەی لە ڕووناکی دەیبینین لە ئاسمانی شەودا بەهۆی کشانی کاتشوێنەوەیە و گەردوون وەستا و جێگیر نیە.
یەکێک لە وڵامە زۆر بەربڵاوەکان ئەوەیە کە بەهۆی ئەو تۆزە چڕ و زۆرەی لە نێوان ئەستێرەکان و تەنانەت گەلەئەستێرەکانیش هەیە وەکو بەربەستێکن بۆ ڕووناکییە زۆر دوورەکان کە وادەکات ئاسمان تاریک بێت، کەچی لە ڕاستیدا ئەو ڕووناکیەی بەر تەپوتۆزەکان ئەکەوێت وادەکات پلەی گەرمیان بەرزبێتەوە بەوەش وادەکات کە بدرەوشێنەوە، تەنانەت بە بەقەد سەرچاوی بنەڕەتی ڕووناکیەکە.
یەکێکی تر لە وڵامە بەربڵاوەکان ئەوەیە کە مادام ڕووناکی گەلەئەستێرە دوورەکان بەبڕێکی زۆر دیاردەی لادانی سووریان red shift بەسەرهاتووە، وای کردووە کە ڕووناکیەکانیان لە سنوری ڕووناکی بینراو دەربچێت و بگاتە سنوری شەپۆلە درێژترەکان کە بەشەپۆلی ژێرسوور ناسراون کە ئەو شەپۆلانە بینراونین بۆ ئێمە.
بەڵام ئەگەر ئەم وڵامە ڕاست بوایە ئەوا دەبوو درێژەشەپۆلە کورتەکانی ڕووناکی کە بە شەپۆلی سەرووبنەوشەی ناسراون لابدەن بۆ بواری ڕووناکی بینراو و بمان توانیایە بیان بینین، کەچی ئەوە ڕوانادات بۆیەش ئەم وڵامەش بەوڵامێکی گونجاو و و دروست هەژمارنەکراوە.
باشترین وەڵام بۆ ئەم پاڕادۆکسە لە ئێستادا ئەوەیە کە هەرچەندە تەواوی گەردوون ژمارەیەکی بێشومار ئەستێرە و گەلەئەستێرەی لەخۆ گرتووە هەروەک چۆن لە مۆدێلی cosmic web ڕوونکراوەتەوە بەڵام چونکە ئێمە تەنها بەشێک لە تەواوی ئەو گەردوونە ئەبینین کە پێی ئەڵێن گەردوونی بینراو(observable universe) کە ڕاستە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە و گەلەئەستێرە و.. هتر لەخۆ دەگرێت بەڵام ئەم بڕە هێشتا کەمە بۆئەوەی تەواوی ئاسمان پڕشنگدار بکات لەڕووناکی.
بەڵام خاڵە سەرەکیەکە لێرە ئەوەیە کە کاتێک ڕووناکی ئەستێرە و گەلەئەستێرەکانی دەرەوەی گەردوونی بینراومان پێدەگات دەبێت ئاسمان تەواو پڕشنگدار و درەوشاوە بووایە چونکە قەبارەی گەردوون بەبێکۆتا دادەنرێت و ژمارەی ئەستێرە و گەلەئەستێرەکان تێیدا بەبێکۆتا هەژمار ئەکرێ چونکە زۆرێک لە زانایان ڕایان وایە کە تەواوی گەردوون واتە بەو بەشەی گەردوونی بینراویشەوە بێکۆتایە له قەبارەدا و ژمارەیەکی یەجگار زۆرتر لە ئەستێرە و گەلەئەستێرە و ..هتر لەخۆ دەگرێت لەوەی لەو بەشەی ئێمە دەیبینین.
بەڵام چونکە بۆشایی نێوان گەلەئەسێرەکان لەکشان دایە و جێگیر نیە بۆیەش گەلەئەستێەرکان لەیەکتر دووردەکەونەوە بەرەبەرە و گەردوونی بینراویش لە فراوانبووندایە بۆیەش ئەو گەلەئەستێرە یان هەرتەنێکی تری ئاسمانی لەو بەشەی گەردوونی نەبینراو دایە هەرگیز ڕووناکیەکانیان ناتوانن پێمان بگەن چونکە خێرایی ڕووناکی بەپێی پێویست زۆر نیە تا بەسەر خێرایی کشانی بۆشایی زاڵ ببێت و بەو شێوەش هەرچەندێک ڕووناکیەکە ڕێبکات تا بگات پێمان بەڵام هەرگیز نزیکیشمان نابێتەوە چونکە بەردەوام گەردوون یان بابڵێین بۆشایی لەکشاندایە و دووری نێوان ئێمە و ئەو گەلەئەستێرانە زیاتر ئەکات.
واتە گەردوونی بینراو قەبارەیەکی دیاری کراوی هەیەو تەمەنێکی دیاری کراویشی هەیە و هیچ لەوانە بێکۆتا نین وە هەروەها خێرایی ڕووناکی دیاری کراوە بۆیەش تەنها ژمارەیەکی دیاری کراو لە ئەستێرەکان لە زەویەوە دەکرێت ببینرێن ، بەڵام ئەو بەشەی گەردوون کە لێمان دیار نیە دەکرێت قەبارەکەی بێکۆتا بێت ، بەڵام ئێمە تەنها بەشێک لە تەواوی گەردوون ئەبینین.
Comments