تێڕوانینێکی جوان بۆ سورەتی شەرح
لێرەدا هەوڵئەدەین بەوردی جەخت لەسەر سورەتێکی کورت بکەینەوە لە قورئانی پیرۆزدا، کە تێیدا بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش سەرەڕای ئەوەی کە تەنها چەند ئایەتێکی کورتە بەڵام چەندین وانە و حیکمەتی قوڵ و پڕ بەها لەخۆدەگرێت بۆ ژیانی هەر یەکێمان.
پێدەچێت ئەوەش هەر لە حیکمەتی اللەوە بێت کە هەموو ئەم ئامۆژگاریە بنەڕەتیانە بۆ ژیانمان لە سورەتێکی کورتدا باس بکات تا ئاسان بێت بۆمان لەبەری بکەین و هەمیشە لە هزرمان بێت لە ژیانماندا.
لەم سورەتەدا پەروەرێن وەسفی ڕۆژگارێک دەکات کە پێغمبەرمان (د.خ) تیایدا بە ناخۆشی و زەحمەتی یەجگار زۆرەوە ژیانی دەکرد، لەوکاتەی کە لەسەرەتاکانی گەیاندنی پەیامی اللە دابوو بۆ خەڵکی دەوروبەری.
لەوکاتەدا اللە ئەم سورەتە مەزنەی ئاشکرا کرد بۆی، کە تێیدا بە سەروەرمان دەفەرموێت کە هەر لەسەرەتاوە اللە یاوەری بووە و بەڕەحمی خۆی چاکەی بەسەر ژیانیدا کردووە.
اللە کە لە قورئانی پیرۆزدا لە شوێنی جیاواز جیاوازدا ئاماژەی بەو چاکانەی کردووە بەرامبەری، هەر بۆنموونە لە سورەتێکی تردا دەفەروێت { أَلَمْ يَجِدْكَ يَتِيمًا فَآوَى (6)وَوَجَدَكَ ضَالًّا فَهَدَى (7) وَوَجَدَكَ عَائِلًا فَأَغْنَى (8) }, کە تێیدا اللە ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن پێغمبەرمان (د.خ) بە بێ باوک و دایکی دۆزیەوە و شوێنی مانەوە و ماڵی تری بۆ دابین کرد، وە چۆن ڕێنوێنی کرد و ڕۆشنای خستە دڵیەوە لەکاتێکدا ونبوو و بێ ڕێگا بوو، وە هەروەها چۆن بێ سەروەت و سامان بوو کەچی سەروەت و ئازادی دارایی پێبەخشیت.
بەڵام لەم سورەتەدا اللە جۆرە یاوەری بوون و چاکەیەکی جیاواز باس دەکات بەرامبەری، کە زۆر زیاتر قوڵتر و مەزنترن.
اللە کە دەفەرموێت { أَلَمْ نَشْرَحْ لَكَ صَدْرَكَ }، واتا مەگەر اللە نەبوو کە سینگ و سینەی پێغمبەرمان(د.خ) فراوان کرد، ئینجا لە زمانی عەرەبیدا ئەم دەستەواژەی فراوان بوونی سینگ و سینەیە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە کەسەکە لە حاڵەتێکی ئاسوودەی و ئارامیدا بێت.
دەبینین کە پێغمبەرمان لە دۆخێکی ئاسان و ئاسوودەدا نەبووە ، چونکە خەڵکی بەردەوام تۆمەتی نەشیاویان بۆ هەڵدەبەست و قسەی ناشرینیان بۆ هەڵدەدا، تەنانەت هێرشیشیان دەکردە سەری و ئازاری جەستەییان دەدا، وە کەسە نزیکەکان و خانەوادەکەشی لەماڵ دەریان دەکرد، بەهیچ شێوەیەک ئاسان نەبووە بۆی.
بەڵام اللە دەفەرموێت کە گەورەترین چاکە بەرامبەرمان کردبیت و هەر لەسەرەتای هەموویانەوە ئاماژەی پێدەدات ئەوەیە کە سینەمان بۆ فراوان کردووی واتا ئارامی و ئاشتەوایمان لەناخ و دەروونی تۆدا جێگیر کردووە و ئاڵۆزی دەروونت ناگرێتەوە.
لە ئایەتی دواتردا اللە کە دەفەرموێت{وَوَضَعْنَا عَنْكَ وِزْرَكَ }، باسی دەکات کە ئەو ئارامی و ئاسوودەی ناخی لەچیەوەیە، کە ئەویش لابردنی قورسایی و زەحمەتیە لەسەر شانی پێغمبەرمان(د.خ).
هەرچەندە کە ڕاو و بۆچوون زۆرە لەنێوان زانایان دەربارەی مەبەستی زەحمەتیەکە کە لێرە باس کراوە، بەڵام یەکێک لە ڕاکان ئەوەیە کە سەروەرمان پێش ئەوەی ببێت بە پێغمبەر ، جار جارە لە مەککە و ناو خەڵک بەدوور دەکەوتەوە و بەقوڵی و زۆر بیری دەکردەوە کە بۆچی ناخۆشی و نەهامەتی زۆر هەیە لەم جیهانەدا. کە ڕاهاتبوو بۆچەندین کاتژمێر تا چەندین شەو و ڕۆژ لە ئەشکەوتی حەرا بەسەرببات.
وە اللە لە ڕێگای وشە و ڕستەکانی خۆیەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە و ئەو قورسایی سەر سینە و دەردوونی لەسەر لابرد.
ئەها لێرە دەبینین کە ژیانی هەر یەکێک لە ئێمەش پڕە لە جۆرەها قورسایی و زەحمەتی بەڵام اللە پێمان دەفەروێت کە وشە و ڕستە وە ئامۆژگاریەکانی اللە لابەری قورسایی و نەهامەتیەکانە لە ژیانمان.
وە ڕاستەوخۆ دوای ئەو ئایەتەش اللە عز وجل دەفەرموێت {الَّذِي أَنْقَضَ ظَهْرَكَ (3) وَرَفَعْنَا لَكَ ذِكْرَكَ }
واتا هەمان ئەو زەحمەتی و قورسایانەی لابرد لەسەر شان و سینەی پێغمبەرمان (د.خ) کە ئەوەندە زەحمەت و خەمگین بوون پشتی دادەچەمانەوە لە پای غەم و نارەحەتیدا وە لەگەڵیشدا ناو هێنان و باسکردنی ژیان و کارێکتەرەکەی بۆهەمیشە بەرزڕاگیراوە .
شایەنی باسە کە ئەو وانە و ئاموژگاریانەی ەم سورەتەدا اللە دەیفەرمووێت ، تەنها تایبەت نیە بە پێغمبەرمان (د.خ)، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤەکانە و هەموویان دەتوانن سوودمەند بن لێی.
کە ئەویش {فَإِنَّ مَعَ الْعُسْرِ يُسْرًا }، کە ئەگەر بەشێوەیەکی سادە واتاکەی وەربکڕێن لە زمانی کوردیدا ئەوا ماناکەی بەم شێوە دەبێت: لەگەڵ هەموو زەحمەتیەک، ئاسوودەیی و ئاسانی دێت.
بەڵام ئێستا دەبینین کە ئەگەر ورتر واتاکەی وەربگێڕین چ شتێکی سەرنجڕاکێشمان بۆ دەردەکەوێت کە قوڵترە لەوە.
ئینجا لێرەدا زۆر درێژتر لەوانی تر دەمەوێت بدوێم دەربارەی ئەم ئایەتە دیاریکراوە، تا بزانین چ مانا و بەهایەکی هەیە بۆ هەر هەموومان.
یەکەم شت کە لەم ئایەتەدا تێبینی دەکەین ئەوەیە کە لەڕووی ڕێزمانی عەرەبیدا لەم ڕستەیەدا (مبتداء) یاخود ئەو وشەی کە سەرەتای ڕستەکە دەگەیەنێت برتییە لە وشەی (یسر).
کە ئەوەش واتا جەختکردنەوەکە لەسەر ئەم وشەییە، بۆیەش دەتوانین بڵێین واتای ئایەتەکە دەکرێت بەم شێوەیە بگوترێت کە زۆر وردتر و دروستترە:
هەموو ئاسوودەیی و خۆشبەختیێکی زۆر و گەورە، لەگەڵ زەحمەتیەکانەوە دێت.
لەوەیە بپرسن گرنگی ئەوە چیە جا؟
بەڵام دەبینن کە اللە بە دانایی خۆی دەیەوێت تەرکیز و نیگای ئێمە بخاتە سەر ئاسوودەی و خۆشبەخیتەکانی ژیانمان نەک زەحمەتی و نەهامەتیەکان. وە ئەم ئاسوودەی و خۆشیە لەوەیە زۆر دوای زەحەتیەکە بێت بەڵام اللە پێمان دەفەرمێت بیر و هیواتان لای ئەو ئاسوودەی و خۆشبەختیە بێت کە دواتر بەدەستی دەهێنن نەک ئەم زەحمەتی و نەهاتمەتیە کاتیانەی ئێستا لەحاڵی حازردا تێیدان.
ئینجا دووەم شت کە دەتوانین تێبینی بکەین هەر لەم ئایەتەدا ، ئەوەیە کە وشەی (یسر) لە ڕووی ڕێزمانیەوە ئامرازی (ال) پێوە نیە بۆیەش ناسراو نیە و نەزانراوە(نکرە) ، وە کە شتێکیش نەزانرا و نەناسراو بوو واتا شتەکە زۆر گەورە و فراوان و مەزنە، کەچی وشەی (العسر)، ئامرازەکەی پێوەیە و ناسراو و زانراوە.
واتا ئێمە کە بەهەر زەحمەتیەکدا دەڕۆین لە ژیانمان باش دەزانین کە ئەو زەحمەتیە چیە واتا زانراوە بۆمان بۆنموونە لەوەیە نەهامەتەکی دارایی بێت، یان تەندروستی، یاخود خێزانی.. وهتر.
بەڵام اللە دەفەرموێت ئەو زەحمەتی و نەهامەتیانە یەجگار زۆر بچووکترن لەو ئاسوودەیی و خۆشبەختیانەی کە دێتە سەر ڕێگاتان دواتر، وە ئەو خۆشبەخییەش نەزانرا و نەناسراوە و کەس نازانێت بەچ شێوازێک دێتە سەر ڕێگات وە تەنانەت خۆشت ناتوانی ئەو خۆشبەختی و ئاسوودەیە بناسیتەوە واتا چارەسەری کێشە و نەهامەتیەکانت، واتا لەوەیە اللە چارەسەر و ئاسوودەی بێنێتە سەر ڕێگات و نەجاتت بدات بەشێوازێک بەڵام تۆ کە نازانیت چۆنە و چیە بۆیە نایناسیتەوەو شکی بۆ نایبەت کە چی بوو ئاوا نەجاتی دایت لە نەهامەتیەکانت، واتا بەقەدەر ئەوەی ئێمە توانای ئەوەمان هەیە کێشەکانی ژیانمان دەستەمۆ بکەین، ئەوەندە ئەو توانایەمان نیە کە چارەسەرەکەێ دەستەمۆبکەین و بزانین.
وە کە دواتر پیتی (ان) بەکاردێێن، ئەوا ئامرازێکە بۆ زیاتر دڵنیایی کردنەوە و نەهێشتنی هیج گومان و دوودڵیەک دەربارەی.
بۆنموونە کەسێک کە کێشە و زەحمەتیەکی هەیە ستد لەسەد دڵنیایە کە بەڵێ لەناو ژیانێکی زۆر زەحمەت و ناخۆشدا دەژێت و نەهامەتی هەیە لەژیانی، بەڵام دڵنیا نیە و دوودڵی زۆری هەیە کە ئایە ئەم نەهامەتی و زەحمەتیانەی ژیانی ڕۆژێک دێت کە نەمێنن و چارە بکرێن و ئیدی بۆخۆی ئاسوودە بژێت.
بەڵام اللە دڵنیایی و یەقین دەخاتە پاڵ وشەی ئاسوودەیی و حۆشبەختی لە ئایەتەکەیدا تا بە من و تۆ بفەرمووێت، ئەرێنی بژین و بیربکەنەوە و یەقینتان هەبێت کە ئاسوودەی و خۆشبەختی دێتە ژیانتان و کێشەکانتان چارە دەبێت و ئارام بگرن.
شتێکی تر دەتوانین تێبینی بکەین لێرەدا ، ئەویش ئەوەی اللە نەیفەرمووە (لەدوای) زەحمەتیەکان و نارەحەتیەکان ئاسوودەیەک و خۆشبەختیێک دێت، بەڵکو فەرموویەتی (لەگەڵ) زەحمەتیەکان و نەهامەتیەکان خۆشبەختیێک و ئاسوودەیێکی گەورە هەیە.
لێرەدا بەکارهێنانی ئەم دوو وشەیە جیاوازی گەلێک دروست دەکات، بەڵام لێرەدا تەنیا دوو لەو جیاوازیانە باس دەکەین: یەکەمیان کە دەفەرمووێت (لەگەڵ) زەحمەتیەکان خۆشبەختیێک هەیە، ئەوا مانای وایە کە کاتێک تۆ بەو زەحمەتی و نارەحەتیە دادەڕۆیت لەژیانت، ئەوا ئەم نەهامەتیانە بەتەنیا نین بەڵکو هەمیشە لە دەرگای نەهامەتیەکی گەورەتریان لەسەر داخستووی و سەرەڕای ئەو ناخۆشیانەی پێیدا دەڕۆیت بەهۆیەوە بەڵام هێشتا ئاسوودەتر و خۆشبەختری لەچاو ئەوەی ئەگەر نەهامەتیە گەورەکە ڕوویبدایە و لەو دەرگایەوە ڕۆشتبایت.
واتا هەر لەوەیە خودی ئەم تاکە نەهامەتیە دەرگای بەسەر دەیان نەهامەتی تر داخستبێت و تۆی نەجات دابێت لێیان، وە خودی ئەم کێشە و نەهامەتیانە دەیان دەرگا بۆ چارەسەرێک و خۆشبەختیەکی زۆر گەورەتر پێشنیار دەکەن بۆ ژیانت. من و تۆ ئەم داناییە قوڵە لەوەیە هەموو کاتێک نەبینین لەم حاڵەتانەدا بەڵام اللە دیزانەکەی بۆ ژیان و کێشەکانمان وایە کە بەم شێوەیە شتەکان بەڕێوە بچن.
ئینجا گرنگە کە ئێمە لەم حاڵەتانە دەست نەکەین بە پرسیار و لۆمەکردن بەشێوازێکی ونبووانە و دەست بەستوانە، بۆ نموونە لەوەیە زۆرێک لە ئێمە کە دووجاری حاڵەتی ئاوا دەبێت دەست بکەین بە پرسیارگەلێکی وەک باشە چیم کردووە و چ هەڵەیەکم کردووە ئاوا دووچاری ئەم نەهامەتیانە بوومەتەوە؟! یان بۆچی اللە ڕقی لێمە و نەهامەتیم بەسەر دەبارێنێت؟! وە هەرگیز لێی دەرناچم و ئیدی هەموو ژیانم ئاوا دەبێت! بەڵام اللە پێمان دەفەرمووێت من و تۆ دەبێت مامەڵەیەکی جودا بکەین لەم حاڵەتانەدا ئەویش ئەوەیە کە اللە وا پێمان دەفەرموێت ئەم نەهامەتیانە ڕزگارکەری ئێوەن لە نەهامەتی گەورەتر وە بەدڵنیایشەوە چارەی پڕ بەخێرم بۆ داناون لەگەڵی بەڵام نادیار و شاراوەیە بۆیە دەبێت بۆی بگەڕێین و بیربکەینەوە و پرسیاربکەین ئاخۆ چارەسەرەکە لەکوێیە و چۆنە؟ وە هەوڵبدەین بەیاوەری اللە چارەیان بکەین و ئەرێنی بین بۆ پلانەکان و دیزاینی اللە، بەم شێوەیە تاک ناشڵەژێت لەڕووی دەروونیەوە لەجیاتی ئەوەی کوێرانە بەهەستەکانی لۆمە بکات و دەستەوەتان دابنیشێت ، ئارام دەگرێت و ژیرانە بەرپسیار دەبێت بەرامبەر شتەکان و خیبرەی ئەرێنی و سەروەرایەتی بەدەست دێنی لە چارەی کێشەکانی.
دووەم جیاوازی کە بەکارهێنانی وشەی (لەگەڵ) لە جیاتی وشەی(لەدوای) دروستی کردووە لەم ئایەتە، ئەوەیە کە اللە پێمان دەفەروێت کە هیچ خۆشبەختیێک و ئاسوودەیێکی گەورە بێ زەحمەتی و باجدان نایەت، وە لەڕاستیدا هەمیشە پێکەوەن، هەروەک چۆن بۆنموونە شەو و ڕۆژ پێکەوەن و یەکێکیان بێ ئەوی تریان هەڵنایەت، خۆشبەختی و نەهامەتیەکانیشمان بەهەمان شێوە.
ئا لێرەدا شتێکی زۆر گرنگ هەیە کە دەبێت هەر یەکێک لە ئێمە جێگری بکات وەک ڕێسایەک و بنەمایەکی ژیان تا وەکو بگات بەو شتانەی خوازیاریەتی وە لە نەهامەتیەکان نەجاتی ببێت.
ئەویش ئەوەیە کە نابێت بەهەڵە لە تەعبیری ئەم ئایەتە پڕ بەهایە تێبگەین، کە اللە دەفەرمووێت نەهامەتیەکانتان دەڕوات و ئاسوودەیی دێت هەرگیز مانای وانیە کە دەست بەجێ ڕابوەتسین و چاوەڕێ بین و ئارام بگرین تا ئاسوودەیی ڕوومان تێدەکات بۆخۆی. چونکە اللە وانەفەرموێت، بەڵکو ئەوەی دەیفەرموێت ئەوەیە کە بۆ بەدەستهێنانی خۆشبەختیێکی زۆر و گەورە دەبێت باجی بۆ بدەیت و بێ نەهامەتی بەدەست نایەت وە دەبێت کە کەوتیتە ناو نەهامەتیەوە ئازایانە و پڕ ئومێدانە بە یاوەری اللە لەناو نەهەمەتیەکانت بجەنگی و اللە دەرگای دەرباز بوون و ئاسوودەیی بۆ داناویت بەڵام ڕێگاکە دەبێت خۆت بۆی بچی و بیدۆزیتەوە و هەوڵی سەرسەختی بۆ بدەیت و بەرپسیاریەتی قورس هەڵگری لەسەر شانەکانت، بەڵام لەناو هەموو ئەوانە بەتەنیا نیت ، بەڵکو اللە یاوەرتە و ڕۆشنکەرەوەی ڕێگاکانە بۆت، واتا اللە سەرەتا پێشبنی دەست بە کاربوون و جوڵەو هەوڵدەکان لەتۆوە ئەوکات تۆ بەشایەنی بڕینی ئەم ڕێگایە بزانێت و ئاسوودەیەکانت بۆ حاسڵ بکات.
ئەها هەر دەبینین بۆیەش اللە لە ئایەتی دواتر فەرموویەتی بە پێغمبەرمان (د.خ){ فَإِذَا فَرَغْتَ فَانْصَبْ} کە بەڕاستی وشەگەلێکی زۆر بەهێز و گرنگن بۆ ژیانمان، کە ماناکەی بریتیە لەوەی کە کاتێک دەبینی کاتی بەتاڵت هەیە و سەرقاڵ نیت ، ئەوا خۆت ماندوو بکە و هەوڵی سەرسەختانە بدە.
ئینجا لەوەیە بپرسن باشە ئەمە چ پەیوەندی بەو ئایەتانەی ڕابردوو هەبوو؟ بەڵام لەئایەتی ڕابردوودا فێربوون کە اللە لە ئێمەی دەوێت کە لەناو زەحمەتی و نەهامەتیەکاندا دایم لەهەوڵ و کۆشش بین و هەرگیز دەستەوەستان نەبین و کۆڵبدەین، بەڕاستی ئەمە جۆرە بیرکردنەوەیەکی زۆر بەهێزە کە هەموو باوەڕدارێک لەهزری بێت و لەکارەکانی ڕەنگ بداتەوە.
ئەوەتا اللە بەوانە پێمان دەفەرموێت کە هەرگیز بەبێ کاری و بەبێ سوودی کاتەکانمان بەڕێ نەکەین، بەڵکو ئەوکاتانەی بێکارین و کاتی بەتاڵمان هەیە، ئەوا لەشتێکی بەسوود و گرنگ تەرخانی بکەین و خۆمانی بۆ ماندوو بکەین، ئینجا هەر ئەمەشە کە لە بواری پەرەپێدانی مرۆیدا پێی دەڵێن
( high performance mindset)
کە ئەگەر باش لەسەری بڕۆیت و بیکەی بە سروشتی ژیان و کەسایەتیت ئەوا لەڕیزی کەسە سەرکەوتوو و قازانج بەدەستەکانی دوونیا دەبیت و هەر لەگەڵیشی کە ئامۆژگاری اللە جێبەجێ دەکەین تۆ هەر لە پڕۆسەی عەبدایەتی دادەبیت و بۆ ئەو دوونیاشت هەر بە سەرمایە و قازانج هەژمار دەکرێت.
بۆیەش دەبینین کە سەروەرمان لە هەرە مرۆڤەکانی
(high performance )
بووە لە مێژوودا، چونکە هەرکاتێک تاسک و ئەرکێکی تەواو بکردایە ، کاتی بەتاڵی بۆش پەیدا بووبا بەڵام هێشتا بۆ تاسک و ئەرکێکی بەسوود و خێردار تەرخانی دەکرد کە زۆر جا بەیارمەتی دانی خەڵکی تر بووە.
ئینجا گرنگە لێرەدا ئێمە ئاوڕێک لە ژیانی خۆمان بدەینەوە و ببین کە چۆن زۆربەی هەرە زۆرمان لەو حاڵتانەدا تەینا دادەنیشن و دەست دەکەین بە باسکردنی کە ژیان چەندە زەحمەت و ناخۆشە و ئێمەی بێتاوان وا تاڵیەکانی دەچێژین و بەم جۆرە بیرکردنەوانە توچاری خەمۆکی بین و تەنیا بێ پیش دادەنیشین و هیچ بەرهەمێکمان نابێت.
بەڵام ئێمە هەموومان بەرپسیاریەتیمان هەیە لەوەدا، هەرچەندە خۆشمان زۆر لێی بدزینەوە بەڵام بەشی زۆری ئەم نەهامەتی و ناخۆشیانەی ژیان هەر خۆمانین چونکە بە مێشک و فکرەیەکی هەژارانە و لاوازە بەڕێی دەکەین و هەوڵێکی جدیمان نیە بۆ باش کردنی شتەکان.
بەڵام اللە لە پێمان دەفەرمووێت کە هەر یەکێک لە ئێمە کەم تا زۆر کاتی بەتاڵمان زۆرە کەچی خۆمان لەم کاتانە ماندوو ناکەین و بۆ هیچ چاکسازیێک و خێرێک لە ژیانمان هەوڵنادەین، چونکە لە بنەڕەتدا ئەگەر لەو کاتەی کاتی بەتاڵت هەیە و سترێسی شتانی ترت لەسەر نیە، ئەگەر بۆ شتانی بەسوود و خێردار هەوڵ بدەی ئەوا بەرەبەرە تۆ چاکسازی لەژیانی خۆت و کۆمەڵگا دەخەیەوە کە هەرئەوەشە ڕێگە نادات هەر زەحمەتی و نەهامەتیەک لە ئایندە توشت بێت بەسەرتدا زاڵ ببێت و بباتەوە، چونکە تۆ پێشتر هەموو ڕۆژێک بەهۆی چاکسازی و کاری بەرهەمهێنەرانەوە لە ئامادەکاری دابوویتە.
سەیربکەن چۆن لە سەرەتای ئەم ئایەتە پیتی (ف) بەکار هاتووە کە ئامرازی هۆکاردانە و پێمان دەڵێت مادەم دەتانەوێت خۆشبەختیێک و ئاسوودەیێک گەورە بێتە ژیانتانەوە ئەوا کەواتە دەبێت لەو کاتە بەتاڵانەی هەتانە خۆتان ماندوو بکەنو پڕ سوود و خێری بکەن.
ئا هەر بەمەشە هەر یەکێک لە ئێمە هەموو ڕۆژێکی مانادار و بەرهەمهێنەرانە دەبێت.
چونکە شتێکی تریش کە لێرە زۆر گرنگە بیزانین ئەوەیە کە زۆرێک لە شارەزایانی بواری دەرووناسی مرۆڤ ئامۆژگاریان بۆ ئەوکەسانەی خەم و پەژارەیەکیان هەیە لەدڵیان و لە کاتە بەتاڵەکان دایم شتێک یان کارێکی باش هەبێت خۆیان پێیەوە سەرقاڵ بکەن چونکە مێشکیان مەجالی نابێت خۆی بە بیرکردنەوە و یادەوەری غەمگین و نەهامەتیەکان سەرقاڵ بکات.
بۆیەش یەکێک لە هۆکارەکان کە اللە لەم ئایتە بە سەروەرمانی فەرمووە هەرە ئەوەیە، چونکە پێغمبەرمان (د.خ) لەوکاتە نەهامەتی و غەمی زۆری لەدڵدا بوو، بۆیەش بۆ ئەوەی هێرشی بۆ دەروون و دڵی نەبات ئەوکاتانەی بێکار دادەنیبێت و کاتی بەتاڵی هەیە ئەوا با بەکار و هەوڵدانێکی بەسوود و مانادار خۆی سەرقاڵ بکات.
بۆیەش دەبینین خودی ئەم ئامۆژگاری و ڕێنمایە بۆ ژیانی هەر یەکێک لە ئێمە ڕاستە و لەجێی خۆیەتی.
دەبینین کە سەروەرمان لەوکاتانە بەشێوەیەکی سەرەکی بە دوو جۆر خۆی سەرقاڵ دەکرد لەو حاڵەتانەدا یەکەم جۆر ئەوە بوو کە لەوکاتانەدا شتانێکی دەکرد کە اللە ڕەزامەند بکات بەرامبەری بۆنموونە نوێژ و نزا و یادکردنەوەی اللە و هتر، دووەم جۆر ئەوە بوو کە خۆی بەشتێک سەرقاڵ دەکرد کە یارمەتیدەر و سوود بەخش بێت بۆ یەکێک لە دروستکراوەکانی اللە، بۆنموونە کەسێکی ئامۆژگاری و ڕێنوێنی دەکرد، یان کەسێکی فێری شتێکی بەسوود دەکرد ئینجا لەهەموو کایەکانی ژیان تەنانەت چۆنیەتی پەیداکردنی بژێوی ژیان و ماڵی و هتر.
ئەوەتا اللە لە ئایەتێکی تردا بەسەروەرمان دەفەمووێت:{ فاما الیتیم فلا تقهر ، واما سائل فلا تنهر، واما بنعمة ربك فحدث}، ئینجا دەپرسین بۆچی اللە هەموو ئەوانەی بە سەروەرمان فەرمووە؟ لە وەڵامدا دەبینین کە پێی دەفەرموێت تۆ کە ڕۆژگارێک بێ دایک و باوک بوویت ، کەواتە ئێستا تۆش بڕۆ گرنگی بە بێ دایک و باوکان بدە ، وە ڕۆژگارێک باری دارایت خراپ بوو ، کەواتە ئێستا بڕۆ تۆش یارمەتی ئەوانە بدە کە لە باری دارایی خراپ دابن، وە ئاماژە بەو بەخشندەیی و نعمەتانە بکە کە پەروەرێنت بۆی کردووی. بۆیەش لەم کاتە بەتاڵانەی ئاماژە پێکراوە ئیمە لەسەرمانە بۆ یارمەتی کەسانی تر بدەین بەهەر شێوەیەک بێت و لەتوانامان بێت.
تا هەر تاکێک لە ئێمە هەوڵبدات لەلایەن خۆیەوە نەهامەتی ژیانی کەسانی تر کەم بکاتەوە و لە ئەنجامیشدا نەهامەتی ناو کۆمەڵگەش لەکەم بوونەوە بێت، چونکە ئەوەتا لە پەیامەکانی اللە دەبنین کە کاتێک کات و گرنگی دانی خۆت بۆ یادی اللە وە یارمەتیدانی کەسانی تر تەرخان دەکەین و بەشتێکی کەمیشک بێت باری سەرشانیان کەم دەکەیتەوە ئەوا اللە لەئاکامدا باری سەرشانی تۆ لەژیانت کەم دەکاتەوە و ئەو ئاسوودەی و خۆشگوزەرانی دێنێتە سەر ڕێگات. بەپێچوانەوەش ئەگەر لەهەمبەر نەهامەتی وناخۆشیەکی ژیانت ڕەشبین و نەرێنی بیت و ئەوەندە بەنەرێنی بیری لێبکەیتەوە کە کێشەکان دەقات لەسەر سینەت قورسبکات و ئەمەلی چارەسەرت بەهیچ نەبێت و دەستە وەستان بوەستی ئەوا یارمەتی اللەش بەم شێوەییە لەوەیە نەگات بەتۆ.
وە لەکۆتایی سورەتەکەشدا دەفەرموێت { وَإِلَى رَبِّكَ فَارْغَبْ } واتا تەرکیز و ئامانج و ویستت بۆلای پەرورێنت بێت ئەمەش بە ژیانکردن لەژێر ڕۆشنایی ئامۆژگاریەکانی پەروەرێن.
ئێمە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لەوەیە لە نەهامەتی و ناخۆشیدا بین، بەڵام کەمێک دوورتر بیربکەوە دەبینی کە هەر هەموومان لە گەشتێکداین، وە هەر هەوو ڕۆژێک بەرە بەرە لەم گەشتە دوورتر دەڕۆین و بەرەو وێستگەیەک ڕێدەکەین، کە کۆتای گەشتەکە و وێستگەکە برتییە لە شاد بوون بە اللە، هەروەک چۆن اللە لە سورەتێکی تردا دەفەرموێت { وٳن ٳلی ربک المنتە} واتا کۆتاییت بۆ لای پەروەرێنتە، بۆیەش ئەگەر لەیادمان بچێت کە هەر یەکێک لە ئێمە لە نێو شەمەندەفەرێک و لەسەر ڕێگایەک ڕێدەکەین بەرەو دیداری اللە، ئینجا ئەگەر بەو دیدارە ئاگادار بین یاخود نا وە ئەگەر حەزمان لێی بێت یاخود نا، وە کەسمان بەجێگیری لەشوێنی خۆمان ناوەستین لە سەر ڕێگاکە، بۆیەش ئەو کێشانە و نەهامەتیانەی هەمانە ئەویش ناوەستێت بەڵکو لەگەڵمان ڕێدەکات.
بۆیەش ئەگەر سەرەڕای نەهامەتیەکان ئاگاداری ئەوە بین کە ئەم نەهامەتیانەش لەگەڵمان ڕێدەکات و دێت لەگەڵمان ومانای ئەوە ناگەیەنێت کە لە ژیان چەق وخواردووی و کۆتایی ژیانتە ئەگەر لەو نەهامەتیانە بیت بەڵکو کۆتایەکیان هەیە بۆیەش ئەگەر درک بەوە بکەین ئاسانتر دەبێت بۆمان کە تەرکیزمان لای وێستگەکەمان بێت چونکە هەر کە بەدیداری پەروەرێنت شاد بوویت ئەم نەهامەتیانە لەکۆڵت دادەماڵدرێن و نایەن چی تر بەدواتدا لە ڕێگاکە، بۆیەش سەرەڕای ئەوەی لە ناو هەر نەهامەتیەک دا بژین هەرگیز نابێت لە شوێنی خۆمان چەق بخۆین و دەست بە شانمان دابدەین و نەجوڵێین چونکە لە ژیان پێویستمان بەم تەجروبە زەحمەتانەیە تێیان بپەڕێنین چونکە بەشێکە لە پلانی اللە بۆمان.
لەکۆتایدا دەبنین کە ئێمە هەڵەکەمان لەوەیە کە لەکاتە بەتاڵەکانمان ئەو شتانە دەکەین کە بۆخۆمانن ، بەڵام ئەگەر لە شتێک تەرخانی بکەین کە بۆخۆمان نەبێت بەڵکو یان بۆ خودی اللە بێت واتا بۆ زیاتر ڕەزامەندی پەروەرێن یاخود بۆ یارمەتی دانی دروستراوەکانی اللە و کەسەکانی دەوروبەرمان. چونکە ئەمەیە بەشێک دیاری دەکات کە ئایە اللە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی دێنیت بۆ ژیانت یاخود نا.
چونکە ڕاستە ئێمە هەموومان کاری و بەرپرسیاریەتی ڕۆژانەمان هەیە بەڵام لەکۆتایدا ئایەتەکە تەنیا سەبارەت بەکاتە بەتاڵەکانمانە کە بێ کار و شتێک دەمێنینەوە نەک ئەوکاتەی لە کار و کاسبی یان شتێکی لەو جۆرە داین کە بۆ ژیانمان پێویستە.
بەڵکو بۆ ئەوکاتانەی کە لە ڕۆژەکە بەبەتاڵی دەمێنتەوە و زیادە دەبێت و پێویستە لە شتێکی بەهادار تەرخانی بکەین بۆ ئەو ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیە تا بێتە سەر ڕێگامان، چونکە ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوە بکەین هەروەک جۆن زۆرێک لە ئێمە تێی کەوتووین ئەوا تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی زەحمەتی و نەهامەتی زیاتر و زیاتر بێنێتە ژیانمان بەڵام هەستی پێناکەین چونکە ئەم شتانەمان زۆر لابچووکە کەچی زۆر لەوە گرنگترن کە بیری لێدەکەینەوە.
چونکە ئەمەیە کە دەمان کات بە کەسێکی
high performance
وە وەک سەروەرمان دەبین کە لەناو زەحمەترین و پڕ کێشەترین کاتەکانی ژینمان هێور و ئارامگر دەبین و ناشڵەژێین ئەمەش دووبارە شتێکی زۆر گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە
high performance
و لە زۆر بواری ژیانی نموونە بێت بۆ کەسی تر و لەناو هەموو ئەو کەسانە بدرەوشێتەوە کە بەم شێوە نین و دوودڵی و شڵەژان و ون بوون هەموو گیانیانی داگرتووە، چونکە هێزی ڕاستەقینە هەمیشە لەوەدا بووە کە دەروون و هزرمان بە ئارامی و لەژێر کۆنتڕۆڵ بهێڵینەوە لە ئاڵۆزترین و دژوارترین کاتەکانی ژیانمان.
Dast xosh bra sarkaftebe
ReplyDeleteدەستەکانت خۆش بێت جزاک اللە
ReplyDelete