میتۆدی سروشتگەرایی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە


میتۆدی سروشتگەرایی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە

میتۆدی سروشتگەرایی
(methodological naturalism)
چییە ؟

بریتییە لەو ڕێبازەی بۆ تێگەشتن لە سروشت چەند میتۆتێک بەکاردێنن کە تێیدا ئەم میتۆدانە تەنیا بەهۆکارە ماددیەکان هەوڵی لێکدانەوەی دیاردە و ڕووداوە سروشتیەکان دەدەن.

بۆ نموونە کاتێک رووداوێکی سروشتی وەک بورکانێک ڕوودەدات ، ئەوا دەبێت بەدوای هۆکارە ماددیەکاندا بگەڕێین بۆ تەفسیری ڕوودانی ئەم بورکانە ، نەک تەنها بچین بیدەینە پاڵ شتێکی ناسروشتی و ناماددی وەک فریشتە یاخود خودا یان هەر شتێکی تری ناماددی و تەفسیرە ماددیەکە بەجێ بێڵین.

بەڵام چەمکێکی تر هەیە بەناوی سروشتگەرایی فەلسەفی (philosophical naturalism)
، ئەمەیان بریتیە لە ڕێبازەی کە دەڵێت جگە لە خودی سروشت کە ماددە وزەیە هیچ شتێکی تری ناماددی یاخود سەروسروشتی بوونی نییە وەکو خودا و فریشتە یان هەر شتێکی تری لەوجۆرە ، وە هەموو شتێکیش بەزانست لێکدەدرێتەوە تەنانەت پرسی وەک ئەخلاق و هەستەکان و ویژدان و هۆش وئەقڵ و ئیرادەی ئازاد و جوانی وناشرینی و بەها وتە واتاییەکان، کە دەبێت بە تەفسیری ماددیانە ڕوونبکرێنەوە.

جا ئەم چەمکەی دووەم وەکو موسڵمان بەتایبەت و ئایندار بەگشتی ناتوانین باوەڕمان پێبێت و دژی عەقیدەکەمانە ، بەڵام دەربارەی چەمکی یەکەم بەڵێ دەبێ پەیڕەوی بکەین و ئاساییە.

د.محمد عمارە دەفەرمووێت :
ئەم جیهانە کە دروستکراوی خودایەکی تاک و تەنها و دانایە هیچ کارێکی هیچ و بێ هودە ناکات ، هەر لەسەرەتاوە و بەردەوامیش لە هەموو لایەنەکانیدا سیستەم و یاساکانی خودا بەڕێوەی دەبات کە ئەوانیش دروستکراوی خودان و لەخودی سروشت و دیاردە و هێزە سروشتیەکانییدا دایناوە.


ئێستاش دەچینە لای هەندێ ئایەت وفەرموودە ، کە تێڕوانینی ئیسلامی ڕوون دەکاتەوە دەربارەی هۆکارێتی ڕووداوەکان.

خوای پەروەردگار ئەفەرمووێت:

هُوَ الَّذِي جَعَلَ الشَّمْسَ ضِيَاءً وَالْقَمَرَ نُورًا وَقَدَّرَهُ مَنَازِلَ لِتَعْلَمُوا عَدَدَ السِّنِينَ وَالْحِسَابَ ۚ مَا خَلَقَ اللَّهُ ذَٰلِكَ إِلَّا بِالْحَقِّ ۚ يُفَصِّلُ الْآيَاتِ لِقَوْمٍ يَعْلَمُونَ
(5) سورة يونس

واتا: ئەوە خودایە کە خۆری بۆ کردوون بە سەرچاوەی ڕووناکی سەرەکی و مانگیش بە ڕووناکی وەرگیراو لە خۆرەوە ، مانگیش بەهۆی ئەو سوڕەی هەیەتی بۆ کەم و زۆری ڕووناکیەکەیەوە کردووە بە هۆکارێک تا وەک ڕۆژمێرێک سوودی لێ وەربگرن بۆ ژماردنی ساڵ و مانگ ، ئەم دروستکراوانەی بە حەق یان مەبەست و هۆکار دروستکردووە و بەڵگە و نیشانەکان بەوردی باس دەکات بۆتان و بۆ ئەو کەسانەی لێی وردئەبنەوە و فێردەبن و دەیزانن.

لەم ئایەتە ڕوون دەبێتەوە بۆمان کە خودا سیستەمێکی گەردوونی ڕێکخراو و هۆکاری ماددی داناوە بۆ بەڕێوەچونی.


خوای پەروەردگار ئەفەرمووێت:

أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ أَنزَلَ مِنَ السَّمَاءِ مَاءً فَأَخْرَجْنَا بِهِ ثَمَرَاتٍ مُّخْتَلِفًا أَلْوَانُهَا ۚ وَمِنَ الْجِبَالِ جُدَدٌ بِيضٌ وَحُمْرٌ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَانُهَا وَغَرَابِيبُ سُودٌ
(27)
سورة فاطر

واتا: ئایا نابینیت کە خودا لە ئاسمانەوە بارانی باراندووە و بەروبومی ڕەنگجیاوازمان بەو بارانە پێ ڕوواندوە و لە چیاکانیشدا هێڵی سپی و سوری ڕەنگجیاوازمان دروستکردووە، هەندێکیشی ڕەشی قەترانییە.

لەم ئایەتەش ڕوونی دەکاتەوە کە باران بارین دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بەروربوم و کوشتوکاڵ واتا هۆکاری بۆ داناوە وە خودی جیاوازی لە ڕەنگی بەروبوومەکان و چیاکانیش ئەویش هەر هۆکاری خۆی هەیە.

ئایەتێکی تری ناوازە هەیە کە خودا دەفەرمووێت:
وَيَسْأَلُونَكَ عَن ذِي الْقَرْنَيْنِ ۖ قُلْ سَأَتْلُو عَلَيْكُم مِّنْهُ ذِكْرًا
(83)
إِنَّا مَكَّنَّا لَهُ فِي الْأَرْضِ وَآتَيْنَاهُ مِن كُلِّ شَيْءٍ سَبَبًا
(84)
فَأَتْبَعَ سَبَبًا
(85)
سورة الكهف

واتا: پرسیارت لێدەکەن دەربارەی زولقەرنەین ، پێیان بڵێ باسێکتان دەربارەی ئەو بۆ دەکەم ، ئێمە لەسەر زەویدا پلەوپایە و دەسەڵاتێکمان پێ بەخشی و بۆ پێداویستیەکانی سەردەمی خۆی هۆکارمان پێ بەخشیبوو ، ئەویش سوودی لەو هۆکارانە وەرگرت ، بۆ بەدیهێنانی ئامانج و بەرهەم.

لەم ئایەتە ڕوون دەبێتەوە کە مرۆڤ و گەردوون بەگشتی بەهۆکار بەڕێوە دەچێت.

عن ابن عباس رضي الله عنهما عن النبي -صلى الله عليه وسلم- قال: «تَدَاوَوْا عِبَادَ اللَّهِ، فَإِنَّ اللَّهَ لَمْ يَضَعْ دَاءً إِلَّا وَضَعَ مَعَهُ شِفَاءً إِلَّا الْهَرَمَ» رواه ابن ماجة وأحمد وغيرهما


پێغەمبەر د.خ فەرمووی:
ئەی بەندەکانی خودا چارەسەری پزیشکی وەربگرن ، چونکە خودا هیچ نەخۆشیەکی دانەناوە ئیلا لەگەڵیدا شیفای داناوە جگە لە پیری.

ببین پێغەمبەر د.خ دەفەرمووێ چارەسەر وەربگرن نەک وەک هەندێ کەس کە پێیان وایە تەنها دوعا بەسە، نەخێر بەڵکو دەبێت مرۆڤ هەوڵ بدات پاشان پشت بەخودا ببەستێ ، ئەگینا هەر کارێکی دوور لەمە دوورە لەمیتۆدی ئیسلامی.

ئەوەی ڕوون بووەوە لە تێڕوانینی ئیسلامیدا ، ئەنجام و ڕووداوەکان هۆکاریان لە پشتە ، لەگەڵ ئەوەی هۆکاریان لە پشتە باوەڕیش دەبێت وابێت کە هۆکارەکان ئەگەر ویستی ئیلاهیان لەسەر نەبێت نابنە هۆکاری ئەنجامەکان .
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە دەچینە لای پێشەوا غەزالی کە زۆر جار بەهەڵە تۆمەتبارکراوە بەوەی کە ئەو ئینکاری هۆکارێتی کردووە بەڵام ئەمە هەڵە تێگەیشتنە ، بەڵکو پێشەوا غەزالی دەفەرمووێت :
ئێمە ئەوە دەسەلمێنین کە سروشتی ئاگر وەهایە کە هەرکات دوو پارچە لۆکەی هاوشێوە بەری بکەون هەردووکیان دەسووتێن ، بەڵام باوەڕیشمان وایە کە دەکرێت مرۆڤێک بخرێتە ئاگر و نەشسووتێت ، بەهۆی گۆڕینی سروشتی ئاگرەکەوەبێت یان گۆڕینی سروشتی مرۆڤەکە ، ئەمەش کاتێک خوای گەورە ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی فریشتەیەکەوە بەرگری لەبڵاوبوونەوەی گەرمای ئاگرەکە دەکات و هاوکات ئاگرەکەش دەمێنێتەوە ، یان جەستەی مرۆڤەکە وەها لێ بکات لەگەڵ مانەوەی گۆشت و ئیسقانی جەستەی لە ئاگرەکەدا ، ئاگرەکە نەیسوتێنێت ، ئەوەتا دەیبینین کەمرۆڤ هەیە خۆی بە پێکهاتەیەکی ڕووەکی چەور دەکات کە پێی دەوترێت طلق ، پاشان لە تەنورێکی داگیرساودا دادەنیشێت و ناشسوتێت ، دیارە ئەو کەسەی ئەم کارە نەبینێت نکوڵیی لێ دەکات ، ئەوکەسەش نکوڵیی لەو دەسەڵاتە بکات کەسیفەتێک لەئاگردا دروستبکات یان لە جەستەدا کە ڕێگا لەسوتان بگرن ، وەک ئینگاریی نەسووتانی ئەو کەسە وەهایە کە دەچێتە ناو تەنورەکە لەلایەن کەسێکەوە کەخۆچەورکردنەکە و کاریگەرییەکەی نەبینیبێت ، دیارە لە بازنەی تواناکانی خودای گەورەدا گەلێک شتی نامۆ و سەیر هەیە کە هەموویمان نەبینیوە ، بۆیەنابێت نکوڵی لە ئەگەری ڕووندانی بکەین و بەئەستەمی بزانین.

کەواتە ڕوونە پێشەوا غەزالی باوەڕی بەهۆکارێتیە و تێڕوانینی ئیسلامیش بەو شێوەیە بەڵام ئەگەر خودا ویستی نەبێت هۆکارێکی دیاریکراو کاریگەریەک ناهێنێتە بەرهەم ، وە ئەم تێڕوانینە پشتگیریەکی زانسیتیشی هەیە ڕەنگە تا سەدەی بیست حەتمیەتی فیزیا زاڵبووبێ بەسەر تێگەیشتنی زانستی لەوکاتە بەڵام کوانتەم میکانیک هات و حەتمیەتی تا ئاستێکی باش سڕیەوە.

جا پوختەی بابەت ئەمەی ، ئیسلام باوەڕی بە میتۆدی سروشتگەرایی هەیە بەوەی کە هۆکاری ماددی هەن بۆ دیاردەکان و تەنانەت هەندێ لە موعجیزەکان ،  وە لەهەمان کاتدا پێمان وایە ڕووداوەکان بە ویستی ئیلاهی ڕوودەدەن کە هۆکار و یاسا سروشتیەکانن و هەرکات خودا بیەوێت ناهێڵت کاریگەری دروستببێت لە ئامادەبوونی هۆکارەکەشدا.


سەرچاوەکان:
https://rationalwiki.org/wiki/Methodological_naturalism
https://rationalwiki.org/wiki/Philosophical_naturalism

هێڵە گشتیەکانی میتۆدی ئیسلامی

تهافت الفلاسفة

Comments