چەند وتەیەک لەسەر دیبەیتی ڕەچەڵەکی ژیان لەنێوان دیزاین و پەرەسەندن



چەند وتەیەک لەسەر دیبەیتی ڕەچەڵەکی ژیان لەنێوان دیزاین و پەرەسەندن


ئەم دیبەیتە حەوت ساڵ زیاتر لەمەوپێش ئەنجامدرا لەنێوان زانای بایۆکیمستری فەزاڵا ڕانا (مەسیحی) و فەیلەسوفی زانست مایکڵ ڕوس (ئەگنۆستیک یاخوود لائەدری) لە زانکۆی کالیفۆرنیا.


تەوەری دیبەیتەکە ئەوەبوو ئایا ڕەچەڵەکی ژیان بەرهەمی دیزاینە یان پرۆسە سروشتیە بێ ئاراستەکان. 


جا دیبەیتەکە لەم چەند خاڵەدا ئەتوانم کۆبکەمەوە :


①مایکڵ ڕوس و فەزالا ڕاناش هاوڕابوون کە ڕەچەڵەکی ژیان کێشەیەکی زۆر قورسە.

②وە هاوڕاش بوون کە تا ئێستا لەغەیری گریمانە هیچ چارەیەکی ئەو کێشە لەبەردەست نییە.


ئەوەی جیابوونەوە لەسەری :


①مایکڵ دەڵێت ڕاستە کە سەیری خانە دەکەم زۆر ئاڵۆزە و شکڵی دیزاین کراوە بەڵام من بەتەنها سەیری کێشەکە ناکەم تا بڵێم دیزاین کراوە بەڵکو سەیری سیاقی مەسەلەکان ئەکەم واتا بۆ نمونە چۆن بۆ باران بارین یاسای سروشتی تەفسیری ئەکات و ناڵێین دیزاینەر بەشێوەیەکی سەروسروشت لە ئارادا نیە بۆچی بۆئەم کێشەش هانا بەرین بۆ دیزاین.


②هەروەها دەڵێت کێشەم نیە دیزاینیش کرابێ بەڵام دەبێ دیزاینەرەکە سەروسروشت (خودا) نەبێ بەڵکو بۆ نمونە مەخلوقێکی تر دیزاینی کردبێ (بوونەوەری ئاسمانی)واتا هەر لەناو سروشت.


③دەڵێت ڕەنگە لە داهاتوو ئەم کێشە چارەسەر بکەین.

.....

④ڕاناش دەڵێت هەموو ئەو تاقیکردنەوانەی کراون بۆ چارەی کێشەکە شکستیان هێناوە واتا نەمان توانیوە خانەیەکی زیندوو دروستبکەینو تەنانەت پێکهێنەرەکانیشی.(تا ئەمڕۆش هەمان شتە)


⑤ڕانا دەڵێت تاقیکردنەوەکان بەڵگەن بۆ دیزاین چونکە زانای زیرەک تاقیکردنەوەکان ئەکات و دەستکاری پرۆسەکە ئەکات لە کاتێکدا لە سروشتدا هیچ ئەقڵێک و پلانێک نیە تا شتەکان ڕێکبخات.


⑥دەربارەی ئەوەی کە لەداهاتوو چارەی بکەین ڕانا دەڵێ ئەوە وەک ئەگەرێک کێشە نیە داینێین بەڵام ئەوە هانابردنە بۆ داهاتوو وەک هەمان موغاڵەتەی خودای کەلێنەکانە.


....

ئەوەی ئەمەوێ بیڵێم کە جگە لەوەی دیبەیتێکی چێژبەخش بوو و بەڕێزەوە هەردوولا قسەیان دەکرد ، مایکڵ وەڵامی خاڵێکی جەوهەری نەدایەوە بەشێوەیەکی ئاشکرا ، ئەویش ئەوەبوو چۆن بتوانین بانگەشەی ئەوەبکەین کە سروشتێکی کوێر و بێ ئاراستە ژیانی بەرهەم هێناوە لەکاتێکدا ئەمڕۆ بەو زانا زیرەک و تاقیگە پێشکەوتوانە هێشتا ناتوانین خانەیەک دروستبکەین ؟ تەنانەت لەداهاتوش دروستی بکەین ئێ زانا بە تاقیگە و کەرەستەی پێشکەوتو دروستی ئەکات واتا بەرهەمی دیزاینە نەک سروشتێکی کوێر ، جا ئەم خاڵە مایکڵ وەڵامی نەدایەوە ئەوە نەبێت کە وتی من دیزاینی سروشتی قبوڵ ئەکەم نەک دیزاینی سەرو سروشت.

پاشان ئەوەی جێگای تێبینی بوو مایکڵ پرسی شەڕ یان کێشەی شەڕی هێنایە بابەتەکە ، وتی ئەگەر دیزاینەر ژیانی دروستکردووە بۆچی شێرپەنجە هەیە ، تەبعەن هەروەک ڕانا وتی دیزاین واتای پێرفێکتبوون نادات کە مەخلوقات و سیستەمی لەشیان بێ کێشەبن گرنگ ئەوەیە بزانین دیزاین هەیە یاخود نا ، پاشان ئەم بابەتە پرسێکی فەلسەفی و ئاینیە نەک زانستی۹ (کە بەڕای خۆم ئاینە ئاسمانیەکان بەباشی وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچی خراپەو نەخۆشی هەیە لەم بوونە) ، واتا ئەم کێشە دیزاین لەناو نابات بۆ نمونە ئۆتۆمبێلێک کە کێشەیەکی تێدایە ناکرێت بڵێین دیزاین نەکراوە چونکە کێشەی تیایە هەمان شتیشە بۆ بوونەوەران.  واتا بەکورتی پرسی شەڕ تەوەرێکی ترە.


دەربارەی ڕاناش تێبینەکەم لەسەری ئەوەبوو دەبوو ڕوونتر هاوتەبایی تەفسیرە زانستیەکان وەک تەمەنی گەردوون و دەقە ئاینیەکان پێشکەش بکات ، چونکە ڕانا پێی وایە دەقەکانی ئاینەکەی دەکرێ ئاماژەی زانستی بدات.


لینکی دیبەیتەکە:

https://youtu.be/2CnZ3n8I5b8

Comments