ئیعجازی زانستی تێڕوانینێکی هەڵە

 


ئیعجازی زانستی تێڕوانینێکی هەڵە


بسم الله الرحمن الرحیم


لەم پارچە نوسینەدا ڕوون دەبێتەوە بۆ خوێنەر کە بۆچی ئیعجازی زانستی لە چەندین لایەنەوە دووچاری شکست و لاوازی دێت و نەک تەنها هەڵەیە بەڵکو مەترسیش دروستدەکات لەسەر دەقەکانی قورئان و فەرموودە ، وە هەروەها مەبەست و ئامانجی دەقەکانیش ڕووندەبێتەوە کە زۆر دوورن لەوەی لایەنگرانی ئیعجازی زانستی بیریان لێکردوەتەوە.


1.پێناسەی ئیعجازی زانستی :

پرۆفیسۆر زەغلول نەجار کە لایەنگرێکی بەهێز و بانگەشەپێدەرێکی بەهێزی ئیعجازی زانستیە بەم شێوە پێناسەی دەکات :

(بە ئیعجازی زانستی مەبەستمان لە پێشکەشکردنی بەڵگەیە کە قورئان پێش زانستی مۆدێرن کەوتووە لە ئاماژەدان بە ڕاستیەکانی گەردوون یاخوود پێشکەش کردنی ڕوونکردنەوە بۆ دیاردەیەکی سروشتی کە چەندین سەدە پێش ئەوەی زانست ڕوون کردنەوەی بۆ کردبێت)


لەم پێناسەدا دوو خاڵ ڕوون دەبێتەوە کە ئیعجازی زانستی بانگەشەی دەکات :

1.قورئان(فەرموودە) کتێبێکی زانستیە و حەقیقەتی زانستی تێدایە.

2.ئەم حەقیقە زانستیانە زانستی مۆدێرن دۆزینیەتیەوە و لە سەدەکانی ڕابردوو و سەردەمی وەحیدا زانراو نەبوون.


2.مێژوویی ئیعجازی زانستی :

ئەتوانرێت ڕەچەڵەکی ئەم تێڕوانینە بگەڕێندرێتەوە بۆ پزیشکی فەڕەنسی مۆریس بۆکای ، مۆریس لە ساڵی 1976 کتێبێکی بڵاوکردەوە بەناوی

La Bible, le Coran et la science: les Écritures saintes examinées à la lumière des connaissances modernes

واتا بایبڵ ، قورئان و زانست : دەقە پیرۆزەکان تاقیکرانەوە لەژێر ڕووناکی مەعریفەی مۆدێندا.

ئەم کتێبە وەرگێڕدرا بۆ چەندین زمان ، مۆریس دەڵێت قورئان نەک هەڵەی تێدا نیە لەڕووی زانستی مۆدێرنەوە بەڵکو زانیاری تێدایە کە چواردە سەدە لەمەوپێش کەس نەیزانیون.


کەسێکی تر کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بڵاوکردنەوەی ئەم تێڕوانینە پزیشکێکی تری فەڕەنسی بوو بەناوی کیث مور ، کیث لەساڵی 1986 ئارتیکڵێکی بڵاوکردەوە بەناوی

A Scientist’s Interpretation of References to Embryology in the Qur’an

واتا : تەفسیری زانایەک بۆ ئاماژەکانی کۆرپەلەزانی لە قورئاندا.

تیایدا دەڵێت کە تەفسیری قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤ لە ئایەتەکانی قورئاندا نە سەردەمی وەحی نە تەنانەت سەد ساڵ لەمەو پێشیش شیاو نەبووە ، ئێمە ئێستا دەتوانین تەفسیریان بکەین لەبەرئەوەی زانستی مۆدێرنی کۆرپەلەزانی تێگەیشتنێکی نوێمان پێدەدات. وە بێگومان ئایەتانێکی تر هەن لەقورئاندا دەربارەی گەشەی مرۆڤ کەلێیان تێدەگەین لە داهاتوودا بەهۆی زیادبوونی مەعریفەمان. 


بەپێی پرۆفیسۆر نیزاڵ قەسوم ئەم دوو پزیشکە بوونە هۆی برەوپێدان و بڵاوکردنەوەی تێڕوانینی ئیعجازی زانستی لەدواتردا.


3.میتۆدی ئیعجازی زانستی :

لایەنگرانی ئیعجازی زانستی چەند بنەمایەکیان داناوە کە وەک مەنهەجێک سەیردەکرێ بۆ ئیعجازی زانستی ، لەوانە پرۆفیسۆر زەغلول نەجار کە لایەنگرێکی بەهێز و بانگەشەپێدەرێکی بەهێزی ئیعجازی زانستیە دە خاڵ پێشکەش دەکات : 

1.تێگەیشتن لە دەقە قورئانیەکە بەباشی بەپێی یاساکانی زمانی عەرەبی.

2.حساب کردن بۆ زانستە دێرینەکانی قورئان(هۆکاری دابەزین ، ئایەتی نەسخکراو ، ئەو فەرموودانەی کە یارمەتیدەرن لە تێگەیشتن لە هەندێ ئایەت).

3.کۆکردنەوەی چەندین ئایەتی هەمەجۆر کە باس لە هەمان بابەت دەکەن پێش ئەوەی هیچ تەفسیرێکی نوێ بکرێت.

4.خۆبەدوورخستن لە تەفسیری موبالەغەتێداکراو ، نابێت ملی دەقەکان بشکێنرێن تا هاوگونجاوی دۆزینەوە زانستیەکان بن.

5.خۆبەدوورخستن لە غەیب.

6.لە هەر بابەتێکی تایبەت لە دەرەوەی پسپۆڕی قسەی تێدانەکرێ.

7.وردبینی و ڕاستگۆی هەبێت کاتێک مامەڵە دەکرێت لەگەڵ دەقە ئیلاهیەکان.

8.تەنها پشت بە حەقیقەتی زانستی ببەسترێ ، بەڵام لە بابەتێکدا کە تێبینکردن ئەنجام نەدرێت ئەوکات کام بیردۆز لە ئایەتەکانەوە نزیک بوو پلەی بەرزبکرێتەوە.

9.جیاوازی بکرێت لە تەفسیری زانستی و ئیعجازی زانستی ، تەفسیری زانستی ئەکرێ هەڵەی تێدابکرێت ، بەڵام ئیعجازی زانستی پشت بە حەقیقەتی چەسپاوی زانستی دەبەستێت.

10.ڕێز گرتن لە هەوڵ و کاری زانایانی ڕابردوو لە هەموو باسەکاندا.


یەکێکی تر لە لایەنگرانی ئیعجازی زانستی عبدالله موسڵحە کە چەند خاڵێک پێشکەش دەکات کە وەک مەنهەج وایە بۆ ئیعجازی زانستی :

1.گەرەنتی ئەوە هەبێت کە دۆزینەوە زانستیەکە حەقیقەتێکی جێگیرە لە لایەن پسپۆڕانەوە.

2.مانای دەقیقی دەقەکە دەربارەی حەقیقەتەکە زانستیەکە هەبێت و دەقەکان پەستانیان نەخرێتە سەر و دیاربێ ئەم حەقیقەتە نەزانراو بووە کاتی وەحی.

3.ئەم دوو خاڵەی سەرەوە جێبەجێ دەبن لەڕێی ئەم سێ خاڵەوە:

أ.بسەلمێ حەقیقەتە زانستیەکە لەناو دەقە ئاینیەکەدا.

ب.بسەلمێ فەرموودەکە لەڕووی سەحیحیەوە و هیچ کێشەیەکی تێدا نەبێت.

ت.سەلماندنی حەقیقەتە زانستیەکە.

ث.بسەلمێ حەقیقەتەکە تازە زانراوە و سەردەمی وەحی نەزانراو بووە.

ج.بسەلمێ گونجاوی نێوان حەقیقەتە زانستیەکە و دەقە ئاینیەکە.


ئەگەر فەلسەفەی زانست لەلایەک و قورئان و بنەماکانی تەفسیر لەلایەک بخوێنینەوە ئەبینین ، ئەم خاڵانەی سەرەوە کە دەبێت ئامادەبن بۆ بوونی ئیعجازی زانستی هەرگیز ئامادە نابن ، وە بە ئامادەنەبوونی ئەم خاڵانەش ئیعجازی زانستی بوونی نامێنێت ، یەکێک لەو ڕەخنە بەهێزانەی گیرا لەم مەنهەجە لە ناو بازنەی ئاینیدا ، ڕەخنەی سعود عبدالعزیز العریفي بوو کە ساڵی 2007 ئارتیکڵێکی بڵاوکردەوە بەناوی : 

منهج الإستدلال بالمكتشفات العلمية على النبوة والربوبية ( دراسة نقدية )

واتا : میتۆدی بەڵگەهێنانەوە بۆ پەیامبەر و خودا لەسەر بنەمای زانستی ، دراسیەکی ڕەخنەگرانە.

تیایدا ڕەخنە لە مەنهەجە بنەماییەکی ئیعجازی زانستی دەگرێت و کورتەی قسەکانی بەم شێوەیە:

جیاوازیەکی گەورە و بنەمایی هەیە لەنێوان مەنهەجی قورئان کە تیایدا باس لە خودا و توانا وخەلقکردن و هێز و ڕاگری گەردوون دەکات لەگەڵ تێڕوانینی ئیعجازی زانستی کە ئامانجی سەلماندنی ئیلاهیبوونی قورئانە(بەندبوو لەسەرحەقیقەتی زانستی) کە یەکسانە بە ڕاستبونی پەیامبەرێتی پەیامبەر د.خ.

وە ئەو زانیاریانەی لایەنگرانی ئیعجازی زانستی بانگەشەی دەکەن پێشتر بەشێکی زانراوبوون لەلایەن زاناو فەیلەسوفەکان ، ئەوەی زانستی مۆدێرن دەیکا زیادکردنی وردەکارییە


4.بۆچی ئەم مەنهەجە هەڵەیە؟

ئەتوانین بڵێین لەچەند لایەنی سەرەکیەوە هەڵەبوونی ئەم مەنهەجە دەردەکەوێت :

1.ئامانجی دەقەکان (قورئان و فەرموودە) و بوونی فرە مانای ئایەتەکان کە دەبێتە هۆکاری فرە تەفسیری ، نەبوونی تەبای لەکاتی ماناپێدان بە ئایەت و وشەکان لەلایەن لایەنگرانی ئیعجازی زانستی.

2.فەلسەفەی زانست و میتۆدی زانستی.

3.بوونی زانیاریەکان لە سەرچاوەی غەیری قورئان.


با بچینە لای خاڵی 

1. ئامانجی قورئان چیە لە باسکردنی ئەو ئایەتانەی باسی سروشت دەکەن ؟ ئایا قورئان باس لە زانستی سروشتی دەکات ؟ ئایا ئەکرێ فرەتەفسیری لاببرێ ؟ ئایا تەبایی هەیە ؟


بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئامانجی ئایەتەکانی قورئان چییە دەچینە لای زانا و بیرمەندی ئاینی ، أمين أحسن إصلاحي کە لە تدبر القران دەڵێت : 

باسکردنی خەلقی ئاسمانەکان و زەوی ئاماژەدەر و پشاندەری توانا و هێزی خالقەکەیانە. بەو شێوەی خەلقکراون شایەتی دەدەن بۆ جێدەستی خالق و حیکمەتی سەرسوڕهێنەری.وە ئاماژەدەرە بە سروشتی بەسوودی خەلق وە گونجاویان لەگەڵ ژیانی مرۆڤ و پێویستیەکانیان ، ئەو سوود و قازانجانەی بەدەسیان دێنین بەندە لەسەریان.هەموو ئەمانە ئاماژەدەری ڕەحمەت و بەزەیی خالقە و ئاماژەدەرە بە گرنگیپێدانی خالق بە بەندەکانی.


وە ئەحمەد دەلال لە ئینسایکلۆپیدیای زانست و قورئان دەڵێت :

سەرسوڕهێنەری خەلق بابەتێکی سەرەکی بەردەوامی تەفاسیری قورئانە. ئەم سەرسوڕهێنەرانە وەک نیشانە بۆ خودا دەبینرێن و بەڵگەی بوونی خودان وە ئەبینرێن وەک بەهێزی ڕەها و زانستی ڕەهای خودا و کە خودا خالقی هەموو شتێکە. لە ئاستێکی ئەساسیدا بیرکردنەوە لێیان دەگات بەو ئەنجامەی ڕێکخڕاوی و حیکمەت هەیە لە خەلقدا کە ئەمەش واتا خالقێکی حەکیم خەلقی کردوون.قورئان بەپێی ئەم تەفسیرانە خەڵک ئاراستەدەکات بۆ بیرکردنەوە ‌لە حیکمەتی خەلق لەسروشتدا بەڵام هیچ وردەکاریەکە نادات یان چۆن شیکاریان بکەین.


واتا بە مانایەکی تر ئایەتەکان توانا و حیکمەتی خودا دەردەخەن وە هەم ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ و تەواوی گەردوون بەندن لەسەر خودا وە هەم وەک ناز و نیعمەتێک کە گونجێنراون بۆ پێویستەکانی مرۆڤ ، نەوەک باس لە شیکاری زانستی بۆ سروشت بکەن یاخود پێکهاتەی گەردوون 

ڕوون بکەنەوە ، بۆ نمونە خوای پەروەردگار دەفەرمووێت :


إِنَّ فِي خَلۡقِ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ وَٱخۡتِلَٰفِ ٱلَّيۡلِ وَٱلنَّهَارِ لَأٓيَٰتٖ لِّأُوْلِي ٱلۡأَلۡبَٰبِ(190)

ٱلَّذِينَ يَذۡكُرُونَ ٱللَّهَ قِيَٰمٗا وَقُعُودٗا وَعَلَىٰ جُنُوبِهِمۡ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلۡقِ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضِ رَبَّنَا مَا خَلَقۡتَ هَٰذَا بَٰطِلٗا سُبۡحَٰنَكَ فَقِنَا عَذَابَ ٱلنَّارِ(191)ال عمران

واتا: به‌ڕاستی له دروستکردنی ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا و له ئاڵو گۆڕی شه‌و و ڕۆژدا به‌ڵگه و نیشانه‌ی زۆر هه‌ن بۆ که‌سانی ژیر و هۆشمه‌ند...

ئه‌وانه‌ی یادی خوا ده‌که‌ن له‌کاتێکدا که به‌پێوه‌ن یان دانیشتوون یان ڕاکشاوون (له هیچ حاڵه‌تێکدا یادی ئه‌وزاته فه‌رامۆش ناکه‌ن)، هه‌میشه بیرده‌که‌نه‌وه له دروست بوونی ئاسمانه‌کان و زه‌وی (بیرده‌که‌نه‌وه له هه‌موو ورده‌کاریه‌ک، سه‌رنجی هه‌موو دیارده‌یه‌ک ده‌ده‌ن، سه‌رئه‌نجام ده‌ڵێن): په‌روه‌ردگارا تۆ ئه‌م هه‌موو دروست کراوانه‌ت بێ هوده و بێ ئامانج دروست نه‌کردووه‌، پاکیی و بێگه‌ردیی شایسته‌ی تۆیه‌، ده تۆش بمانپارێزه له سزای ئاگری دۆزه‌خ.


یاخوود دەفەرمووێت :

يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِن كُنتُمۡ فِي رَيۡبٖ مِّنَ ٱلۡبَعۡثِ فَإِنَّا خَلَقۡنَٰكُم مِّن تُرَابٖ ثُمَّ مِن نُّطۡفَةٖ ثُمَّ مِنۡ عَلَقَةٖ ثُمَّ مِن مُّضۡغَةٖ مُّخَلَّقَةٖ وَغَيۡرِ مُخَلَّقَةٖ لِّنُبَيِّنَ لَكُمۡۚ وَنُقِرُّ فِي ٱلۡأَرۡحَامِ مَا نَشَآءُ إِلَىٰٓ أَجَلٖ مُّسَمّٗى ثُمَّ نُخۡرِجُكُمۡ طِفۡلٗا ثُمَّ لِتَبۡلُغُوٓاْ أَشُدَّكُمۡۖ وَمِنكُم مَّن يُتَوَفَّىٰ وَمِنكُم مَّن يُرَدُّ إِلَىٰٓ أَرۡذَلِ ٱلۡعُمُرِ لِكَيۡلَا يَعۡلَمَ مِنۢ بَعۡدِ عِلۡمٖ شَيۡـٔٗاۚ وَتَرَى ٱلۡأَرۡضَ هَامِدَةٗ فَإِذَآ أَنزَلۡنَا عَلَيۡهَا ٱلۡمَآءَ ٱهۡتَزَّتۡ وَرَبَتۡ وَأَنۢبَتَتۡ مِن كُلِّ زَوۡجِۭ بَهِيجٖ(5) الحج

واتا: ئه‌ی خه‌ڵکینه ئه‌گه‌ر ئێوه گومانتان له زیندوو بوونه‌وه هه‌یه‌، ئه‌وه چاك بزانن که ئێمه سه‌ره‌تا ئێوه‌مان له خاك و خۆڵ دروستکردووه‌، له‌وه‌ودوا (نه‌وه‌کان) له نوتفه‌یه‌ك (په‌یدا بوون)، پاشان نوتفه‌ش ده‌بێته خۆهه‌ڵواسه‌رێك له‌ناو منداڵداندا، له‌وه‌ودوا ده‌بێته گۆشتپاره‌یه‌کی ته‌واوو سه‌رو سیمادار، یان ناته‌واو، (هه‌موو ئه‌م شتانه ده‌هێنینه‌وه یادتان) تا بۆتان ڕوون بکه‌ینه‌وه که ئێمه ئاوا ئێوه‌مان دروستکدووه و دووباره دروستکردنه‌وه‌شتان لامان ئاسانه‌، ئه‌وه‌ش بمانه‌وێت له منداڵدانه‌کاندا جێگیری ده‌که‌ین، تا کاتێکی دیاریکراو، له‌وه‌ودوا به‌ساوایی و به‌بچووکی ده‌رتانده‌هێنین (له سکی دایکتان) دوایی بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره ببن و بگه‌نه ئه‌وپه‌ڕی هێزو تواناتان، هه‌تانه ده‌مرێنرێت به‌گه‌نجی، هه‌شتانه ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ په‌رپووتترنی ته‌مه‌نه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك نه‌زانێت دوای ئه‌وه‌ی جاران ده‌یزانی، تۆ زه‌ویش ده‌بینیت وشك و برنگه‌، جا کاتێك ئاوی بارانمان به‌سه‌ردا باراند، داده‌چڵه‌کێت و ده‌له‌رزێت و تۆوه‌کان چه‌که‌ره ده‌که‌ن و ڕه‌گ و چڵ ده‌رده‌که‌ن و ده‌ڕوێن، ئه‌وسا له هه‌موو جۆره گژوگیاو گوڵ و گوڵزارێکی جوان جووت ده‌ڕوێنێت.


لەم دوو ئایەتەوە چەند شتێک ڕوون دەبنەوە:

خوای گەورە توانا و هێز و دانایی و بەزەیی خۆی دەردەخات لە گەردووندا ، وە مرۆڤ و تەواوی گەردوون بەندن لەسەر خودا ، وە بیری مرۆڤ دێنێتەوە کە چۆن هەرلەنوتفەیەکەوە تاوەکو پیربوون و مردنیشی ، مرۆڤ لاوازە و پێویستی بە خودایە ، ئامانجی ئایەتەکان ئەم ڕاستیانەبوون نەوەک پێشکەشکردنی وەسف و پێکهاتەی گەردوون و تەفسیر و حەقیقەتی زانستی.


یەکێک لەو هەڵانەی تری لایەنگرانی ئیعجازی زانستی ئەوەیە، فرە مانای و فرەتەفسیری ئایەت و وشەکان کۆتای پێدێنن و دەڵێن ئەم مانایە(لەباسی ئایەتێکی دیاریکراودا) مانا ڕاستەکەی ئایەت یان وشەکەیە بەدڵنیاییەوە ، بەڵام ئەمە پێچەوانەی خودی قورئانە و پێچەوانەی زانستی تەفسیریشە، خۆ ئەگەر لایەنگرانی ئیعجازی زانستی بڵێن ئێمە ناڵێین بەدڵنیایەوە یان ئینکاری مانای تر ناکەین، ئەوا ئیعجازە زانستیەکە هەڵدەوەشێت چونکە بۆ ئەوەی ئیعجاز بێت ، دەبێت وشەکە یان ئایەتەکە هەڵگری تەنها ئەو مانا ڕوونەبێ کە بەرامبەر حەقیقەتە زانستیەکەیە.


یەکێکیش لە کێشە زەقەکەی ئیعجازی زانستی ئەوەیە تەبایی تێدا نییە ، واتا کاتێک دەڵێن فڵانە وشە ئەمە ماناکەیەتی لە ئایەتێکی تردا ناکرێت بە هەمان مانا لێکبدرێتەوە بۆ نمونە :


1.وشەی نور یان نورا ، لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەڵێن مانگ ڕووناکیەکەی هی خۆی نییە و قورئانیش بەنورا ناوی دەهێنێت ، بەڵام هەمان وشە لەئایەتێکی تردا ناکرێت بە ڕووناکی وەرگیراو لێکبدرێتەوە بۆ نمونە ئەم ئایەتەی کە دەڵێت خودا نوری ئاسمانەکان و زەوییە ، ئایا ئەکرێ بڵێین خودا نورەکەی هی خۆی نییە و وەریگرتوە ؟ کەوابوو چۆن بڵێین مانگیش ڕووناکیەکەی هی خۆی نییە کەواتە ئیعجازە؟


ئایەتەکان:

وَجَعَلَ ٱلۡقَمَرَ فِيهِنَّ نُورٗا وَجَعَلَ ٱلشَّمۡسَ سِرَاجٗا(16)نوح

ا

للَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ مَثَلُ نُورِهِ كَمِشْكَاةٍ فِيهَا مِصْبَاحٌ ۖ الْمِصْبَاحُ فِي زُجَاجَةٍ ۖ الزُّجَاجَةُ كَأَنَّهَا كَوْكَبٌ دُرِّيٌّ يُوقَدُ مِن شَجَرَةٍ مُّبَارَكَةٍ زَيْتُونَةٍ لَّا شَرْقِيَّةٍ وَلَا غَرْبِيَّةٍ يَكَادُ زَيْتُهَا يُضِيءُ وَلَوْ لَمْ تَمْسَسْهُ نَارٌ ۚ نُّورٌ عَلَىٰ نُورٍ ۗ يَهْدِي اللَّهُ لِنُورِهِ مَن يَشَاءُ ۚ وَيَضْرِبُ اللَّهُ الْأَمْثَالَ لِلنَّاسِ ۗ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ (35)نور


2.حەوت ئاسمان و حەوت زەوی ، لایەنگرانی ئیعجازی زانستی تا ئێستاش ناتوانن بڵێن ئەم حەوت ئاسمانە کامەیە ، جارێک دەڵێن تەواوی گەردوونە و جارێک دەڵێن بەرگەکانی هەوایە هەروەکو چۆن زەوی حەوت چینە ، ئەم ئایەتە دەکەنە بەڵگە :

ٱللَّهُ ٱلَّذِي خَلَقَ سَبۡعَ سَمَٰوَٰتٖ وَمِنَ ٱلۡأَرۡضِ مِثۡلَهُنَّۖ يَتَنَزَّلُ ٱلۡأَمۡرُ بَيۡنَهُنَّ لِتَعۡلَمُوٓاْ أَنَّ ٱللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيۡءٖ قَدِيرٞ وَأَنَّ ٱللَّهَ قَدۡ أَحَاطَ بِكُلِّ شَيۡءٍ عِلۡمَا(12)طلاق

واتا :خوا ئه‌و زاته‌یه که حه‌وت چین ئاسمانی دروست کردووه و فه‌رمانی خوا له نێوانیاندا داده‌به‌زێت، هه‌روه‌ها به‌وینه‌ی ئه‌وان فه‌رمانی خوا بۆ زه‌ویش داده‌به‌زێت و جێ به جێ ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن که به‌ڕاست خوا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه‌، بێگومان خوا به زانستی و زانیاری خۆی گه‌مارۆی هه‌موو شتێکی داوه‌.


بەڵام ناکرێت بە بەرگەهەوا و چینەکانی زەوی لێکبدرێتەوە چونکە هەم لەڕووی زانستیەوە بەپێی پۆلێنەکان چینەکان دەگۆڕێن واتا حەوتەکە زیاد و کەم دەکا و هەم بۆ ئایەتەکانی تر ناتوانین بەو مانایە تەفسیری بکەین ، بۆ نمونە ئەو ئایەتەی کە لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەیکەنە بەڵگە بۆ بوونی بیردۆزی بیگ بانگ لەقورئاندا ، ئایەتەکە دەڵێت :


أَوَلَمۡ يَرَ ٱلَّذِينَ كَفَرُوٓاْ أَنَّ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ كَانَتَا رَتۡقٗا فَفَتَقۡنَٰهُمَاۖ وَجَعَلۡنَا مِنَ ٱلۡمَآءِ كُلَّ شَيۡءٍ حَيٍّۚ أَفَلَا يُؤۡمِنُونَ(30)الانبیاء

واتا:ئایا ئه‌وانه‌ی بێباوه‌ڕ بوون نه‌یانبینیووه و بۆیان ڕوون نه‌بۆته‌وه به‌ڕاستی ئاسمانه‌کان و زه‌وی یه‌ک پارچه بوون له‌وه‌ودوا لێکمان جیا کردنه‌وه ، له ئاویش هه‌موو شتێکی زیندوومان فه‌راهه‌م هێناوه ، ئایا ئه‌وانه هه‌ر باوه‌ڕ ناهێنن (به‌و ڕاستیانه و به‌و ده‌سه‌ڵاته بێ سنووره‌ی ئێمه‌)؟!


ئایا ئەم ئایەتە ئەکرێ بە بەرگەوا باسی بکەین ؟ نەخێر چونکە باسی هەسارەی زەوی نییە بەتەنها تاوەکو ئاسمانەکان بدەینە پاڵ بەرگەهەوای زەوی و ناشکرێ بڵێین هەموو گەردوون ئەگرێتەوە چونکە زەوی خۆی بەشێکە لەگەردوون.(دروسترین تەفسیر تەفسیرە کۆنەکانن)

لەم پارچە ڤیدۆیە بینەری بن:

https://youtu.be/FPZ57LCYLqQ

وە ئەوەی کە نابێت بیرمان بچێت دەستەواژەی ئاسمانەکان پەیوەستن بە غەیبەوە بۆ نمونە عەرشی خودا لەسەروی حەوت ئاسمانەکەوەیە ، جا ئەم حەوت ئاسمانە بابەتێکی غەیبیە وەک لەوەی پەیوەست بێ بەم گەردوونە ماددیەوە و هەر کات بیبەستینەوە بە هەسارەی تر یان بەرگەهەوا یان گەردوون لە ئایەتەکانی تردا توشی ناتەبایی دەبین ، وە خاڵێکیتریش کە بیرمان نەچێت ئەوەیە ئایەتەکان لەناوسیاقی سەردەمی وەحی بخوێنینەوە نەوەک زانستی مۆدێرنیان بەسەردا جێبەجێ بکەین ، چونکە قورئان ڕاستەوخۆ ڕووی لە سەردەمی وەحییە وناکرێ شتێک بڵێت سەردەمی وەحی لێی تێنەگەن.

 

با بچینە لای خاڵی

2.فەلسەفەی زانست و میتۆدی زانستی

لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەڵێن ئێمە پشت بە حەقیقەت دەبەستین کە شیاوی گۆڕان نەبێت ، بەڵام ئەوەی کە حەقیقەتە وناگۆڕێت زانست نییە بەڵکو observation ە واتا تێبینکردن یاخوود بینین، ئەمەش لەخودی خۆیدا زانست نییە بەڵکو زانست بەکاریدێنێ هەروەکو چۆن شتی نازانستیش تێبینیکردن بەکاردێنێت ، بۆ نمونە ئەسترۆلۆجی بابەتێکی نازانستیە و کار بەتێبینی کردنی هەسارەکان و ئاسمان دەکات ، بەڵام هەمان تێبینی بەکاردێت بۆ بابەتی زانستیش وەکو ئەسترۆنۆمی ، کەوابوو خودی تێبینی کردن زانست نییە بەڵکو زانست بەکاریدێنێت ، زانستیش کار بە بیردۆز و مۆدێلە زانستیەکان دەکات ، ئەم بیردۆز و مۆدێلە زانستیانەش گرنگ نییە چەندێ سەرکەوتوو و پێشبینیکەربن 

هێشتا ناتوان بگەنە دڵنیایی بەهۆی چەند کێشەیەکەوە کەلەفەلسەفەی زانستدا باسدەکرێن ، بۆ نمونە ئەم کێشانەی خوارەوە:


کێشەی دەرهێنان ناسراو بە قازە ڕەشەکە induction


ئەمە هەروەکو فەیلەسوف پێتەر گۆدفری سمس دەڵێت کێشەیەکی بنەماییە لە سەد ساڵی ڕابردووی فەلسەفەی زانست و بەدایکی هەموو کێشەکانی دائەنێ.


چۆن تێبینی کردن(بینین) دەبێتە بە بەڵگە بۆ بیردۆزێک ؟ 

چ هۆکارێکمان هەیە کە ئەو دووبارە بونەوانەی سروشت و ئەزموونمان کە تێبینیمان کردوون ، لە داهاتووشدا هەمان شت دەبن ؟ 

چۆن پاساومان هەیە کە گشتاندن بکەین بۆ ئەوشتانەی نەمانبینیون لەسەر بنەمای بینراوەکان و ڕابردوو ؟


گرنگترین گفتوگۆ دەربارەی ئەم باسە دەگەڕێتەوە بۆ دەیڤد هیوم کە دەپرسێت چ هۆکارێکمان هەیە کە وابیربکەینەوە داهاتووش لە ڕابردوو دەچێت ؟ ئەکرێ جیهان بەڕیشەی بگۆڕێ و لە ڕابردوو نەچێت.


بەهۆی ئەم کێشەوەیە بیردۆزە زانستیەکان هەرگیز ناسەلمێنرێن ، با نمونەیەک بدەین کە نمونەیەکی بەناوبانگە ئەویش قازە ڕەشەکەیە ، وادابنێ قازێ سپی ئەبینین و دواتر کۆمەڵێ قازی سپی تر ، پاشان قازی سپی تر ئەبینین ، بەڵام چ هۆکارێکمان هەیە کە بڵێین قازەکان هەمووی سپین و ڕەش بوونی نییە ؟ 


ئەم کێشەیە ناهێڵێت بگەینە دەرئەنجام  ، بەم شێوەیە :

1.قاز تەنها سپی هەیە 

2.کەواتە هەموو قازێک سپییە


ئەبینیت خاڵی یەکەم دڵنیای تێدا نیە بەڵکو گشتاندنی کردووە بەهۆی چەند تێبینیەکەوە ، ئەکرێ تێبینیەکی داهاتوو بەهەڵەی بخاتەوە ، کەوابوو خاڵی دوو دڵنیای تێدا نییە ، بەڵکو دڵنیای لە لێوەرگرتندایە deductive بەم شێوەیە :

1.پیاوەکان نەمر نین

2.سوقرات پیاوە

3.سوقرات نەمر نییە


ئەبینی خاڵی یەک و دوو ڕاستبێ ئیلا سێیەم ڕاستە کە دەرئەنجامەکەیە 


جا هەروەکو دەیڤد هیوم ئاماژەی پێداوە ناکرێ بڵێین مادام تێبینەکانی ڕابردوو ئاوهان داهاتوش وایە و هەمان شتە ،جا بۆیە پێتەر گۆدفری سمس دەڵێت ئەم کێشەیە زۆر بەرگریکارە لەدژی چارەسەر.


بۆ خوێندنەوەی زیاتر  سەیری ئەم سەرچاوە بکە: 

1.THEORY AND REALITY , peter godfrey smith


کێشەی underdetermination


لە فەلسەفەی زانستدا بابەتێک هەیە بەناوی underdetermination کە هەندێ جار پێشی دەوترێ تێزی کوین دوهم کە دەگەڕێتەوە بۆ کارەکانی فەیلەسوف پیری دوهم و کوین ، کە بەسادەی بریتیە لەوەی بۆ هەر بیردۆزێک ، بیردۆزێکی پێچەوانە هەیە کە هەمان داتا و بەڵگەکان لێک بداتەوە.


ئەم کێشە بەگشتی دەبێتە دوو جۆر : 

1.radical underdetermination

فەیلەسوف لاری لەودن دوو لقی جیاکردوەتەوە :

a:nonuniqueness thesis

کە دەڵێت : بۆ هەر بیردۆزێک (با بڵێین T) وە بۆ هەر بەڵگەیەک کە پشتگیری T دەکات ، بە لایەنی کەم یەک بیردۆز هەیە (کە پێچەوانەی T ە) و بەڵگەش پشتگیری دەکات وەکو T. ئەم جۆرە پێشی دەوترێ radical یان global

b:egalitarian thesis

کە دەڵێت هەموو : هەموو بیردۆزێک پشتگیریکراوە بەبەڵگە هەروەکو بیردۆزە دژەکانی.


بەڵام ئایا بۆ هەموو بیردۆزێک ، بیردۆزی دژ هەیە ؟وەڵامەکە بەڵێیە لای هەندێک، وەکو فەیلەسوف ئەندرێ کوکلا کە لەتوێژینەوەیەکیدا بەناوی

Does Every Theory Have Empirically Equivalent Rivals?

لەساڵی 1996 چوار ئەلگۆریسم پێشکەش دەکات کە بۆچی بۆ هەموو بیردۆزێک ، بیردۆزی دژ هەیە.


2.transient underdetermination

ئەم جۆرە کاتییە ، واتا لەکاتێکی دیاریکراودا ئەو بەڵگە و داتایانەی لامانن بەس نین بۆ پشاندانی بەهێزی بیردۆزێک بەسەر بیردۆزەکانی بەرامبەریدا بەڵام بە تێپەڕبوونی کات دەرئەکەوێت کامە بەهێزترە.


ئەم کێشەیە لە ئێستەدا بۆ دیبەیتی ڕیالیست و دژە ڕیالیستەکان لەسەر مەسەلەی confirmation ە واتا ڕاستدانان کە ئەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوف دوهم کە بەسادەی بەم شێوەیە کاتێک دوو مۆدێلی دژ بەیەک ، دانەیەکیان هەڵە دەردەچێت نابێت وابیربکەینەوە بەرامبەرەکەی ڕاستە ، چونکە زاناکان هەمیشە تێستی چەند مۆدێلێکی دیاریکراو ئەکەن کە گەشەیان پێداوە ، جا هەڵەبوونی دانەیەک ڕاستبوونی ئەوی تر نییە ، بەڵکو دەکرێ هەموویان هەڵە بن.


ئەگەر نمونەیەکی سادە بدەین بۆ ئەم کێشەیە لەسەدەی هەژدە ساموێل کلارک پێی وابوو (تێڕوانینی نیوتنانە) سەنتەری بارستای کۆمەڵەی خۆر ناجوڵێ لەگەڵ بۆشایی ڕەها ، لەبەرامبەردا لایبنز پێی وابوو سەنتەری بارستای کۆمەڵەی خۆر دەجوڵێ بەخێراییەکی هاوچەشن لەگەڵ بۆشای ڕەها ، هەردووکیان لەڕووی بەڵگەوە دروستبوون.


بۆ خوێندنەوەی زیاتر سوود لەم سەرچاوانە وەربگرە:

1.The Aim and Structure of Physical Theory, translated by

P. P. Wiener. Princeton, NJ: Princeton University Press.

2.Resisting Scientific Realism k. brad wray

Aarhus University


بابەتی underconsideration 


ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوف ڤان فراسن ، وە یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی فەلسەفی زانست، ، کە بە سادەی بەم شێوەیە :

(کاتێک زانایان هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ بیردۆزەکان ، تەنها ڕەچاوی بەشەکۆمەڵێک subset لە بیردۆزەکان دەکەن کە توانای لێکدانەوەی بەڵگەی بەردەستیان هەیە ، بەتایبەت ئەو بیردۆزانەی گەشەیان پێدراوە).


جا کاتێک زانایان بەراوردکاری دەکەن لەنێوان چەند بیردۆزێک و بڕیاردەدەن دانەیەکیان بەهێزترە لەوانی تر ، نابێت ئەو دەرئەنجامە بدات کە ئەم بیردۆزە ڕاستە دەربارەی نەبینراوەکان لەبەرئەوەی بەهێزترە لەوانی تر.


ئارگومێنتەکە دەکرێ بکرێتە دوو خاڵ بەم شێوەیە:

1.هەڵسەنگاندن بۆ بیردۆزەکان تەنها پاساوێکی بەراوردکاریمان پێدەدات

2.زانایان هیچ هۆکارێکیان نییە کە پێیان وابێ بیردۆزە ڕاستەکە لەناو ئەو کۆمەڵە بیردۆزانەدایە کە لێی هەڵدەبژێرن.


بێ گومان ئەو بیردۆزە بەهێزە(بە بەراوردی بیردۆزی تر ) ئەکرێت باشتر پێشبینی بکات و وردتر بێت و سادەتریش بێت ، بەڵام ئەمانە بەس نین بۆ ئەوەی بڵێین ڕاستە ، چونکە زۆر شیاوە بیردۆزێکی هەڵە هەموو ئەوانەی تێدابێت و لەڕووی ئەزموونیشەوە ڕاستبێت.


با نمونەیەک لەمێژووی زانستەوە بدەین ، بەپێی بیردۆزی تایکۆنیک Tychonic theory هەسارەی زوهرە لەدەوری خۆر دەسوڕێتەوە لەکاتێکدا بە پێی بیردۆزی بەتڵیمۆس ptolemy theory هەسارەی زوهرە بەدەوری خۆردا ناسوڕێتەوە لەکاتێکدا بەپێی هەردووکیان زەوی سەنتەرە و خۆر و مانگ و هتد بەدەوری زەویدا ئەسوڕێنەوە ، با بڵێین ئەستێرەناسان ئەتوانن بگەنە ئەو ئەنجامە کە بیردۆزی تایکۆنیک بەهێزترە و سادەترە و پێشبینی بەهێزترە ، ئەمە نابێتە هۆکار کە بڵێین بیردۆزی تایکۆنیک ڕاستە چونکە ئەکرێ بیردۆزی تریش هاوڕابن لەگەڵی دەربارەی (بۆ نمونە دواتر بیردۆزی کۆپەرنیکۆس هات کە هاوڕایەتی دەربارەی هەسارەی زوهرە).


یاخوود بیردۆزی فلۆجیستۆن لە کیمیادا ، ئەوەندە بەهێزبوو توانرا لەڕێی ئەوەوە توخمێکی وەک نایترۆجین بدۆزینەوە لەکاتێکدا بیردۆزێکی هەڵەبوو ، جا کەوابوو دەبێت لەبارەی بیردۆزەکانەوە ئەو دەرئەنجامە نەدەین کە بەهێزتر واتا بیردۆزێکی ڕاست.


بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەم سەرچاوانە بکە :

1.Understanding Inconsistent Science

2.Resisting Scientific Realism

3.Laws and symmetry



بابەتی Pessimistic induction


ئەم بابەتە لە فەلسەفەی زانست لەلایەن هەردوو گروپی ڕیالیست و دژ ڕیالیستەوە بەکارهاتووە بەڵام زیاتر وەک ئارگومێنتێکە بۆدژە ڕیالیستکان ، بەسادەی بەم شێوەیە : 

بیردۆزە قبوڵ کراو و سەرکەوتووەکانی مێژووی زانست کە دواتر هەڵە دەرچوون هۆکارمان دەداتێ کە گومان بکەین لە بیردۆزە سەرکەوتوو و قبوڵکراوەکانی ئەمڕۆ لەوەی کە دواتر هەڵە دەربچن.


فەیلەسوفی ڕیالیست ئانجان چاکراڤارتتی دەڵێت دەربارەی ئەم بابەتە:

Pessimistic induction

ئەتوانرێ وەک دوو کێشە لێکبدرێتەوە. یەکەم بانگەشەیەکە کە مێژووی زانست قەبرسانی ئەو بیردۆزانەیە کە پێشتر وادانرابوون ڕاستن ، بەڵام دواتر هەڵەدەرچوون... دووەم استقراءکردن لەسەر بنەمای ئەم بانگەشە ، دەرئەنجام دەدات کە بیردۆزەکانی ئێستا شیاوی ئەوەن کە هەمان نیشتەجێی قەبرسانەکە بن.


هیلاری پوتنام بە دووخاڵی تر باسی دەکات کە بیردۆزەکان دووچاری بوون :

1.یان ئەوە بوو خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە نەبوو کە وادەئەنرا هەیان بێت.(وەک ئەلیکترۆن لە مۆدێلی بۆهر)

2.یان هەر بوونی نەبوو.(وەک فلۆجیستۆن)


هەر یەکێک لە ڕیالیستانی وەک هێنری پۆینکاغێ وجۆن ۆڕاڵ و نیکۆلاس ڕێشەر خەمی خۆیان دەربڕیوە دەربارەی ئەم بابەتە ، بۆ نمونە ۆڕاڵ پێی وایە دەبێت بێ ئومێد بین لەوەی کە وابزانین زانایانی ئەمڕۆ لەو کێشەو قورساییانە نەجاتیان بووە کە دووچاری زانایانی ڕابردوو بونەتەوە. 


یان نیکۆڵاس ڕێشەر دەڵێت : ئەزموونی مێژووی ئەوە پشان دەدات کە هەموو هۆکارێک هەیە کە چاوەڕوانی ئەوەبیت کە بیرۆکەکانمان لەبارەی سروشتەوە دووچاری گۆڕانی ڕیشەیی ببنەوە هەتاوەکو زیاتر داتامان دەستبکەوێت.


لەم ساڵانی دواییەدا هەروەکو فەیلەسوف براد ڕای دەڵێت بابەتی Pessimistic induction ئاراستەیەکی نوێی وەرگرت بەهۆی کایل ستانفۆرد کە ئارگومێنتێکی پێشکەشکرد بەناوی unconceived alternatives کە دەڵێت : 

لە هەر مەیدانێکی زانستی ، بیردۆزە نوێکان ئەتوانن داتاکان بەهەمان شێوەی بیردۆزەکانی پێشبوو بخوێننەوە و زیاتریش. وە لەوەش زیاتر ئەم بیردۆزە نوێیانە لەکاتی قبوڵبوونی بیردۆزە پێشوەکاندا خەیاڵیان بۆ نەکراوە.


بۆ نمونە بیردۆزی نیوتن بەو بەهێزیەوە دوچاری شکست هات و بیردۆزی ڕێژەیی ئەنشتاین جێی گرتەوە ، میکانیکی نیوتن ئەوەندە سەرکەوتوو بوو کە مرۆڤ لەڕێیەوە چوە سەر مانگ بەڵام هەڵەشە لەهەمان کاتدا و بیردۆزی ئەنشتاین هات کە بەهێزترە لەو.

(تێبینی : ئەمڕۆ هێشتا بیردۆزی نیوتن بەکاردێ لە هەندێ حاڵەت)


بێگومان هەندێ موناقەشە و ڕەخنە دروستبووە لەسەر ئەم بابەتە لە پۆستی داهاتوو باسی دەکەم.


بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەم سەرچاوانە بکە:

1.Chakravartty(2008)What you don't know can't hurt you: realism and the unconceived

2.Resisting scientific realism

3.Scientific realism: A critical reappraisal

Nicholas Rescher

4.Structural realism: The best of both worlds?

John Worrall

5.Exceeding Our Grasp: Science, History, and the Problem of Unconceived Alternatives


ڕەخنە و گفتوگۆ لەسەر Pessimistic induction


دووبارەی بکەینەوە کە Pessimistic induction چییە ؟ بریتیە لەوەی بیردۆزە قبوڵ کراو و سەرکەوتووەکانی مێژووی زانست کە دواتر هەڵە دەرچوون هۆکارمان دەداتێ کە گومان بکەین لە بیردۆزە سەرکەوتوو و قبوڵکراوەکانی ئەمڕۆ لەوەی کە دواتر هەڵە دەربچن.


بەڵام فەیلەسوفان هاوڕانین و مشتومڕیان هەیە لەسەری ، یەکێک لەو فەیلەسوفانەی ڕەخنە دەگرێت لەم تێڕوانینە فەیلەسوف لودویگ فەهربارکە ، کە ڕەخنەکەی دوو خاڵە :

1.دەڵێت نمونە بۆ ئەم بانگەشەی Pessimistic induction

 لە بڕێکی بچووکی سەرجەمی بیردۆزەکانەوە هێنراوە (پێی وایە گەشەی زانستی لە 1950 کانەوە زۆرخێرابووە بەشێوەیەک کە لە سەدا هەشتای مێژووی زانست دەگرێتەوە و ئەو لە سەدا بیستەش لە شۆڕشی زانستیەوە (سەدەی پانزە) تا 1950 کان دەگرێتەوە.

2.وە پێی وایە بیردۆزەکانی ئەمڕۆ جیاوازترن لەوانەی ڕابردوو چونکە بەڵگە و داتایان زیاترە.


لەبەرامبەر ئەم ڕەخنەیەدا فەیلەسوف ک.براد ڕای وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت :

1.دەڵێت گەشەی زانستی نابێتە هۆکار وابزانین زانایانی ئەمڕۆ ڕاستن چونکە هەموو جیلێکی زانایان پێیان وایە  زانایانی پێش جیلی خۆیان هەڵەبوون و ئەمان ڕاستن بۆ نمونە زانایانی نێوان 1890 بۆ 1950 یان 1830 بۆ 1890 ئەمانیش ئەتوانن بانگەشەی ئەوەبکەن کە ئەمان بەرپرسن لە سەدا هەشتای مێژووی زانست.

وە دەڵێت زانایانی ئەمڕۆ دەبێت چاوەڕێی ئەوە بن کە نەوەکانی داهاتوو سەیری بیردۆزەکانیان بکەن بەهەمان چاوی ئەوان(زانایانی ئەمڕۆ) کە سەیری بیردۆزەکانی پێش خۆیان دەکەن. 

2.دەربارەی بوونی بەڵگە و داتای زیاتر ، دیسانەوە زانایانی ڕابردووش بەڵگە و داتای زیاتریان هەبوو لە پێش هی خۆیان ، بۆیە هەموو جیلێکی زانایان ئەتوانن ئەم بانگەشە بکەن. پاشان داتا و بەڵگەی زیاتر ئەکرێ بکرێتە هۆکاری ئەوەی بیردۆزەکان بەهەڵەبخرێنەوە و بیردۆزی خەیاڵنەکراو (لە ئێستەدا) بێتە جێیان لە داهاتوودا. بۆ نمونە سەردەمی نیوتن کەس خەیاڵی بیردۆزی ئەنشتاین نەدەکرد(کە داتا و بەڵگەی زیاترە لە هی نیوتن).


جا بەپێی ک.براد ڕای هیچ جیاوازییەکی بنەمایی نییە لەنێوان بیردۆزەکانی ئەمڕۆ و ئەوانەی ڕابردوو و ئەوەی هەیە بەڵگە و داتای زیاتر و خێراییەکی زیاتر لەگەشەی زانست هەیە کە هەموو جیلێکی زانایان بانگەشەیان بۆ کردووە وەک زانایانی(و فەیلەسوفانی زانست) ئەمڕۆ.


بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەم سەرچاوانە بکە:

1.How the growth of science ends theory change , Ludwig Fahrbach

2.Resisting scientific realism , k.brad wray



بۆچی بیردۆزە زانستیەکان کاردەکەن؟ یان بۆچی سەرکەوتوون ؟ ئەکرێ بیردۆزی هەڵە سەرکەوتووبێت ؟


ئارگومێنتی موعجیزات نییە no miracles چییە؟ 


فەیلەسوف هیلاری پوتنام ئەم ئارگومێنتە پێشکەش دەکات بەم شێوەیە:

موعجیزە دەبێت ئەگەر بێتو سەرکەوتنی بیردۆزە زانستیەکان لە پسپۆڕیە گەشەسەندووەکان پشاندەری پێکهاتەی گەردوون نەبن.


1.بیردۆزە زانستیەکانی ئێستا لەپسپۆڕیە گەشەسەندووەکان وامان لێدەکەن پێشبینی ورد بکەین ، واتا بیردۆزەکانمان سەرکەوتوون.

2.سەرکەوتنی بیردۆزەکانی ئێستا یان بەهۆی ئەوەیەکە بەوردی پشاندەری پێکهاتەی گەردوونن یان بەهۆی موعجیزەوەیە.

3.سەرکەوتنی بیردۆزە زانستییەکان بەهۆی موعجیزەوە نییە

دەرئەنجام. بەم شێوەیە سەرکەوتنی بیردۆزەکان بەهۆی ئەوەوەیە کە پشاندەری پێکهاتەی گەردوونن.


ڕەخنە لەم ئارگومێنتە selectionist explanation :

لەبەرامبەر ئەم ئارگومێنتە ڤان فراسن جێگرەوەیەک دێنێت ، دەڵێت بەڵێ بیردۆزەکان بەهۆی موعجیزەوە سەرکەوتوو نین بەڵام مانای ئەوە نییە پشاندەری پێکهاتەی گەردوونن ، بەڵکو بیردۆزەکانی ئەمڕۆ سەرکەوتوون بەهۆی لەناوچوونی بیردۆزەکانی ڕابردوو لە پرۆسەی دیاریکردندا هەروەکو پرۆسەی دیاریکردن لە ململانێی جیهانی بایۆلۆجی.


ڤان فراسن نمونەیەک ئەدات تا تێبگەین لێی ، بەراوردی بیردۆزە سەرکەوتووەکان بە ڕاکردنی مشک لە پشیلە دەکات ، هەموو مشکێک ڕادەکات لە پشیلە ، بۆ تەفسیری ئەم ڕەفتارە ، پێویستمان بەوە نییە وادابنێین مشکەکان لە حەقیقەتی ژینگە تێدەگەن ، پێویست ناکات وابزانین مشکەکان  پشیلەکان بە دوژمن بزانن ، بەڵکو دەبێ وابیربکەینەوە ئەو مشکانەی لە پشیلەکان ڕایان نەکردووە و ئەم خویەیان پەیدانەکردووە توشی لەناوچوون بوون. بەم شێوەیە سەرکەوتنی مشکەکان لێکدەدرێتەوە بێ ئەوەی بچینە لای تەفسیرێکی گومان هەڵگر(کە ئاخۆ مشکەکان پشیلەکان بە دوژمن دەزانن ؟). جا بیردۆزە سەرکەوتوەکانی ئەمڕۆش لێکدەدرێنەوە بەو شێوەیە بێ ئەوەی وادابنێین پشاندەری پێکهاتەی گەردوونن.


بەپێی فەیلەسوف ک.براد ڕای ڕوونکردنەوەی ڤان فراسن بەهێزترە چونکە ئەتوانێ بیردۆزە سەرکەوتوەکانی ڕابردوو ڕوون بکاتەوە کە لە ئێستەدا هەڵەن ، بەڵام بەرامبەرەکەی ناتوانێ ڕوونکردنەوە بدات چونکە بەپێی ئەو بیردۆزەکان پشاندەری پێکهاتەی گەردوون بوون و ناشکرێ بڵێین بیردۆزەکە چیتر  پێکهاتەی گەردوون پشان نادات.


بۆچی پێشبینی نابێتە هۆکار بۆ ڕاستبوونی بیردۆزەکان ؟ چونکە لە مێژووی زانستدا چەندین نمونە هەیە کە بیردۆزی هەڵە پێشبینی بەهێزی کردووە ، فەیلەسوف مارتن کاریەر دوو نمونە پێشکەش دەکات :

1.دۆزینەوەی تایبەتمەندیە reductive ەکانی هایدرۆجین بەهۆی بیردۆزی فلۆجیستۆن.

2.یەکسانبوونی گازەکان لەڕووی کشانی گەرمیەوە بەهۆی بیردۆزی کالۆری گەرما.


هەروەها فەیلەسوفانی وەک بۆس تیمسۆنی و پیتەر ڤیکەرس ، هەر یەک لە بیردۆزە هەڵەکانی وەک بیردۆزی ئەتۆمی بۆهر  ، بیردۆزی ئەتۆمی داڵتۆن ، میکانیکی نیوت ، خشتەی خولی مێندیلیڤ ، بیردۆزی سروشتی ڕووناکی فرێسنل ، وەک نمونە پێشکەش دەکەن کە پێشبینی بەهێزیان کردووە کاتی خۆیان.


بۆ خوێندنەوەی زیاتر سەیری ئەم سەرچاوانە بکە:

1.Putnam, H. (1975). What is mathematical truth? In: Putnam, H.: Mathematics, matter and method, Collected Papers Vol. 2. Cambridge: Cambridge University Press.

2.The scientific image

Book by Bas van Fraassen

3.Resisting scientific realism

4.A Confrontation of Convergent Realism

Peter Vickers


کەوابوو هیچ بیردۆزێکی زانستی یەقین و دڵنیایی تێدا نییە جا کاتێک لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەڵێن بیردۆزی تەقینەوە مەزنەکە یاخوود پێچەوانە بوونی گەردوون بەو شێوەی دەستی پێکرد big crunch ئیعجازی زانستی قورئانن ، بانگەشەیەکی لاوازە.



با بچینە لای خاڵی

3.بوونی زانیاریەکان لە سەرچاوەی غەیری قورئان 

بەشێک لەو زانیاریانەی کە لایەنگرانی ئیعجازی زانستی بانگەشەی دەکەن کە زانستی مۆدێرن تازەکەشفی کردوون ، پێشتر هەبوون لەسەرچاوە و شارستانیەتەکانی پێش قورئان بۆ نمونە :


1.جیابوونەوەی ئاسمانەکان و زەوی کە لایەنگرانی ئیعجازی زانستی پێیان وایە باسی بیردۆزی تەقینەوە مەزنەکەیە لە ئەدەبیاتی سۆمەری هەیە ، لە Song of the hoe باس لەوەدەکات کەخوداوەند ئینلیل enlil ئاسمانەکان جیادەکاتەوە لە زەوی ، ئایا دەکرێ بڵێین ئەمە ئیعجازی زانستیە لای ئەوانیش ؟


سەیری ئەم سەرچاوە بکە بۆ درێژەی بابەت:

https://www.metmuseum.org/toah/hd/epic/hd_epic.htm


2.ڕووناکی مانگ کە لەخۆرەوە وەریدەگرێ و خاوەنی ڕووناکی خۆی نییە ، لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەڵێن قورئانیش بەڕووناکی وەرگیراو باسی مانگی کردووە کەوایە ئەمە ئیعجازە و زانست سەردەمی مۆدێرن دۆزیویەتیەوە ئەم ڕاستیە ، بەڵام یۆنانیەکانیش کۆن ئەم زانیاریەیان زانیوە لە پێش زاینەوە بۆ نمونە تالیس یان ئاناکساگۆراس Anaxagoras یان ئاریستاکۆس ، هەموویان دەڵێن مانگ خاوەنی ڕووناکی خۆی نییە و لەخۆرەوە وەریدەگرێ ، ئایا ئەتوانین بڵێین ئەمە ئیعجازی زانستییە ؟ 


سەیری ئەم سەرچاوە بکە بۆ درێژەی بابەت:

https://www.smithsonianmag.com/science-nature/ancient-greek-philosopher-was-exiled-claiming-moon-was-rock-not-god-180972447/


3.ڕەگی شاخەکان کە لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەیکەنە بەڵگە بۆ خۆیان و پێیان وایە زانستی مۆدێرن تازە دۆزیویەتیەوە ، هەڵەن چونکە لە پەیمانی کۆن کتێبی jonah بەشی دوو دێڕی 6 باس لەوە دەکات شاخەکان ڕەگیان هەیە.

ئایا دەکرێ بڵێین ئەمانیش ئیعجازی زانستیان هەیە؟ 


جا بۆیە بوونی بەشێک لەو زانیاریانەی لایەنگرانی ئیعجازی زانستی دەیکەنە بەڵگەی خۆیان ، پێشتر باسکراون لە کتێب و نەتەوەکانی ڕابردوودا ، بۆیە نابنە ئیعجازی زانستی ، بەڵام لێرەدا ڕەنگە ڕەخنەیەک دروستبێت و کەسانێک بڵێن قورئان کۆپی ئەوانی کردووە ، بەڵام ئەم ڕەخنە زوو شکستدێنێت کاتێک دراسەی بکەیت لەبەر چەند خاڵێک :

1.هیچ بەڵگەیەکی مێژووی وشوێنەواری نییە کە پەیامبەر د.خ لەکات و شوێنێکی دیارکراودا ئەم زانیاریانەی وەرگرتبێ لە کەسێک یان چەند کەسێک.

2.ئەم زانیاریانە لەسەردەمی پەیامبەر د.خ بەشێکی زۆریان لەبەردەستنەبوون یاخوود نەتوانراوە بخوێنرێنەوە و دوای چەندین سەدە دۆزراونەتەوە یاخود وەرگێڕان کراوە بۆیان.

3.وە ئەوەی ناوازەیە و ئەم ڕەخنە بەتەواوی پوچەڵ دەکاتەوە قورئان لەهەمان باسدا بەجیاواز شتەکان دەڵێت کە پێچەوانەی کتێبەکانی ڕابردووە بۆ نمونە لە پەیمانی کۆن و کتێبی پەیدابوون خودا پاش ئەوەی ئاسمانەکان و زەوی دروستدەکات ، ڕۆژی حەوتەم پشودەدات چونکە هیلاک بووە ، بەڵام قورئان بە پێچەوانەوە دەڵێت :

وَلَقَدۡ خَلَقۡنَا ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ وَمَا بَيۡنَهُمَا فِي سِتَّةِ أَيَّامٖ وَمَا مَسَّنَا مِن لُّغُوبٖ(38)ق

واتا:به‌ڕاستی ئێمه ئاسمانه‌کان و زه‌وی و هه‌رچی له‌نێوانیاندا هه‌یه به‌شه‌ش ڕۆژ دروستمان کردوون، هیچ ماندویه‌تیه‌کیش ڕوی تێ نه‌کردین.


یاخوود مردن و نەخۆشی پەیوەست کراوە بە تاوانی ئادەم لە کتێبی پەیدابوون کە جولەکە و مەسیحیەکان باوەڕیان پێیە واتا لەدوای تاوانەکەوە مردن و نەخۆشی و شیبونەوە دووچاری زیندەوەران و گەردوون دەبن بەڵام قورئان پێش دروستبوونی مرۆڤ باس لە خوێنڕێژی دەکات کە لە زەویدا هەبووە و تاوانی ئادەم پەیوەندی نییە بە نەخۆشی و ئازار و مردن.


بۆیە چەندین نمونەی تر هەن کە ئەوە دەسەلمێنێ قورئان کۆپی هیچی کتێبێکی تر ناکات ، و بۆ زانیاری زیاتر لەسەر وەڵامی ئەم ڕەخنەیە خوێنەری ئەم کتێبە بە

(هل القرآن الكريم مقتبس من كتب اليهود والنصارى؟)



5.وتەی زانایانی ئیسلام دژی تێڕوانینی ئیعجازی زانستی


لەکۆتایدا پاش چەندین هۆکاری بەهێز کە بنەما و مەنهەجی ئیعجازی زانستی هەڵدەوەشێننەوە ، حەق دەدەین بەو زانایانەی دژی ئیعجازی زانستی قسەیان کردووە ، ئەمەش نمونەی چەند زانایەک :


موزەفەر ئیقبال لە کتێبی دراسەی قورئاندا دەڵێت : بەگشتی ، ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ دۆزینەوەی زانستی مۆدێرن لە قورئاندا یان ڕاستبوونی قورئان بسەلمێنرێت بە زانستی مۆدێرن ، بەشێوەیەکی بنەڕەتی هەڵەن ، لەبەرئەوەی ئەناڵێنن بە سەرلێشوانێکی بیرۆکەیی کە دروستبوە لەلایەن زانستگەرایی هەمەجۆر. (لایەنگرانی ئیعجازی زانستی) وشە و بیرۆکە قورئانیەکان هەڵدەوەشێنن و لە سیاق دەریان دەکەن تاوەکو بیردۆزە زانستیەکانی مۆدێرن بخزێننە ناو قورئانەوە.


شێخ یوسف حەمزە دەڵێت :

ئەمەوێ بڵێم کە من بەگومانم لە هەرشتێک کە قورئان ئەبەستێتەوە بە مەعریفەی زانستی ، سوقرات کۆتا وشەی لەسەر زانست ئەوەبوو چۆن شتێک بە مەعریفە دائەنرێت کە هەمیشە بگۆڕدرێت.وە سروشتی زانست ئەوەیە کە هەمیشە دەگۆڕێت وە ئەگەر باوەڕ بەوە نەکەیت ئەوا مێژووی زانستت نەخوێندوەتەوە. 


تەنانەت لە زانایانی کۆنیش هەن ئاگاداریان داوە لەوەی هەموو زانیاریەک نەبەسترێتەوە بەقورئان لەوانە ئەبوئیسحاق شاتبی دەڵێت: چەندەها خەڵک هەموو سنورەکان دەشکێنن وە بانگەشەی نەگونجاو دەکەن دەربارەی قورئان کە هەموو جۆرە زانیاریەک دەدەنە پاڵی هی ڕابردوو و ئێستا وەک زانستە سروشتیەکان و بیرکاری و لۆجیک. بەتەواوی ئەمە ڕێگەپێدراو نییە بدرێتە پاڵ قورئان کە شتێک بانگەشەی ناکات هەروەکو چۆن هەڵەیە ئینکاری ئەوە بکەی بانگەشەی دەکات.


جا پوختەی قسە ئەوەیە قورئان نە باسی زانستی مۆدێرن دەکات و نە ئیعجازی زانستیشی تێدایە بەڵکو کتێبێکە کە خودی خۆی موعجیزەیە و بۆ هیدایەت دان و وەڵامی پرسیارە وجودیەکانی مرۆڤ هاتووە ، بۆ جوڵاندنی بیرو مێشکی مرۆڤ ، هاتووە تا پەیوەندی مرۆڤ بە خۆی و مرۆڤی تر و خوداوە ڕێکبخات و پشان بدات. جا ئەگەرچی نیەتی دڵی لایەنگرانی ئیعجازی زانستی باشە و پێیان وایە کارێ باش دەکەن ، ئەوا دەڵێین لەسەر ڕێگایەکی هەڵەن و تەنانەت مەترسیدارن ، پەیمانگای سەیپیەنس کە لەچەند بانگخوازێکی ئیسلامی پێکدێت لەڕۆژئاوا دەڵێن ئیعجازی زانستی بووەتە هۆکاری هەڵگەڕانەوەی چەند موسڵمانێکی تازەبوو چونکە پێیان وابووە قورئان ئیعجازی زانستی تێدایە و ئیمانیشیان بەقورئان لەسەر ئەوخاڵە بووە جا کاتێک دۆزویانەتەوە ئیعجازی زانستی قورئان هەڵەیە ئیمانیان لەدەست داوە ، جا کەوابوو ئێمە بۆچی ئێمە قورساییەک بخەینە سەر قورئان کە بۆ هەڵگرتنی نەهاتوە ؟ بۆچی بە ئارگومێنتە عەقڵی و فەلسەفی و قورئانیەکە بانگێشتی کەسانی تر نەکەین ؟


حەزدەکەم ئەم قسانەی زانای ئاینی محمد عەبدە ببێتە کۆتا وشە :

ئەگەر ئەرکی پەیامبەر بوایە سروشت و زانستە گەردوونیەکان ڕوون بکاتەوە ، ئەوا دەبووە کۆتای پێهاتنی چالاکی ژیریەکانی مرۆڤ و بیری ، وە ئەوەش دەبێتە تێکچونی ئازادی مرۆڤ... پەیامبەر ئامۆژگاری خەڵکی بەپوختی کردووە کە ژیری و بیریان بەکاربێنن بۆ هەر شتێ کە خۆشگوزەرانتریان دەکا ، مەعریفەیان زیاد دەکات ، وە بێگومان لەکۆتایدا ڕۆحیان پێشدەخات...جا کەوابوو دەرگاکانی ئەم زانستانە بیرکردنەوە و تاقیکرنەوەیە نەوەک کلتور و زانستە ئاینییەکان.


سەرچاوە:

محمد عمارة ، الإسلام وقضايا العصر 1980 ، پەڕەی 75



لەکاتی خوێندنەوەی نوسینەکە چەندین سەرچاوەم داناوە بەڵام ئەم دوو سەرچاوەیە گشتین و باشن بۆ زانیاری زیاتر :

1.Islam's Quantum Question: Reconciling Muslim Tradition and Modern Science

Book by Nidhal Guessoum

2.the failed hypothesis?

https://youtu.be/ox_O3QFUc_A


لەکاتی بوونی ڕەخنە یاخوود پرسیار نامە بۆ ئەم ئیمێڵە بنێرە:
rasparoffical@gmail.com

Comments

  1. This comment has been removed by the author.

    ReplyDelete
  2. پووخت و پڕ سوود و بووژێنەرەوە بوو ، بەردەوام بن خودا پشتیوانتان بێت

    ReplyDelete