پوختەیەکی ساددە سەبارەت بە مەبەست و گرنگی تەلیسکۆبی جەیمس وێب
ئەمڕۆ کە ڕۆژێکی مێژوویی بوو بۆ مرۆڤایەتی بە ناردنی یەکێک لە مەزنترین و پێشکەوتووترین داهێنانەکانی بۆ بۆشایی ئاسمان لە لایەن هەریەکە لە دەزگای NASA، ئاژانسی بۆشایی ئەوروپا (ESA) وە ئاژانسی بۆشایی کەنەدی (CSA) بەهاوبەشی دروست کراوە. کە ناسراوە بە تەلیسکۆبی بۆشایی جەیمس وێب. کە لێرەدا زۆر بە کورتی و ساددەیی پوختەیەک سەبارەت بە ئەرک و مەبەستی تەلیسکۆبەکە و گرنگیەکەی دەخەینە ڕوو.
تەلیسکۆبی جەیمس وێب زۆر پەیوەندی بە تەلیسکۆبی هابڵەوە هەیە. بۆیە سەرەتا پێویستە کورتەیەک سەبارەت بە تەلیسکۆبی هابڵ بزانین. کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠ تەلیسکۆبی مەزنی هابڵ نێردایە بۆشایی ئاسمان توانی دەسکەوتی زۆر نایاب و مێژووی بەدەست بهێنێت، لە ڕوانگەکردن و دۆزینەوەی تەنە ئاسمانیە جیاوازەکان، وەکو هەسارە و ئەستێرە وە گەلەئەستێرەکان و هتر.
لەو کاتەی زانایان وایانزانی کە زۆربەی گەردوونیان کەشف کردووە و شتێکی وەها گەورە نەماوە لێی بڕوانن لە سالێ ٢٠٠٤ زانایان بڕیاریان دا کە سەرنجی تەواوی تەلیسکۆبەکە بخەنە سەر ناوچەیەکی تاریک لە نێوان گەلەئەستێرە بینراوەکان کە وا دەزانرا هیچ تەنێکی ئاسمانی وەها بوونی نیە تێدا یاخود ژمارەیان زۆر کەمە و دەکرێت فەرامۆش بکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک چاوەڕوانی شتێکی تەواو نامۆ و پێشبینی نەکراو هاتە بەردەمی زانایان، کە بریتی بوو لە دەرکەوتنی هەزاران ئەستێرە و گەلەئەستێرەی تر لەو ناوچە بچووکە تاریکەدا، کە دەرخەری ئەوەبوو کە گەردوون یەجگار زۆر فراوانتر و بەتەمەنترە لەوەی پێشبینی دەکرا وە بووە هۆی ئەوەی تێڕوانینمان بۆ گەردوون بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت و پلان بۆ لێکۆڵینەوەی زۆر وردتر و ئاڵۆزتر دابنرێت.
ئەم وێنەیەی تەلیسکۆبی هابڵ ناسراوە بە (Hubble Deep Field Image). هەروەکو لە وێنەکانی خوارەوە نیشان دراوە:
لەم وێنەیەدا بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆجیای پێویست لە تەلیسکۆبی هابڵدا نەدەتوانرا تەنە ئاسمانیە دوورترەکان ببینرێن لە نێو ناوچە تاریکە بچووکەکانی ئەم وێنەیەدا، بە هۆی ئەوەی دووری ئەو تەنە ئاسمانیانە ئەوەندە زۆرە کە درێژی شەپۆلەکەی زۆر درێژبۆتەوە و بە چاوی ئاسایی و تەلیسکۆبی هابڵ نەبینراون.
ئەمە هۆکارە سەرەکیەکە بوو بەڵام سەرەڕای ئەم هۆکارانە هۆکاری تریش بوونی هەبوو کە پێویست بوو باشتر بکرێن، بۆ نموونە نزیکی تەلیسکۆبی هابڵ لە زەویەوە و خولانەوەی لە خولگەی زەوی بووە هۆی ئەوەی زۆر بە ئەستەم بتوانرێت وێنەی ورد و ڕوون بگیرێت و دەبوو دواتر ڕاستکردنەوە بۆ وێنەکان بکرێت، وە ڕۆشنایی خۆریش زیاتر بەر هاوێنەکانی تەلیسکۆبەکە دەکەوت و کارەکەی هێندە زەحمەتر دەکرد. ئا لێرەدا پلان بۆ تەلیسکۆبێکی تر دانرا کە هەموو ئەم کەم وکورتیانە ڕاست بکاتەوە و ئەو ئەرکانە ئەنجام بدات کە تەلیسکۆبی هابڵ بۆی نەدەکرا ئەنجامی بدات.
کە بتوانێت ئەو ڕووناکیە یەجگار زۆر نزمە ببینێت کە پاش سەدان ملیۆن ساڵ لە تاریکایی دوای ڕوودانی بیگ بانگ پەیدابوونە، لەو کاتەی کە بۆشیایی تەنیا گەردیلەکانی هایدرۆجینی تێدا بوو.
بەم ئامرازە نوێیەش گوترا (James Webb Space Telescope)، کە سەرەتا ناوەکەی بریتی بوو لە نەوەی داهاتووی تەلیسکۆبی بۆشایی (Next Generation Space Telescope).
تەکنەلۆجیا زۆر پێویستەکەش کە لە تەلیسکۆبی هابڵدا نەبوو لەو سەردەمە بریتی بوو لە وەرگری تیشکی ژێر سوور کە درێژی شەپۆلی زۆرە و لە دەرەوەی بواری بینینی چاوی مرۆڤە. کە بەستنەوەی ئەم تەکنەلۆجیایە بە تەلیسکۆبەکە وادەکات بتوانین ئەو ڕووناکیە کزە ببینین لەو ئەستێرە و گەلەئەستێرە دوورانەی کە تازە درووست دەبوون پێش ١٣ ملیار ساڵ بەر لە ئێستا. وە سەرەڕای ئەمەش ناردنی تەلیسکۆبەکە دوور لە خولگەی زەوی و بۆ ناوچەیەکی دوور کە ناسراوە بە وخولگەی L2، کە بکەوێتە ژێر سێبەری هەساری زەوی و نەبوونی جوڵەی زۆر و ڕۆشانی خۆر نەبێتە هۆی کەم و کورتی لە وێنەکانی تەلیسکۆبەکە.
کە بە بینینی ڕووناکی ئەم تەنە ئاسمانیانە دەکرێت پێکهاتە کیماییەکەیان دیاری بکرێت و بزانرێت کە ئەو ئەستێرە و گەلەئەستێرانەی وا تازە لە گەردوون دروست دەبوون پێکهاتەی کیمیاییان چۆن بوو و لە چ شتێک پێک هاتبوون، بۆیەشە دەگوترێت توانای بینینی ڕابردووی گەردوونی هەیە.
ئەمە ئەرکە سەرەکیەکەی تەلیسکۆبی جەیمس وێبە بەڵام سەرەڕای ئەم ئەرکە چەندان ئەرکی ترێ لە ئەستۆ دانراو و پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای ئەم سەردەمەی تێدا کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی چەندان لێکۆڵینەوەی ورد و مەزن ئەنجام بدات لە بواری زانستی گەردووناسیدا و ببێتە ئەو ئامرازەی کە دەیتای پێویستمان پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی وەڵامی گەورەترین پرسیارەکانی ئەم سەردەمە بدرێتەوە لە بواری زانستی گەردووناسیدا.
Comments