کاتێک زانست تێکەڵی سیاسەت دەبێت، هەموو ئەوەی لە ئەنجامدا بەدەست دێت تەنیا سیاسەتە.

 


فرانسس بەیکن ڕاویژکاری شاژنە ئیلزبێثی یەکەمی ئینگلتەرا و بنیاتسازێکی سەرەکی میتۆدی زانستی، دەیگوت: 

"ئەگەر بە هۆکاری شتەکان نەزانبین و کردەوە ئەنجام بدەین بێ ئەوەی زانیاریمان هەبێت ئەوا کردەوەکانمان شکست دێنن و زەرەر و زیانی زۆر دروست دەکەن". 

بەیکن پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕوانگەکردنی وریایانە بۆ دیاردە سروشتیەکان، هاوشانی تاقیکردنەوە و کۆکردنەوەی دەیتا و شیکردنەوە، دەکرێت بەکاربێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە میکانیزمەکانی سروشت. میتۆدەکەی بە میتۆدی  استقرائي یاخود میتۆدی ئیندەکتیڤ ناسراوە (Inductive Method)، کە بریتییە لە سەیرکردنی شتە دیاریکراوەکان (Particulars) وەکو ڕوانگەکردنەکان، بۆ بەدەست ‌هێنانی شتە گشتیەکان (General) وەکو یاساکان.

کاتێک پاشا چارلسی دووەم کۆمەڵگەی شاهانەیی لە ساڵی ١٦٦٠ دامەزراند، بیرۆکەکانی بەیکن وەکو بنچینە و مەبدەئی ڕێنماییکەر بەکاردەهاتن لە فەلسەفەی سروشتدا (Natural Philosophy) کە سەرەتا زانست بەو ناوە ناسرابوو.

میتۆدەکە بەدوور نیە لە مەترسی و بەهەڵە بەکار‌هێنان، هیچ بیردۆزێکی زانستی کە پشتی بە میتۆدی ئیندەکتیڤ بەستبێت ناکرێت یەکسان بکرێت بە کۆتا ڕاستی و ڕەها بۆ هەر بەبەتێک. بەڵام، ئەوەی زۆر گرنگە، میتۆدەکە زۆر بەهێزە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کە دواتر بەکاردێن بۆ بنیاتنانی بنچینەی گشتی کە وەسفی شێوازی کارکردنی جیهانی سروشتی دەکەن. کە لە لایەن کۆمەڵگەی زانستیەوە دەپشکنرێت و وردبینی دەکەن، زانیاری زانستی تاکە ڕێگەیە بۆ بەرەو پێشبردنی تەکنەلۆجیاکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، لە دژە زیندەیەکانەوە واتا حەب و دەرمان وە ڤاکسینەکان تاوەکو مۆبایلە زیرەکەکان و ئۆتۆمبێلە ئێلێکترۆنیەکان.

تاکە هۆکار کە بۆ نموونە دەچیتە ناو فڕۆکەیەک بە متامنەوە بەهۆی متمانەتە بە زانست جا چ ئاگاداربیت یاخود نا... متمانەت بە دیزاینی ئێیرۆداینامیکی بەکارهاتوو هەیە لە باڵەکانی فڕۆکەکە، وە بۆ نموونە، متمانەت بە سووتانی کیمایی و هێزی فیزیایی هەیە لە فڕۆکەکەدا و متمانەشت بە سیستەمی ڕێنیشاندەر هەیە، کە سیستەمێکی زۆر ئاڵۆزە و پێکهاتووە لە ڕادار و GPS و سووڕی کارەبایی و کارۆموگناتیسی ناوازە، وە متمانەت بە شارەزایان و فڕۆکەوانەکە هەیە.

پارادۆکسی ئەم سەردەمە

پارادۆکسی سەردەمی ئێمە ئەوەیە کە هەرچەندە لە جیهانێک دەژین کە پشت دەبەستێت بە بنەماکانی زانست و تەکنەلۆجیا جیاوازیەکان، متمانە بە زانست و زاناکان بەردەوام دەخرێتە ژێر پرسیارەوە لە لایەن خەڵکانێک کە شارەزایەکی وایان نیە لە زانست و چۆنیەتی کارکردنی زانست. ئەمە تەنیا هێرشە بێماناکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ناگرێتەوە بەڵکو سەبارەت بە پرسیارکردنە بەشێوازێکی ڕەخنەیی دەربارەی زانست و زانیاریەک کە بە ناڕەحەتی و تێکۆشانی زۆرەوە لە درێژایی چەندان ساڵ بە دەست ‌هێنراوە و خوێندن و لێکۆڵینەی بەردەوامی تێدا کراوە و لە کۆتایشدا زۆر بە ڕووکەشی بڕیاڕ دەدرێت کە ئەو زانست و زانیاریە هەڵەیە. چۆن ئەمە حاڵەتە هاتە ئاراوە؟

دوای جەنگی جیهانی دووەم، زاناکان شادوومان بوون بەو ڕێز و بەرزیەی لە دیدەنی کۆمەڵگەوە هەیان بوو. داهێنانە تەکنەلۆجیاکان کە یەکلاکەرەوەی ئەنجامی شەڕەکە بوون زۆر پشتیان بە پێشکەوتنی زانست دەبەست: فیزیای کوانتەم و ناوەکی، ڕادار، کۆمپیتەر و شکاندنی کۆد، تەقەمەنی بەهێز، تەکنەلۆجیای فڕین، فڕۆکە و کەشتی خێراتر، وە کەشتی ژێر ئاو کە لە قوڵایی زۆر دەڕۆیشتن. لیستەکە زیاتر دەڕوات و دەڕوات. هاوپەیمانیەکی زۆر توند و تۆڵتر هەبوو لە نێوان زانست و دەوڵەتدا، کە ئەمەش هەر بوونی هەبووە لە مێژووی ڕۆژئاوادا لە سەردەمی یۆنانیەکانەوە. بۆ نموونە، ئەرخەمیدس بە تۆپ هاوێژەرەکانی و ئاوێنەی دروستکەری ئاگر کە بەکاردەهاتن بۆ پاراستنی شاری سیراکیوز (Syracuse) لە بەرامەبەر داگیرکاری ڕۆمەکان.

جەنگی سارد ئەم پێگەی بۆ زانست زۆر زیاتر کرد، وە پاڵپشتی دارایی زۆر زیاتر کرا بۆ توێژینەوە زانستیەکان. وە هەروەها تێگەیشتنێک بەربڵاوبوو کە بنەماکانی زانست کڕۆکی داهێنانە تەکنەلۆجیاکانن، بۆیەشە بابەتی زۆر بنچینەیی و ئەبستراکتی شایەنی پاڵپشتی دارایی بوون.

کە زانست بەرەوپێش چوو، زیاتر بووە شتێکی تەکنیکی و ئاڵۆز وە زیار دوور دەکەوتەوە لە تێگەشتنی عامی خەڵکی. فیزیای کوانتەم، بۆماوەزانی، کیمیای زیندەیی، AI...هتر. هەمووی بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەمان، تەنانەت ئەگەر کەسانێکی کەم زانیاریان هەبێت سەبارەت بەم بوارانە. تەنانەت شارەزایانیش گۆشەگیر بوونە لە نێو بواری توێژینەوەی خۆیان. شارەزا و ئختیساس بوون لە ئێستادا بریتیە لەو شێوازەی زانیاری نوێ بەرهەمدێت، چونکە وردەکاری یەجگار زۆر هەیە لە هەر ژێر بوارێک کە شارەزاییان تێدا پەیدا کردووە.

زانایەکی فیزیای ئەستێرەناسی یاخود ئەسترۆفیزیکی کە ئختیساسی لە کونە ڕەشەکان بێت بە شێوەیەکی پڕاکتیکی هیچ نازانێت سەبارەت بە فیزیای گرافین یان کوانتەمی بینایی. ئختیساس بوون ڕۆڵیکی دوانەیی هەیە: ژێر بواری خۆی بە‌هێز دەکات بەڵام تێگەشتنی جیهانی بۆ بوارەکە لاواز دەکات. ئختیساس بوون وادەکات زەحمەتر بێت بۆ زاناکان بۆ ئەوەی ببن بە دەنگی کۆمەڵگە لە بوارەکانی خۆیان بە شێوەیەک کە تێکەڵ و ساددە بێت بۆ خەڵکی عامی کۆمەڵگە.

ڕاستیە نەگونجاوەکان

شتەکان زۆر ئاڵۆزتر بوون کاتێک پەیوەندی نێوان زانست و کۆمەڵگە گۆڕا. لە سەرەتای نزیکەی ساڵانی ١٩٦٠ زاناکان دەستیان کرد بە بەکار‌هێاننی دۆزینەوەکانیان بۆ ئەوەی خەڵک و حکومەتەکان ئاگادار بکەنەوە سەبارەت بە مەترسیەکانی هەندێک بەرهەمی دیاریکراو وە کاری پیشەسازی نەپشکنراو و زیان بەخش و گەشەسەندی دانیشتوان. جگەرەکێشان خراپە بۆت. قەیرانی وزە و ئاو دێتە ئاراوە لە مرۆڤی زیاتر و زیاتر زیاد دەبن لە جیهان. گۆڕانی کەش و هەوا جەهەنەمێک لەسەر زەوی دروست دەکات. پیسبوون سەرچاوەکانی ئاو و زەریا و بەرگەهەوا خەڵکی نەخۆش دەکات، ئاژەڵان دەکوژێت و سەرچاوە سرووشتیەکان لەناو دەبات. لە کاتێکدا، ئێمە، وەکو جۆرێکی زیندەوەر – تەنانەت ئەگەر بڵێن لەم زەویە زیرەکترین جۆری زیندەوەرین – ناتوانین بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ کاربکەین بۆ ئەوەی شێوازی مەمەڵەکردنمان لەگەڵ ئەو تاکە ژینگەیەی تێدا دەژین بگۆڕین.

ئەم دۆزینەوانە کە هەندێکیان بە دەیان ساڵ پێش ساڵەکانی ١٩٦٠ دەگەڕێنەوە زۆر نەگونجاو بوون بۆ زۆر کەس. نەگونجاو بوو بۆ پیشەسازی جگەرە کێشان ، پیشەسازی ئۆتۆمبێل، پیشەسازی وزەی بەبەردبوو واتا نەوت و گاز، وە پیشەسازی ماددە کیماییەکان. بۆیە، زاناکان لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٥٠، بوونە سەرچاوەی هەواڵە بێزارکەرەکان، هەڕەشە بوون بۆ شێوازی ژیانی خەڵکی و داهاتی سێکتەری گەورەی ئابووری. هەموو ئەمانە دەبوو بوستێنرێن!

زاناکان ئاگاداریان ڕاگەیاند، کە چۆن پیشەسازیە جیاوازیەکان ستراتیجێکی کوشندەیان بەرهەمهێناوە بۆ لەکەدارکردنی متامنەی زانایان لەلای خەڵکی، هێرشکردنە سەر زانایان بە ناوی خۆپەرستی و  بەکاهێنانی خەڵکی بۆ ویستی خۆیان. سیاسەتمەداران لە هاوشانی ئەم پیشەسازیانە بوون ڕاستەوخۆ ئەم دەرفەتانەیان ‌هەڵدەقۆزیەوە، وە کەمپەینێک بۆ بە سیاسەتکردنی زانست بە ناو هەواڵ و باسەکان بەربڵاوبوو. زانیاری زانستی بوو بە شتێک کە هەر زانایەک زانیاریەکانی تەنیا بە رای شەخسی خۆیەتی و زانیاریەکانیان بە جدیانە وەرنەدەگیران، شتێک کە فرانسیس بەیکن لە دژی دەجەنگا نزیکی ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر.

میدیاش زۆر ڕێخۆشکەر بوو بۆ هەموو ئەمانە، زۆر جار ڕاوبۆچوونی زۆربەی زانایانی یەکسانی ڕاوبۆچوونی گروپێکی کەمینەی زانایان دەکرا، کە ئاشکرایە چەندە پەشۆکاوی و دوودڵی لە نێو کۆمەڵگە و خەڵکی عامدا دروست دەکرد.

گەشەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیا زیانەکانی زیاتر و زیاتر کرد، کە ئەو تاکە کەسانەی کە هیچ یان زۆر کەم زانیاری و پەروەردەی زانستیان هەبوو ڕێک بازیان دەدا بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆیان دروست بکەن وەک پاڵپشتیکەرانی ئازادی و لیبڕاڵی.

ئاشکرایە ئەنجامەکەش وێرانکەر بوو. لە کۆمەڵەی دژە ڤاکسینەوە تاوەکو کۆمەڵەی ڕەتکەرەوانی گۆڕانی ئاو و هەوا، پێگەی زانستی و زانیاری بووە شتێکی ئازادانە بۆ هەموو کەسێک، بابەتەکە تەنیا بووە ڕاو و بۆچوونی تاکە کەسەکان و هاوتەریبیش لەگەڵ دیدەنە سیاسیەکان، زۆر جار سپۆنسەر دەکرا لە لایەن کۆمەڵە گروپێک کە سوودی هاوبەش کۆی دەکردنەوە.

ئەو دوو بەرەی زانست کە بەبەردەوامی لە ململانێدان

لێرە بەدواوە دوو لایەنی زانست هاتنە ئاراوە: لایەنێکی زانست کە بە میتۆد و توێژینەوە زانستیەکان دژی نازانی نێو کۆمەڵگا دەوەستەنەوە و سوودمەندی کۆمەڵگان. وە لایەنێکی تریشی ئەو توێژینەوە زانستیە زەبەلاحانەن کە ساختە و هەڵەن وە لەلایەن پیشەسازیە جیاوازەکان ساڵانە دەخرێنە ڕوو، وە بە بەرفراوانیش لە میدیاکان خەڵکی پێ دەگەوجێنن...بۆ ئەوەی بە شێوەی ستراتیجی نازانی لەنێو کۆمەڵگا دروست بکەن و ڕاستیەکان پەردەپۆش بکەن، لەپێناو مانەوە و گەشەکردنی بەردەوامی سامانە ماددیەکانیان و ویستە سیاسی و ئایدۆلۆژیاکانیان وە لەئەنجامیشدا سەلامەتی کۆمەڵگاش دەبێتە قوربانی.

بۆنموونە، لەدیارترین بابەتەکانیش کە لە ئێستادا ململانێی زۆری لەسەرە، بریتییە لە پیشەسازی ماددە پلاستیکیە جیاوازەکان وە گۆڕانی ئاووهەوا وە هەروەها بابەتی زانیاریەکانی نێو بۆماوە ماددەی مرۆڤ وە حەب و دەرمانە جیاوەزەکان.

وا زیاتر لە سەدەیەکە ئەو ململانێیە زۆر بەر فراوانتر و ئاشکراتر سەری هەڵداوە و ساختەکاران شەڕی ئاگر بە ئاگر دەکەن، کە میتۆدی زانستی بە میتۆدی زانستی ئەکەن. بەداخەوە لایەنی دووەم پاڵپشتی ماددی و حکومی زۆر زیاترە هەر بۆیەشە بەشێکی زۆری کێشەی نێو کۆمەڵگا و سەر زەویش وا زیاتر لەخراپ بوون و ئاڵۆز بوون دەچێت.

بەڵام لەو سەرەوەش خۆشبەختانە زانا و توێژەری بوێر و بەوەفا هەن کە پیشە و سەلامەتی خۆیان دەخەنە مەترسی لەپێناو ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان بۆ خەڵکی.

بۆیە لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە لەکاتی بینین و خوێندنەوەی هەر باسێکی زانستی، پێشوەختە بەدواداچوونی بۆ بکەی وە یاخود دەست بەجێ بە فاکت و متمانەوە وەرینەگریت تا ئەوکاتەی ڕایە جیاوازەکانیش دەپشکنی و بەراوردێکیان ئەکەی.

پێویستە چی بکرێت؟

بۆ ئەوەی لەم ئاڵۆزیەش دەربچین پێویستی بە هەوڵ و کاری زۆر گەورە هەیە، بەتایبەت لە لایەن کۆمەڵگەی زانستیەوە و میدیا و پەروەردەکاران. زانست پێویستی بە دەنگی بەربڵاوتر هەیە لەلایەن کەسانی خاوەن زانست و ئەزموون، ئەو کەسانەی کە توانای ڕوونکردنەوەی شتەکانیان هەیە پێویستە ڕوونکردنەوە بدەن بە خەڵکی عام سەبارەت بە چۆنیەتی و هۆکاری پڕۆژە و کارە زانستیەکان. کەسانی شارەزا لە بوارە زانستیەکان پێویستە زیاتر سەردانی قوتابخانەکان بکەن و بدوێن سەبارەت بە کارەکانیان. پەروەردەکاران پێویستە وزە بدەنەوە مەنهەجە زانستیەکان بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی واقیعی جیهانی ئەمڕۆ بێت، ئەمەش وادەکات زانست تێکەڵی بوونیەتی مرۆڤ بێت زیاتر.

میژووناسان زۆر جار دەڵێن مێژوو دێت و دەچێت وەک پەندۆڵێک. پێویستە هەوڵبدرێت پەندۆڵی زانیاری زانستی نەگەڕێتەوە بۆ ئەبسکیریتزم و تاریکایی سەدەکانی ڕابردوو، کاتێک تەنیا بەشێکی کەم کە خاوەن هێز و وەسیلەکان بوون کۆنتڕۆڵی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانیان دەکرد لە ڕێگای بەدوورگرتنیان لە زانیاری و تووشکردنیان بە نەزانی و کۆنترۆڵکردنیان لە ڕێگای ترسەوە.


ئارێز محمد

Comments