هەمەچەشنی زانستی: بۆچی زانست بۆ هەندێک پرسیار وەڵامی ساددە و ڕاستەوخۆ ناخاتە ڕوو؟

 

هەمەچەشنی یاخود فرەیی و جیاوازی زانستی "Scientific Pluralism" بریتیە لە و بیرۆکەی کە بۆ وەڵامی هەندێک پرسیار پێویستە لە چەندان گۆشەنیگاوە لێیان بڕوانین و لێکۆڵینەوەیان تێیدا بکرێت. ئەم بابەتەش زۆر گرنگە.

بۆچوونێکی بەربڵاو هەیە کە زانست بریتیە لە پڕۆسە و کارێک بۆ گەشتن بە وەڵامە ساددە و پوختەکان، بێ ئەوەی ئاڵۆزی و نادیاری بمێنێت لە وەڵامەکان سەبارەت بەوەی چۆن سروشت یاخود با بڵێین جیهان کاردەکات.

کێشەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە کێشە زانستیەکان دەکرێت لە چەندین ئاست و گۆشەنیگای جیاوازەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت، بۆیەشە شتەکان بە سروشتی خۆیان زۆر ئاڵۆزتر دەبن لەجیاتی ساددە و ڕوون و ئاشکرا. هەمەچەشنی لە زانستدا شتێکی بەربڵاوە لەنێو زانایاندا.

بۆنموونە:

ـ لە زانستی فیزیادا ڕێژەیی گشتی ڕوونکردنەوە سەبارەت بە شتە زۆر گەورەکان دەدات لەکاتێکدا میکانیکی کوانتەم روونکردنەوە سەبارەت بە شتە زۆر بچووکەکان دەدات.

ـ لە دەروونپزیشکیدا یاخود زانستى نەخۆشيە دەروونيەكان (سايكايەترى)، لە ئاستی تاکە کەسی و فەردیدا کاردەکات بەڵام لەهەمان کاتدا لە ئاستی گەرد و گەردیلەیش کاردەکات.

بەگوێرەی بیرۆکەی هەمەچەشنی زانستی بێت، بۆ زۆرێک لە دیاردەکان، چەندان مۆدێل و ڕوونکردنەوەی جیاواز بوونیان هەیە کە لەهەمان کات و ساتیشدا بوونیان هەیە و کاردەکەن.

زۆرکات دەگوترێت زانست بە بەراورد بە بابەتانی وەکو فەلسەفە و ئەدەب یانیش مێژوو، زانست وەڵامی ساددە و ڕاستەوخۆ دەبەخشێت و دەرئەنجام و کۆنکلوژنی یەکلاکەرەوی هەیە. دەگوترێت سەرقاڵبوون بەم لایەنانەی تر تەنیا کات بەفیڕۆدانە و بەهەدەردانی سامانی ماددیە، وە هیوایەکی واش نیە کە بگەی بە هیچ شتێکی دیاریکراو. 
بەڵام...لەزانستدا جیاوازە، میتۆدی زانستیمان هەیە، گریمانەکردن و تاقیکرنەوە و گەشتن بە دەرئەنجامی کۆتایی. 

لە زانستدا ستەیتمێنت و دەربڕینی یەکلاکەرەوە و ڕاستەوخۆمان هەیە، بۆنموونە: 

ـ گازی نیۆن توخمێکی کیمایی جێگیر و ناچالاکە.
ـ ئێلێکترۆماگناتیزم یەکێکە لە هێزە سەرەکیەکان.
ـ دڵی مرۆڤ چوار بەشە.
ـ سەر ڕووی زەوی لە پلێتی تێکتۆنی پێکهاتووە.

ئا ئەمە زانستە...فاکت و ڕاستیەکان، وەڵامی ڕاستەوخۆ، وە دەرئەنجامی یەکلاکەرەوە و توند و تۆڵ.

بەڵام لەڕاستیدا ئەمە تەواوی باسەکە نیە. لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی:

یەکەم: ئەوەیە کە زانست لەناو خودی خۆیدا ئەو کەرستانەی تێدایە کە چاڵێنجی وەڵامەکانی خۆی دەکات و ڕاستیان دەکاتەوە، بۆنموونە کەرستەی وەکو وردبینە شارەزاکان (Peer Review)، وە تاقیکردنەوەی زیاتر و دووبارە و بەردەوام.

هەرکاتێک "وەڵامێکی نوێ" لەناو لیتریچەی زانستی ڕەخرێتە ڕوو، بەتایبەت ئەو وەڵامانەی کە چاوەڕوانەکراو یاخود شۆڕشگێڕانەن، کۆمەڵگەی زانستی بۆ ئەم جۆرە وەڵامانە چێژی گەورە دەبینن لە چاڵێنجکردنی و هەوڵدان بۆ پشتڕاستکردنەوەی وە یاوخود بەهەڵەخستنەوەی.
 
ئەمەش زۆر گرنگە، چونکە زانست لە ئەساسدا سەبارەت بە فاکت و ڕاستیەکان نیە. بەڵکو، ڕێگا و شێوازێکی بیرکردنەوە و ئامرازێکە بۆ دۆزینەوە و کەشفکردنی زانیاریەکان یاخود با بڵێین مەعریفە.

دووەم: کە زۆر بنچینەتر و گرنگترە، ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا هەندێک شت هەیە تەنانەت خودی زانستیش ناتوانێت وەڵامی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوە بخاتەڕوو. بۆ هەر پرسیارێک کە سەبارەت بە سروشت یاخود جیهانی دەیخەیتە ڕوو، چەندان ڕوانگە یاخود دیدەنی مەعریفەناسی "Epistemology" هەیە سەبارەت بە پرسیارەکە، بۆیەشە چەندان وەڵامی جیاواز دەکرێت بخرێتە ڕوو لەجیاتی یەک تاکە وەڵام. هەرگیز یەک تاکە ڕێگە بوونی نیە بۆ پرسیارێکی زانستی. 

کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبینەوە و پرسیارێک دێتە ئاراوە، بێ ئیرادە و ویستی خۆمان، هەوڵدەدەین لە فکری خۆمان چارەسەر و وەڵامەکە بدۆزینەوە بەو ڕێگایەکەی کە تێیدا ئاشناین و شارەزاین تێیدا. ئەگەرچی ڕێگای باشتریش هەبێت لەوەی فکرمان لێی کردۆتەوە.

 وە زاناکانیش دوور نین لەم کەم و کورتیە. بۆنموونە ئەگەر پرسیارێک بکەین و بڵێین :
" بۆچی هەندێک باڵندە کۆچ دەکەن؟"
 
دەکرێت ڕونکردنەوە ڕەفتاریەکان بەکاربهێنرێن بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، بۆنموونە، پێویستیان بەخواردنە، یان هێلکە دابنێن، لە هێرشبەران ڕابکەن، بگەن بە ژینگەیەکی فێنک و گەرمتر، هتر.
 
یانیش دەکرێت وەڵامێک بدرێتەوە کە زیاتر فیسۆلۆجی بێت، بۆ نموونە، ڕێکخستنی هۆرمۆنەکان، یان هەستیاری بۆ پلەی گەرمی یانیش چالاکی مێشکی، هتر.

لێرەدا کێشەکە ئەوەیە کە هەر پرسیارێکی زانستی دەکرێت وەڵام بدرێتەوە لە چەندین ئاست و ڕوانگەی جیاوازەوە، وە هیچ کامیشیان بەپێی پێویست ڕوونکردنەوەیەک نابەخشن بەتەواوی قەناعەت پێکەر بێت و تەواولێی دڵنیا بین. 

دووبارە لە نموونەیەکی تردا:
لە بابەتی جێگیربوونی یادەوەریدا یاخود با بڵێین یەکخستنی بیرگە "Memory Consolidation".
(یەکخستنی بیرگە بریتیە لەو پڕۆسەیەی کە تێیدا یادەوەریە کورت خایەنەکان دەگۆڕێن بۆ یادەوەریەکی جێگیر و درێژ خایەن) کارڵ کرەیڤر " Carl Craver" چوار ئاستی جیاوازی دیاریکرد لە ڕێکخستنی یادەوەریەکان، بەڵام دەبینین کە هەر یەکەین لەوەی تر باشتر نیە لەڕوونکردنەوەی یادەوەری، بەڵکو هەر یەکەی لە حاڵەت و بارودۆخی خۆی ڕاستە.

لە ئاستی  “computational-hippocampal” دەتوانین یادگە ڕوونبکەینەوە لەڕێگای تایبەتمەندی هەیکەل یاخود سترەکچەری hippocampal وە پەیوەندیەکانی بە ناوچەکانی تری مێشک. کەچی لە ئاستی “molecular-kinetic” وەڵامەکە شتانی وەکو گەردەکانی glutamate و ئایۆنەکانی کالیسیۆم و وەرگرە خانەکان دەگرێتەوە، و هتر.

ئەگەرچی هێشتا دەتوانین وەڵاممان دەستبکەوێت لەم حاڵەتانە و لەهەر ئاستێک لەو چوار ئاستە لێکۆیڵنەوە و دیراسە بکەین، بەڵام پرسیارە گرنگە ئەوەیە ئایە هێشتا تێگەشتنێکی تەواومان هەیە بۆ یەکخستنی یادگە؟
 
لێرەدا دەشکرێت بڵێین کە گەشتووین بە وەڵام و ڕوونکردنەوەیەکی قەناعەتپێکەر، بەڵام بەدیاریکراوی کامە ئاست لەڕووی مەعریفەناسیەوە دروسترینە؟ وە ئایە ئاڵوگۆڕی لەنێوان ئەو ئاستانە نابیتە هۆی کێشە و گرفت؟

هەر لە چوارچێوەی ئەم باسە، لە سایکۆلۆجیدا، زۆرکات شتێک هەیە پێی دەگوتریت “ruthless reductionism” کە بایەس و پێشدادوەریەکە بەوەی کە سەیرکردن و ڕوانگەکردنی شتە وردەکان واتا لە ئاستی نیورۆلۆجی یاخود گەردیلەیی ڕوونکردنەوەی باشترمان پێ ئەدات لەوەی لە ئاستی گەورەتر ڕوانگە بکەین.

لێرەدا گریمانەیەک هەیە کە هەرچەندە بچووکتر و وردتر ببینەوە لە شتەکان، ڕاستەوخۆ ڕوونکردنەوەکانمان باشتر و دروستر دەبێت. 
بەڵام دووبارە فەلسەفەی زانست دێت و پرسیارێک دێنێتە ئاراوە و دەڵێ: ئایە ئەمە ڕاستە؟

ئایە ڕوونکردنەوە وردەکان لە ئاستی گەردیلەیی هەمیشە باشترین ڕوونکردنەوەیە؟ ئایە کەواتە ئێمە تەنیا بەرهەمی کۆمەڵێک گەرد و گەردیلەین کە لەجوڵەی بەردەوام دان و دێن و دەچن؟

زۆربەی فەلسەفەی زانست وا دەردەکەوێت کە هەوڵی بنیاتدانی یەک تاکە ڕوونکردنەوە بۆ جیهان یاخود سروشت دەدات کە هیچ دژە ئارگومێنتێک نەمێنت و تەواو پتەو بێت ڕوونکردنەوەکە، کە ئەمەشە زۆر کات پێی دەگوترێت یەکانگیری زانست "unity of science".

بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەو مۆدێلەی لە کۆنتێستێک یاخود ناوەڕۆکێکی زانستی بەکاردەهێنرێت دەکرێت نەگونجاو بێت و بەسوود نەبێت و بەکارنەیەت لە ناوەڕک یاخود کۆنتێستێگی زانستی تردا.

ئەگەر بێتو مۆدێل و نەخشەیەکی سادەکراو بەکاربێت کە هەژماری لایەنی تر ناکات دەکرێت خاوەن مۆدێلەکە وا گریمانە بکات کە مۆدێلەکی بریتیە لە تاکە ڕوونکردنەوە بۆ جیهان یاخود سروشت لەواقیعدا و وێنایەکی هەڵە ببینێت بۆ سروشت.

بەڵام ئەوکاتەی هەژماری ئاڵۆزی و فرەچەشنی دەکەین لە هەر بابەت و لایەنێک، لەوکاتە پلاتفۆرمێکی گەورە دروست دەبیت کە لەخۆیدا چەندین ڕوونکردنەوە و مۆدێلی جیاواز قبوڵ بکات بۆ هەمان دیاردەی سروشتی.

واتا لەوکاتە هەر مۆدێلێکی زانستی لە کاتی پێویست و هەلو مەرجی خۆی دەکرێت گونجاوبێت و بەکاربێت. واتا فرەچەشنی لە مۆدێل و ڕوونگرنەوەکان لەهەمانکاتدا پێکەوە بوونیان هەبێت. بۆیەشە دەکرێت بڵێین زانست مانای یەک تاکە وەڵام نیە، بەڵکو زانست لەگەڵ چەندان وەڵام بەردەوامە و وەڵامی جیاواز دەگریتەوە و لەگەڵیان دەژێت.

ئەمەش واتا لە واقیعدا زانست مانای پارادیم و تێڕوانینێک نیە کە وەڵامی ڕاستەوخۆ بدات و کۆتایەکەی یەکلاکەرەوە بێت. لە زۆرێک لە بوارەکانی زانست وەڵامی دیاردەکان پەیوەستە بەو مۆدێل و ڕوانگەیەی بەکاریدەهێنی. زانایەکی کیمیا جیهان جیاواز دەبینێت لە زانایەکی بایلۆجی یاخود فیزیا.

بەڵام گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە کێشەکە لە ناو خودی هزر و بیرکردنەوەی خۆماندایە نەک شتێکی مێتافیزیکی بێت و خودی واقیع ئاوا بێت. واتا کێشەکە کێشەیەکی مەعریفەناسیە و سەبارەت بە مەعریفەی خۆمانە.

لە ئەنجامیشدا، زۆر ئەستەمە بۆ هەر فیڵدێکی زانستی بە ئاسانی چڕببێتەوە لە یەک وەڵامی ساددە بۆ پرسیارە ئاڵۆزەکان.

ئارێز محمد

Comments