بنەمای بەهەڵەخستنەوە و کێشەی سنور دیاریکردن



لەپۆستی ڕابردوو باس لە بنەمای پشتڕاستکردنەوە کرا کە چۆن دووچاری کێشە بویەوە و لەبەرامبەریدا بنەمای بەهەڵەخستنەوە پێشکەشکرا.

کارڵ پۆپەر کە یەکێکە لەدیارترین فەیلەسوفانی زانست و یەکێک بوو لەوانەی ڕەخنەی دەگرت لە بنەمای پشتڕاستکردنەوە ، وە پێی وابوو یەکێک لە کێشەکانی تری بنەمای پشتڕاستکردنەوە نەتوانینیەتی لە سنوردارکردن و جیاکردنەوەی بابەتی زانست لە بابەتی نازانستی ، بۆ نمونە چی وادەکات گەردوونناسی cosmology زانست بێت و ئەستێرەبازی astrology زانست نەبێت ؟ 

بۆ چارەسەری ئەم کێشە کارڵ پۆپەر بنەمای بەهەڵەخستنەوەی پێشکەش کرد ، بنەمای بەهەڵەخستنەوە بەکورتی واتا بیردۆزە زانستیەکان ئەبێت بەشێوەیەک دابنرێن توانای ئەوەیان تێدابێت کە بەهەڵەبخرێنەوە ، بازنەی ڤیەننا پێیان وابوو کە تێستی تێبینەکان دەبێت بکرێت تا پشتڕاست دەبن بەڵام ئەم بنەمایە دەڵێت تێست دەکرێن تاوەکو بەهەڵەبخرێنەوە ، کەوابوو لای پۆپەر ئەوە بەهەڵەخستنەوەیە زانست جیادەکاتەوە لە زانستی ساختە نەوەک پشتڕاستکردنەوە.

پۆپەر ڕەخنەی لە بابەتێکی وەکو سایکۆئەناڵسس psychoanalysis ئەگرت کە زانستی نییە ، بۆچی ؟ چونکە ناتوانرێت بەهەڵە بخرێتەوە ، واتا هەر داتا و حاڵەتێک بێتە پێش ئەم ڕوونکردنەوەی بۆ هەیە ، بۆ نمونەی بۆچی کەسێک درۆ دەکات ؟ چونکە لەمنداڵیدا فڵان شت بووە. بۆچی کەسێکی ڕاستی دەڵێت ؟ چونکە لەمنداڵیدا فڵان شت بووە. دەبینی بەهەڵەناخرێتەوە کەوابوو بابەتێکی زانستی نییە.

بەڵام ئەم بنەمای بەهەڵەخستنەوەش دووچاری ڕەخنە و کێشە بوەتەوە ، پۆپەر پێی وابوو کاتێک تاقیکردنەوە یەکنەگرێتەوە لەگەڵ بیردۆزەکە ئەوا بیردۆزەکە بەهەڵەدەخرێتەوە ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە موستەحیلە تاقیکردنەوەیەک ئەنجام بدرێت کە شایستەی ئەوەبێت بڵێین بیردۆزەکەی بەهەڵەخستۆتە ، چونکە تاقیکردنەوەکان هەمیشە نادڵنیاییەکیان تێدایە ئاخۆ تاقیکردنەوەکە وادەکات کە تەواوی بیردۆزەکە پشتگوێبخرێت و ڕەتبکرێتەوە یان کێشەکە تەنها لە گریمانەیەکی بیردۆزەکەدایە یان لەگریمانەیەکیدایە کە گرنگیەکی ڕیشەیی نیە بۆ بیردۆزەکە.

جا بۆیە بنەمای بەهەڵەخستنەوە پشتگوێی توخمێکی گرنگی بیردۆزەکان دەکات ئەویش توخمی تێبینکردن لەسەر بنەمای بیردۆزەکانەtheory‐laden observation.

تێبینکردن لەسەر بنەمای بیردۆزەکان چییە ؟ بەکورتی واتا تێبینکردنەکانمان بێ لایەن نین بەڵکو تەفسیرێکیشیان پێوەیە ، هەروەکو فەیلەسوفی زانست ویلیام وێوێڵ دەڵێت: دەمامکێکی بیردۆزانە بەسەر سروشتەوەیە. تێبینکردن و تەفسیرکردن لکاون بەیەکەوە بەشێوەیەک کە دەرباز نابێت لەبازنەیەتی.

بۆ نمونە هەسارەی ئۆرانۆس ، بێگومان ئۆرانۆس تێبینکرابوو پێش دۆزینەوەی لەلایەن ویلیام هێرشێل لە 1781 بەڵام وەکو هەسارە نەناسنێرابوو بەڵکو تەنها وەکو ئەستێرەیەک بوو و دواتر هێرشل دۆزیەوە کە هەسارەیە. کاتێک کەناسێنرا وەکو هەسارەیەک بینرا جوڵەکانی پێشبینی ناکرێت لەگەڵ میکانیکی نیوتن ، بەپێی پۆپەر ئەمە مانای بەهەڵەخستنەوەی بیردۆزی کێشکردنی نیوتن بوو بەڵام چی ئەگەر هەسارە هەبێ لەو دیو ئۆرانسەوە ؟ ئەوەبوو لە 1846 هەسارەی نیپتۆن دۆزرایەوە و بابەتەکە چارەسەربوو ، لەم نمونەدا ئەوەدەبینین کە مەنهەجی پۆپەر شکست دێنێت.

هەروەکو دوهم دەڵێت بیردۆزەکان کەهەوڵی تەفسیری دیاردەکان دەدەن پێکهاتوون لەچەندین گریمانە و گریمانەکانیش بەتەنها تاقی ناکرێنەوە.

بۆ زانیاری زیاتر سەیری ئەم سەرچاوە بکە:

Comments