کاریگەرییە کوشندەکەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن: درۆیە زۆر دووبارە بووەکان لە سەرئەنجامدا دەگۆڕێن بۆ ڕاستی
دیارە کە یەکێک لە مەترسیدارترین ئامرازەکانی سەردەمی مۆدێرن، میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ فاکتەرێکی زەبەلاحە لە ڕیفۆرم کردنی عەقڵیەتی بەرکەوتوانی لێشاوە میدیایەکان.
جا لە بچووکترین و ساکارترین پرس و کەیسەکانی ڕۆژ بەڕۆژی خەڵکیەوە بگرە تاوەکو فراوانترین و ئاڵۆزترین پرسە جیهانیەکان.
ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵەگرێت بەڵام لەڕووی زانستیەوە یەکێک لە دیاردە یاخود کاریگەریەکان گرنگە لێرەدا باس بکرێت.
ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر درۆیەک زۆر دووبارە بکرێتەوە لە سەرنجامدا دەگۆڕێت بۆ ڕاستی. تەنانەت ئەگەر کەسەکە لە سەرەتاکاندا سووریش بزانێت کە درۆیە.
جا لەپاڵ لێکدانەوە لۆجیکییە ئاشکراکەی ئەم باسە، توێژینەوە نیورۆلۆجیەکان زیاتر جەخت دەکەنەوە کە گرنگ نیە چەندە گاڵتەجار و سەیرە درۆی کەسێکی دیاریکراو یاخود میدیاکان، ئەگەر بێتو زۆر زۆر جار دووبارە ببێتەوە، بەتایبەتیش دووبارە ببێتەوە لەسەرچاوەی جیاوازەوە، هەندێک کەس هەر باوەڕیان پێ دەکەن و درۆکان ڕیفۆرم دەبن بۆ ڕاستی لای توشبووانی لێشاوی هەواڵە میدیاییەکان.
لە نیورۆلۆجیدا، بە ڕێژە یاخود ئەگەری بەڕاست وەرگیرانی بانگەشەیەک یاخود لێدوانێک لە لایەن گوێگر یاخود بینەر دەگوترێت بەهای ڕاستی یاخود Truth Value.
لە لیتریچەری زانستیدا ئەم باسە زۆر شتی لەسەر گوتراوە، ئەوەتا هەر لەسەرەتای ساڵانی ١٩٧٠کانەوە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەگەڵ زیاتر دووبارەکردنەوەی بانگەشەیەک یاخود قسەیەک ئەگەر چی سەر زارەکیش بێت بەهای ڕاستی هەستپێکراو یاخود ڕوانگەکراوی قسەکە زیاتر دەکات.
بە واتایەکی تر، تا چەد زیاتر گوێت لە لێدوانێکی دیاریکراو بێت، ئەگەری زیاتری هەیە کە ئەو لێدوانە قبوڵ بکەیت وەکو لێدوانێکی ڕاست.
ئەمەش کاریگەریێکە کە لە لیتریچەری زانستیدا ناسراوە بە "ڕاستی بە دووبارەبوونەوە" ناسراو بە TBR (Truth-by-Repetition).
وە زۆر کات ناسراویشە بە کاریگەری وەهمی ڕاستی
(The illusory truth effect).
هەرچەندە لە توێژینەوەکاندا هێشتا بە تەواوی ئاشکرا نیە کە بۆچی TBR ڕوودەدات، بەڵام یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە پەیوەندی بە پڕۆسێسی ڕەوانبێژی یاخود پاراویەوە هەیە (Processing Fluency).
لینیکی ئەم توێژینەوەیە:
Reversing the truth effect: learning the interpretation of processing fluency in judgments of truth
https://doi.apa.org/doiLanding?doi=10.1037%2F0278-7393.33.1.219
لە ڕووی نیورۆلۆجییەوە، مێشک کاتێکی کەمتر و هەوڵێکی ئاسانتری پێویستە بۆ پڕۆسێسکردنی ئەو شتانەی کە پێشتر گوێمان لێبووە بە بەراورد لەگەڵ ئەو شتانەی کە کەسەکە هێشتا نەیبیستووە، بەو هۆیەوە ئاشنایی بۆ شتەکە تێکەڵ دەکات لەگەڵ ڕاستی و دروستی شتەکە.
بۆ ماوەیەکی زۆر، وا دانرابوو ئەم کاریگەریە تەنها بۆ ئەو بانگەشانە جێبەجێ دەبێت کە بەهای ڕاستیەکەی زۆر ناڕوون و نادیارە لای بیسەر یاخود بینەر. لە توێژینەوە کۆنەکان ئەم حاڵەتە بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو " ڕاستگۆیی لێدوانەکان لەسەر بنەمای زانینیان دادگایی دەکرێت نەک لەسەر بنەمای پاراوی"
هەر بۆ نموونە وەک ئەم توێژینەوەیە
The Truth About the Truth: A Meta-Analytic Review of the Truth Effect: https://journals.sagepub.com/doi/10.1177/1088868309352251
وەک لێدوانێکی دووبارەکراو، ئەم گریمانە بە بێ پرسیار پەسەند کرا و بە ئاسانی تێکەڵ بوو بە مۆدێلکردنی درەختی فرەسنووری، ناسراو بە Multinomial Processing Tree (MPT)، کە شێوازێکی بەناوبانگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆسە دەروونیانەی کە هەڵسوکەوتی مرۆڤ دادەمەزرێنن.
وە توێژینەوەی نوێ ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە سیاسەتمەداران و ڕیکلامکەرەکان بە درێژایی زەمەنێکی زۆر بەباشی ئەمەیان زانیوە و بەکاریان هێناوە: کە TBR تەکنیکێکی زۆر بەهێزە و بۆ هەموو جۆرە بانگەشەیەک کاری خۆی هەر دەکات ئەگەر چی درۆکانیان یەجگار نامەعقول و گەورەش بێت.
وەک ئەو پۆستەرانە لە جەنگی جیهانی دووەم بڵاو دەکرانەوە لەلایەن وڵاتانی ناو جەنگ، بەتایبەت ئەڵمانیا و نازیەکان لە بڵاوکردنەوەی فکری باڵادەستی نەتەوەی ئەڵمانی بەسەر نەتەوەکانی تر.
وە لە بابەتە بازرگانیەکان و خاوەن پیشەسازیەکانیش بەهەمان شێوە.
بۆ نمونە، لە ساڵی ٢٠١٥، توێژینەوەیەک بۆی دەرکەوت کە TBR لەسەر ئەو دەربڕینانە جێبەجێ بووە کە لەگەڵ زانیاری پێشوی کەسانی بەشداربوو لە توێژینەوەکە وەک سامپڵ، ناکۆکە.
بۆ نموونە دەربڕینی وەک، "زەریای ئەتلەسی گەورەترین زەریای سەر زەوییە". پەیپەرێکی تر کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاو کرایەوە، پەیوەندیەکی دۆزییەوە لە نێوان TBR و سەردێڕی هەواڵە ساختەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە.
بەڵام توێژینەوەی تر نیشانی ئەدەن کە ئەگەر بێت و لێدوانەکە زۆر فرە زەق بێت ئەوا ئەم کاریگەریە لاوازترە بەڕێژەیەکی زۆر،بۆنموونە بڵێن "شێوەی زەوی چوارگۆشەیە".
بۆیەشە داڕشتنی هەیکەلی لێدوانە درۆکە و زۆر زەق نەبوونی ڕۆڵی گەورەی هەیە.
هەرچۆنێک بێت، لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەهای ڕاستی لێدوانێک پێویست ناکات نادیار بێت بۆ ئەوەی کاریگەری TBR لەسەری جێبەجێ ببێت.
هەر بۆنموونە ئەم پەیپەرەی خوارەوە:
Prior exposure increases perceived accuracy of fake news.
https://doi.apa.org/doiLanding?doi=10.1037%2Fxge0000465
ئەم توێژینەوانە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە TBRدەتوانێت کاری خۆی لەسەر هەموو جۆرە لێدوانێک بکات. بێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا بەهای ڕاستیەکەی نادیارە یان نا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە یەکلاکەرەوە نین. لە کاتێکدا لێدوانی وەک "زەریای ئەتڵەسی گەورەترین زەریای سەر زەوییە"، هەڵەن، زۆر کەس ئەو زانیاریانەیان نیە کە پێویستە بەهۆیەوە هەڵەکە بناسنەوە.
بە هەمان شێوە، ناتەواویی هەواڵە ساختەکان ڕوون نابێتەوە تا ئەو کاتەی لە سەرچاوەی جیاوازدا نەخراویتە ڕوو، کە ئەوەش شتێکە قوربانی هەواڵە میدیایەکان بە چالاکانە خۆیان لیێ بەدوور دەگرن و نایکەن، بۆیەشە جەهل خۆی دەخزێنێت بۆ ناو کۆمەڵگە.
ئەوەش ئارتیکڵێکی بەسوود لەسەر ئەم لایەنە:
The facts on why facts alone can’t fight false beliefs
https://www.theatlantic.com/science/archive/2017/03/this-article-wont-change-your-mind/519093/
ئارێز محمد
Comments