بۆچی یەکەم وێنەی تەلیسکۆبی جەیمس وێب ئەوەندە گرنگە؟
"ئەوەی دەیزانین تەنها دڵۆپێکە، وە ئەوانەی ناشیزانین زەریایەکە : بۆچی یەکەم وێنەکەی JWST ئەوەندە گرنگە"
یەکەم وێنەکەی JWST دەیان شیکردنەوەی زانستی گرنگ هەڵدەگرێت کە دیارە لایەنە تەکنیکیەکەی ناکرێت هەمووی لە پارچە نوسینێکی ئێرە باس بکرێت، بەڵام گرنگیشە بەرچاوڕوونیەکی گشتی بزانرێت سەبارەت بەوەی چی دەگوزەرێت لە وێنەکە.
ئەستێرەناسان زۆرجار، دابەش دەبن بۆ دوو دەستە، ئەوانەی کە پێشنیاری مەزن دەکەن سەبارەت بەوەی چی هەیە و چی دەگوزەرێت لە شوێنە دوورکانی گەردوون، بەبێ بوونی بەڵگەیەکی ئەوتۆ، وە ئەوانەی پێشنیاری ئاوا قبوڵ ناکەن تاوەکو ژمارایەکی زۆر لە بەڵگە دەدۆزنەوە پاڵپشتی پێشنیارەکە بکات. ئێستا کە لە چاخی جەیمیس وێبین، دەکرێت ئەو بەڵگانە بەدەست بهێنین.
بەهۆی جەیمیس وێب، ئێستا دەکرێت ئەستێرەناسان، شێوازی قسەیەیان بگۆڕن و لەجیاتی، بڵێن "لەو باوەڕەداین" یاخود " پێمان وایە" ، دەتوانن بڵێن "ئێمە دەزانین".
وە بۆ باشتر تێگەشتن لە ئامانجی دروستکردنی تەلیسکۆبەکەی جەیمس، گرنگە بەگشتی شتەکان لەڕووی بەراوردکاری زانستی و مێژوویەوە ببەسترێنەوە بە تەلیسکۆبە ئەفسانەیەکی پێش خۆی. تەلیسکۆبی هابڵ.
لە ماوەی کارکردنی هابڵ، ئەستێرەناسان وایان بیرکردنەوە زۆربەی شتەکانی گەردوونیان کەشف کردووە، بۆیەش هەروەک فزوڵێک، لە نێوان بەرواری ۱٨ بۆ ۲٨ ی مانگی دیسێمبەری ساڵی ۱۹۹٥ بڕیاریان دا بۆ ئەو ماوەیە ڕووی هابڵ لە یەک خاڵ بکەن و خاڵەکەشیان بە هەڕەمکی هەڵبژارد کە ناوچەیەکی تاریک و بچووک بوو وا دەردەکەوت هیچی وای لێ نەبێت...
کەچی بەناوبانگترین وێنەی بواری ئەستێرەناسیان تۆمار کرد لەوکاتەوە، ناسراو بە Hubble Deep-Field Image کە تێیدا سەرووی ۳۰۰۰ گەلەئەستێریان تۆمار کرد تەنیا لەو خاڵە زۆر بچووکە کە لە قۆناغی پەرەسەندیان جیاوازیان هەبوو.
گرنگی ئەو وێنەیە لەوەدا بوو کە دەرکەوت گەردوون زۆر زیاتر تەنی ئاسمانی تێدایە لەوەی ئەوکاتە بیریان لێ دەکردەوە...وێنەکە دروستبوونی گەلەئەستێرەکانی نیشاندەدا، ماوەیەکی زۆر دوای Big Bang.
ئێستاش JWST، بۆ هەمان ناوچە یەکەم وێنەی چرکاند و وێنەیەکی ئەفسووناوی تۆمار کرد، کە تێیدا درەدەکەوێت تەنانەت ئەو ناوچە تاریکانەی لە وێنەی هابڵ دەردەکەوتن بەتاڵ و بێ گەلەئەستێرە بن، لە وێنەکەی جەیمس، دەرکەوت کە لەناو و دواوەی ئەو ناوچە تاریکەش ژماریەکی زۆر زیاتر تەنی ئاسمانی تر هەیە. توانی دووری و قوڵیەکی زۆر زیاتر ببڕێت و بینێت لە گەردوون.
وێنەکە ئێستا ناسراوە بە
JWST Extreme Deep-Field Image.
٭ لەم لینکەی خوارەوە وێنەکە بە کوالێەی بەرز ببینە:
https://stsci-opo.org/STScI-01G7JJADTH90FR98AKKJFKSS0B.png
کە هەم دروستبوونی گەلەئەستێرەکان نیشان دەدات دوای ماوەیەکی زۆر لە Big Bang وە هەمیش دروستبوونی گەلەئەستێرەکان و ئەستێرەکان لە قۆناغی سەرەتایان و ماوەیەکی کەمی کاتی گەردوونی دوای Big Bang نیشان دەدات. (کات لێرەدا مەبەست لێی کاتی گەردوونیە Cosmic Time واتا بە ملیۆنان ساڵ ).
بەڵام بۆچی سەیرکردنی قوڵی و دووریە زۆرەکانی گەردوون ئەوەندە گرنگە؟
لەڕووی بیردۆزی Big Bang دوورترین تەنە ئاسمانیەکان مانای وایە کۆنترینن...بۆنموونە گەلەئەستێرەی ،HD1 کە وا دادانراوە دوورتین گەلەئەستێرە بێت ۳۳ ملیۆن ساڵی ڕووناکی دوورە لێمان و لادانی سووری دەگەڕێتەوە بۆ ۱۳.۲۷، ئەوەش واتا دوای ۳۳۰ ملیۆن ساڵ دوای بیگ بانگ دروست بووە و زۆر گەنجە، ئەمەش زۆر یارمەتیدەرە لە تێگەشتن لەوەی لە سەرەتاکانی بیگ بانگ گەلەئەستێرەکان تایبەتمەندیان چۆن بووە و چۆن دروستبوونە وە چی ڕووی داوە ئەوکات. (وێنەی پۆستەکە گرافی لادانی سووری HD1 نیشان دەدا).
خۆی لە ڕووی بیردۆزیەوە پێشبینی دەکرا گەردوون بەو شێوەیە بێت، وە ئێستاش لەدوای تۆمارکردنی وێنەکان، بەڵگەمان دەستکەوت بۆ زیاتر دروستی پێشبینیەکە.
هەر بۆ زیاتر بەراوردکاری نێوان دوو تەلیسکۆبکە، هەندێک تایبەتمەنی ساددە لەخوارەوە خراوەتەڕوو:
لە زانستی بینایدا، چەمکێک هەیە پێی دەگوترێت "ماوەی بەرکەوتن" Exposure Time ، کە ئەو ماوەیە هاوێنەی تەلیسکۆبێک تەرخانی دەکات بۆ کۆکردنەوەی ڕووناکی تەنێکی دوور...
هەرچەندە ماوەی بەرکەوتن زیاتر بێت، وێنەی بینراو لە تەلیسکۆبەکە ڕوونتر و وردتر دەبێت. وە هەرچەندە تەنەکە دوورتر بێت تەلیسکۆبەکە پێویستی بە ماوەی بەرکەوتنی زیاتر هەیە بۆ بینینی بەباشی.
تەلیسکۆبەکەی جەیمس وێب، تەنیا لەماوەی ۱۲.٥ کاتژمێر ماوەی بەرکەوتن، توانی وێنەیەکی مێژوویی بگرێت بۆ دوورترین ناوچە دەستی تەکنەلۆجیاکانمان پێی بگات تا ئێستا و دەیتای مەزنمان پێ بدات تەنیا لەو ماوە زۆر کەمەدا، وێنەیەکی زۆر ڕوونتر و وردتر بەبەراورد بە وێنە کۆنەکانی هەمان ناوچە کە تەلیسکۆبە ئەفسانەیەکی هابڵ، پێویستی بە زیاتر لە ۱٦٨ کاتژمێر هەبوو بۆ وێنەگرتنی.
هابڵ وا ۳۲ ساڵە لە خزمەتکردن دایە، کەچی بە نیو ڕۆژ توانی لە زۆر لایەنەوە پێشی بداتەوە، واتا نزیکەی تەنیا ٪۲ کاتی ویستووە بەراورد بەهابڵ.
وە بڵاوکردنەوەی وێنەکە لەو ماوە بەرکەوتنە کەمە، زیاتر وەک خۆهەڵکێشانێک وایە بۆ مەزنی تەکنەلۆجیاکە.
تەلیسکۆبە ڕیفلێکتەرەکان پارچەیەکیان هەیە پێی دەگوترێت ئاوێنەی سەرەکی Primery mirror کە کاری کۆکردنەوە و دانەوەی ڕووناکییە کە بەر ئاوێنەکە دەکەوێت و دەیخاتەوە سەر هاوێنەکە (لێنز).
قەبارەی ئاوێنەکە ڕاستەوانەیە لەگەڵ توانای کۆکردنەوەی ڕووناکیەکە کە پێی دەگوترێت Aperture، هەرچەندە ئاوێنەکە گەورەتر بێت وێنەکە ڕوونتر و وردتر دەردەکەوێت کە پێی دەگوترێت Resolution.
هابڵ تیرەی ئاوێنەکەی ۲.٤ م بوو، وە جەیمسیش تیرەکەی ٦.٥ م.
بۆ هەمان درێژی شەبۆلی ڕووناکی، بەوەرگرتنی ڕێژەی سەدی دوو تیرەکە:
(٦.٥/٢.٤) × ١٠٠
= ٪٢٧٠
دەبینی کە Resolution ی جەیمس ۲۷۰٪ زیاترە لە هابڵ وە توانای کۆکردنەوەی ڕووناکی یاخود Apeture بۆ دوو تەلیسکۆبەکە دەکاتە:
James Apeture/Hubble appeture =
6.5²/ 2.4² ×100
=730%
واتا ٪۷۳۰ توانای جەیمیس بۆ کۆکردنەوەی ڕووناکی زیاترە لە هابڵ.
سەرەڕای دەیان تایبەتمەندی باشتری جەیمس وەکو، ئامێرە نایابکانی بۆ وەرگرتنی درێژە شەپۆلە جیاوازەکان، بەتایبەت تیشکی ژێر سوور، وە توانای ساردکردنی ئاوێنە و هاوێنەکانی، کە وێنەی باشتر دەدات بەم شێوەیە. هەر بەو بۆنەیەوە، تەلیسکۆبە بچووکە ئاسایەکانیش زۆرکات پێویستە بیست خولەکێک دابنرێن لە شەوەکە بۆئەوەی ئاوێنەکەی سارد ببێت ئەوکات ڕوانگەکردنی پێ بکرێت.
جەیمس ۱.٥ ملیۆن کم دوورە لە زەوی کە ئەوەش وایکردووە Time-Efficient بێت واتە نزیکەی ٪١٠٠ کاتەکە لە ڕوانگەکردن دایە و بەهۆی خۆر و زەوی و مانگ ڕێگری بۆ دروست نابێت لە ڕوانگەکردن.
کەچی هابڵ ڕێژەکەی نزیکەی ٪٥٠ یە ، چونکە زۆر لە زەوی نزیکترە و کاتی بەفیڕۆ دەڕوات لە مانەوە لەخولگە و گەڕانەوە بۆ هەمان خاڵی پێشووی.
٭ بۆ باشتر ئاشنابوون بە تەلیسکۆبی جەیمس، سەردانی ئەم لینکە بکە لە وێبسایتی ڕاسپار کە پێشتر بابەتێکی لەسەر نوسراوە ئەوکاتەی لە سەرەتاکانی خۆ ئامادەکردن و کالیبرەیشن دابوو:
https://www.raspar.org/2021/12/blog-post_25.html?m=1
لەڕووی ئەستێرەناسیەوە، گەلەئەستێرەکان شێوە یاخود با بڵێین مۆرفۆلۆجی زۆر جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە:
- لوولپێچی Spiral
- نیمچە شێوە هێلکەیی Elliptical
- بازنەیی Ring
- ناڕێک Irregular
وە زۆر جۆری تر وە جۆری جیاوازی تر لەهەمان پۆلێن.
لە وێنەکەی هەبڵ، زۆربەیان تەنیا وەک بارستەیەکی تەڵخ دەردەکەوتن، کەچی لە جەیمس، جۆرەکانیان و ژمارەیان دەکرێت پێوانە بکرێت و پۆلێن بکرێن بەدرێژایی کات و شوێن.
لەوێنەی یەکەمی جەیمسدا، ئەو ناوچەی وێنەکەی لێگیرا شوێنی هێشوویەکی گەلەئەستێرەکانە Galaxy Clusters ، (وەکو هێشووی ترێ کە دەنکەکانی نزیک و بەکۆمەڵن)، ناسراو بە
SMACS 0723
کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر گەلەئەستێرە لە ڕووبەرێکی کەم کۆبوونەتەوە.
ئەو ئەستێرە زۆر درەوشاوانەی پێشەوە کە کۆمەڵێک هێڵی ڕووناکی تیژیان لێ دەرچووە، ئەوانە ئەو ئەستێرانەی نزیک خۆمانن کە کەوتوونەتە بەرچاوی جەیمس، ئەوانە پێشووتریش لەسەریمان زانیون و تەنیا ڕێگای جەیمسیان گرتووە.
وە هەندێک گەلەئەستێرە ڕەنگیان مەیلەو سوورە و چەماونەتەوە، ئەوانە گەلەئەستێرە زۆر دوورەکانی باکگڕاوەندەکەن کە بەکاریگەری چەمانەوەی ڕووناکی بەهۆی کۆبونەوەی زووری بارستایی هێشووەکە دروست بووە.
دەزانین کە هەردوو پڕۆسەی زیادبوونی چین لەدوای چین ناسراو بە Accretion وە یەکگرەکان ناسراو بە Mergers ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە چۆنیەتی پەرەسەندنی گەلەئەستێرەکان. وە ڕێژەی دروستبوونی ئەستێرەکان بەهۆی هەریەک لەو دوو پڕۆسەیە بە گۆڕان و تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت.
وە دەشزانین کە ئەو گەلەئەستێرانەی کە لەناو گروپێکی گەلەئەستێرە دان یاخود هێشوودان Cluster ، لەڕووی مۆرفۆلۆجی یاخود شێوەزانیان ، جیاواز پەرەدەسەنن بەراورد بەو گەلەئەستێرانەی لە ئایزۆلەیشن دان و بەکۆمەڵ نین.
وهەروەک پێشتر باسکرا، بەهۆی ئەوەی جەیمس بەڕێژەی ٪٢٧٠ زیادبوونی هەیە لە وردەکاری وێنەکە Resolution
ئەوە مانای وای کە نزیکەی ٪٧٠٠ ڕێژەی زیادبوونە لەژماری پیکسڵەکان لە وێنەکەدا، بۆنموونە گەلەئەستێرەیەک کە لەچاوی هابڵ سایزەکەی ۳×۳ بێت، لەچاوی جەیمس، سایزەکەی ٨×٨ دەبێت.
بەم ڕێزولوشنە نایابەش، دەکرێت ببینرێت چۆن شێوە و هەیکەلی گەلەئەستێرەکان دەگۆڕێت بەدرێژایی شوێن و کاتی گەردوونی. هەموو ئەوەش زۆر یارمەتیدەرە لە تێگەشتن لە چۆنیەتی گەشەکردنی گەردوون.
ماوەیەکی گەلێک زۆرە ئەستێرەناسان دوچاری کێشەیەک بوونەتەوە کە زۆرێک لەو گەلەئەستێرانەی کە دەگوترێت "دوورتین گەلەئەستێرە بن" لە ڕاستیدا دوورترین نین و ئەو قسەیە ڕاست نیە.
(Y. Harikane et al., ApJ, 2022 :سەرچاوە)
بۆنموونە، بۆ گەلەئەستێرەی HD1.
(سەیری وێنەی پۆستەکە بکە، کە وێنەیەکی دەیتای هابڵە، بۆ گەلەئەستێرەکە)
کە چەندان فیلتەری پێوانەی فۆتۆن یاخود ڕووناکی نیشان دەدات، ناسراو بە Photometric دوو پەیوەندی جیاواز نیشان دەدات بۆ دەیتا فۆتۆمێتریکەکان. تێبینی بکە کە هەرچەندە هێڵ یاخود پەیوەندی لادانی سووری زۆر، زیاترە، High-redshift واتا دووری زیاترە، کەچی لەڕووی فۆتۆمێتریکەوە دڵنیایەک نیە لە دووری گەلەئەستێرەی HD1 ، کە باوەڕ وابوو دوورتین گەلەئەستێرە بێت.
هۆکارکەش زۆر ساددەیە، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا نەتوانراوە بە پێی پێویست پێوانەی ڕووناکی یاخود سپێکترۆمێتری تەنە ئاسمانیە دوورەکان بکرێت بەو تەکنەلۆجیایەی ئێستا هەمانە...
سپێکترۆمێتری واتا شیکردنەوەی ڕووناکی کۆکراوە بۆ پێکهێنەرە درێژیە شەپۆلەکانی، کە گرافێکە تێیدا دەگەڕێن بۆ زیادبوونی لەناکاوی ڕووناکی لە یەکێک لە درێژە شەپۆلەکنن، Emission Line یان نزمبوونەوەی لەناکاوی ڕووناکی لە یەکێک لە درێژە شەپۆلەکان Absorption Lines
کە دەرخەری گۆڕانە لە ئاستی کوانتەمی، بۆ توحمێکی دیاریکراو.
ئەگەر بتوانی چەند هێڵێک بدۆزیتەوە بۆ هەمان توخم، دەتوانی دیاریبکەی بڕی چەند ڕووناکی لایداوە بۆ ڕووناکی سوور بەهۆی کشانی گەردوون.
٭ بۆ زانیاری زیاتر خوێنەری ئەم پەیپەرە بە:
A Search for H-Dropout Lyman Break Galaxies at z~12-16: https://arxiv.org/abs/2112.09141
هابڵ کە ئەسڵەن سێنسەرەکانی درێژی شەپۆلی ڕووناکی، بۆ تیشکی ژێرسوور نەبوو، بۆیە نەتوانراوە ئەوە بکرێت، وە ۱۰ ساڵیش زیاترە کە بە تەکنەلۆجیای تر بایی پێویست سپێکترۆمێتی بۆ گەلەئەستێەر دوورەکان نەکراوە.
بۆیەشە لەجیاتی بگوتریت
JWST Extreme Deep-Field Image
وا باشترە بگوترێت
JWST First Deep-Field Image
چونکەئەوە تەنیا سەرەتایە، ڕووناکی ئەوتەنە ئاسمانیانە لە دووری ۱۳.۱ بیلۆن ساڵ لەمەوبەر بۆماندێت، بەڵام ئەمە وای لێناکات دوورترین تەنە ئاسمانیەکان بن.
بەڵام توانای شیکردنەوەی ژمارایەکی مەزن لە هێڵی شەبەنگی، کە هەریەکەی دەگەڕێتەوە بۆ توخمێکی زانراو، یارمەتیدەری چاکە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوکاتە گەردوونیەی کە تێیدا ئەو تەنە ئاسمانیە وا دەبینن.
وێنەکە بە هەموو ئەو وردەکاریانەی تێدایە، لەلایەن ئەسترۆفیزیکەکان و کۆزمۆلۆجیستەکان بەکاردێن بۆ ئەوەی بزانن تا چەند هاوڕان لەسەر بیردۆزەکانی ئێستا، بەتایبەت Standard Model Cosmoloy یاخود The Hot Bang
هێشووی گەلەئەستێرەکان دووریەکەی ٥ بلیۆن ساڵی ڕووناکیە، بەڵام بەهۆی کۆبوونەوەی زۆری بارستایەکە، وەکو هاوێنەیەکی کێشکردن کاریکردووە Gravitational Lens
واتا حیساب بکە وەکو هاوێنەیەکی زیادەیە بۆ تەلیسکۆبەکە.
وە وێنەی گەلەئەستێرە دوورکانی دوای خۆیانی دەرخستووە و ڕووناکی پڕشنگدارتر کردوون و وەکو چەماوەیەکی مەیلەو وور دەرکەوتوون. واتا گەلەئەستێرە دوورکانی دەرخستووە کە ئەگەر لەو ناوچەیە هێشووی بارستایی زۆر نەبوایە، نەدەبینران.
ئینجا بەهۆی ئەمە وە هەروەها هەستیاری زۆری جەیمس بۆ درێژە شەپۆلی بچووکتر لە ۲۰۰۰ نانۆمەتر، هەر گەلەئەستێرەیەک کە زۆر توشی لادانی سوور بووبێت، ئەوا ئێستا دەکرێت ببینرێت، وەکو گەلەئەستێرەی HD1 و GN-z11 کە حالیەن هەڵگری ڕیکۆردی دوورتین گەلەئەستێرەن.
دەتوانین ئەم پڕۆسەی سپێکتۆرۆمێتریە ئەنجمام بدەین بۆ هەر گەلەئەستێرەیەک بمانەوێت و هێڵی دەیتای توخمی ئۆکسجین و هایدرۆجین و نیۆن و هەندێکی تر بەدەست بهێنین.
ئەگەر سپێکترۆمێتری ئەنجام بدرێت لەسەر تاک بەتاکی پێکهاتەکانی گەلەئەستێرەیەک، کە ئەوەش شتێکە بە ماوەی بەرکەوتنی زۆر فەراهەمی دەکات بۆ گەلەئەستێرە دوورکانیش، ئەوکات دەکرێت تایبەتمەندی خولانەوەی ماددەکانی ناو گەلەئەستێرکە بزانین.
کە ئەوەش تێستێکی نایابە بۆ چەندین مۆدێلی جیاوازی مادەی تاریک و بیردۆزە دەستکاریکراوەکانی کێشکردن Modified Gravity.
یەکێک لە شتە جوانەکانی فکرەی ماددەی تاریک ئەوەیە کە لێکدانەوە بۆ زۆر دیاردەی ڕوانگەکراو دەکات لە چەندین پێوانە یاخود سکەیڵی جیاواز.
بۆ نموونە:
- چۆن تاک بەتاکی گەلەئەستێرەکان دەخولێنەوە و لەنێوخۆیان کارلێک دەکەن.
- چۆن گەلەئستێرەکان دەبن بە گروپ و هێشوو پێکەوە.
- چۆن گەلەئەستێرەکان لەناو هێشوویەکدا دەجوڵێن.
- چۆن لێنزی کێشکردن ڕووناکی دەچەمێنێتەوە و تەنەکانی باکگڕاوەندەکە زووم دەکات بۆ بینین.
- چۆن هەیکەلە زۆر زەبەلاحەکانی گەردوون دروست دەبن.
وە زۆر شتی تریش.
هەرچەندە هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم دیاردانە بەبێ پشت بەستن بە ماددەی تاریک، لەجیاتی ئەوە پشت دەبەستن بە هەندێک گۆڕانکاری لە یاساکانی کێشکردن، ئەوەش کە سەرکەوووە کاتێک زۆرێک لە تایبەتمەندی گەلەئەستێرکان بە ئایزۆلەیشن یاخود با بڵێین بە جوودا وەردەگری، بەڵام لەهەموو شتەکانی تر ئەوەندە سەرکەوتوو نیە.
هەنێک جۆری تر لە کێشکردنی دەستکاریکراو Modified Gravity پێشبینی دەکەن کە ڕەفتاری گەلەئەستێرە خولاوەکان پەرەدەسەنێت بە تێپەڕبوونی کاتی گەردوونی، جۆری تریش پێشبینی دەکەن گەلەئەستێرە خولاوەکان کە تەمەنێکی کەم و گەنجیان هەیە وە گەلەئەستێرە خولاوە کۆن و بەتەمەنەکان دەبێت تایبەتمەنی خولانەوەیان هاوشێوە بێت، کە ناسراوە بە Rotation Curves. کاتێک ڕێزولەیشنی جەیمس و توانا سپێکترۆمێتریکەکان لەهەمانکاتدا کارپێبکرێن بۆ گەلەئەستێرە خولاوەکان کە بەدرێژایی گەردوون دەبینرێن.
بەو شێوەیەش دەکرێت پۆلێک لە بیردۆزەکان سەبارەت بە Modified Gravity تێست بکرێن. وە بەهەمان شێوەش واتای ئەوەیە کە دەکرێت تێست بۆ بیردۆزەکانی ماددەی تاریک بکرێت.
وە سەرەڕای هەموو ئەمانەش، جەیمس دەکرێت تێگەشتنمان باشتر بکات بەوەی ئەگەری هەبونی ژیان لە شوێنی تری گەردوون چۆنە و تا چەندە.
بۆنموونە، هەر لەوێنەکانی جەیمس، دەکرێت دیاری بکرێت چەند بڕی گاز هەیە، وە ژمارە و دابەشبوونی ئەستێرەکان تێیدا چەندە.
جەیمس دوو کامێرای نایابی بۆ ڕوانگەکردن هەیە:
- NIRCam
- MIRI
کە NIRCam بواری درێژی شەپۆلەکەی لەنێوان نزیکەی ٦۰۰ نانۆمەتر بۆ نزیکەی ٥۰۰۰ نانۆمەترە، وێنەکانی تیژتر و بەوردەکاری زیاترە.
وە MIRI بواری درێژی شەپۆلەکەی لەنێوان نزیکەی ٥۰۰۰ بۆ ۲٨۰۰۰ نانۆمەترە ، وێنەکانی تەڵخ و ناڕوونن بەڵام وردەکاری بوونی تەپ و تۆزی گەردوونی نیشان دەدات کە لەڕێی هیچ درێژە شەپۆلێکی تر نابینرێن. وە بە دیاریکردنی بڕ و پێکهاتەی تەپ و تۆزەکە دەکرێت دیاری بکرێت گەلەئەستێرەکە توانا و ئەگەری دروستکردنی ئەستێرە وە دروستکردنی ژیانی چەندە.
لە MIRI ڕەنگی سوور واتا دەوڵەمەندە بە گاز وە ڕەنگی شین واتا گازی زۆر کەمە وە ڕەنگی سەوزیش واتا گەردی ئەندامی بوونی هەیە، بەتایبەت Polycyclic Aromatic Hydrocarbons ، گەردی ئەندامیش بناغەکانی هەر شتێۆی زیندوون بەپێی ئەوەی لەسەر زەوی بینیومانە.
ئارێز محمد
Between one and eight normal 52-card decks are shuffled together. To begin every round, gamers place bets in the "betting field" at every position. In jurisdictions permitting again betting, as much as} three gamers may be at every position. The player whose 점보카지노 bet is at the front of the betting field controls the position, and the vendor consults the controlling player for taking part in} choices; the opposite bettors "play behind".
ReplyDelete