کێشەکانی فەرموودەی ڕیزبەندی ڕۆژەکانی خەلق



کێشەکانی فەرموودەی ڕیزبەندی ڕۆژەکانی خەلق


فەرموودەیەک هەیە بەچەند ڕیوایەتێکی جیاواز هاتووە ، لەوانە لە سەحیحی موسلیمدا بەم شێوە هاتووە:

(خلق الله عز وجل التربة يوم السبت، وخلق فيها الجبال يوم الأحد، وخلق الشجر يوم الإثنين، وخلق المكروهات يوم الثلاثاء، وخلق النور يوم الأربعاء، وبث فيها الدواب يوم الخميس، وخلق آدم عليه السلام آخر الخلق في آخر ساعة من ساعات الجمعة، فيما بين العصر إلى الليل)


واتا : خوای پەروەردگار خۆڵی دروستکرد ڕۆژی شەممە ، وە شاخەکانی دروستکرد ڕۆژی یەکشەممە ، و درەختی دروستکرد ڕۆژی دووشەممە ، و ڕۆژی سێشەممە مەکروهاتی دروستکرد ، ڕۆژی چوارشەممە ڕووناکی دروستکرد ، ڕۆژی پێنج شەممە زیندەوەرانی بڵاوکردەوە ، وە ئادەمی لە کۆتا کاتژمێر لە کاتژمێرەکانی هەینی دروستکرد ، لەنێوان عەسر و شەو.


ئەم فەرموودە جێگای مشتومڕە ، لەوانەی ڕەخنەی لێگرتووە ئیمام بوخاریە کە لەکتێبی التاریخ الکبیر دەڵێت:

هەندێک وتویانە ئەم فەرموودە لە ئەبوهوڕەیرەوە هاتووە کە لە کعبی احباری بردووە. ئەمەش ڕاسترین تێڕوانینە.


ابن کثیر دەڵێت:

ئەم فەرموودە یەکێکە لەفەرموودە نائاسایەکانی سەحیحی موسلیم.  علی مدانی و بوخاری و ژمارەیەک لە زانایانی پێشەنگ ڕەخنەیان لێگرتووە و وتویانە ئەمە قسەی کەعبە و ئەبوهورەیرە لەوەوە گوێی لێبووە وە هەنێ ڕاوی سەریان لێتێکچوە و داویانەتەوە پاڵ پەیامبەر د.خ. ئەم فەرموودە بەتەواوی بەیهەقی لێیکۆڵیوەتەوە.


ئیبن تەیمیە دەڵێت:

ئەمە فەرموودەیەکی خەوشدارە. و چەند زانایەک خەوشداریان کردووە.


جگە لەوەی ئەدرێتەوە پاڵ کەعب ، ئەم فەرموودە پێچەوانەی ڕواڵەتی ئایەتەکانی قورئانە ، کە قورئان دەڵێت خەلق شەش ڕۆژ بووە بەڵام ئەم دەڵێت حەوت ڕۆژ بووە.


بەڵام هەندێ زانای تر ، وەکو ئیبن جەوزی و شەوکانی ئەم فەرموودە بەدروست ئەزانن.

دەوترێت تاکە چالاکی ڕۆژی هەینی لە فەرموودەکە دروستکردنی ئادەمە. ئەم فەرموودە هیچ ناڵێت دەربارەی خەلقی ئاسمانەکان و زەوی لەو ڕۆژەدا. بەهەمان شێوەش لە قورئاندا خەلقی ئاسمانەکان و زەوی لەشەش ڕۆژدا ئاماژە بە خەلقی ئادەم نادات.


ئەم تێگەیشتنە دەبێت چارەسەری ئەو دژبەیەکیە ڕواڵەتیەی نێوان فەرموودەکە و ئایەتەکانی قورئان.

ئەم فەرموودە - لەگەڵ ڕێز بۆ ئەو ڕاستیەی کە ڕیوایەت کراوە لە سەحیحی موسلیمدا - داوای ئەوە دەکات شیکار بکرێت تا دیاریبکرێت دەقەکە چی دەڵێت و چی ناڵێت لەبارەی دروستکردنی خەلقی ئاسمانەکان و زەوی.


یەکەم شت ، هەروەکو ئاماژەمان پێدا پێشتر ، هیچ هۆکارێک نییە گریمانەی ئەوە بکەین ڕۆژەکانی ئەم فەرموودە مەبەست لێی ڕۆژەکانی ئێمەیە واتا 24 کاژێری ، هەرچەندە ناوی ڕۆژەکان هاتووە.

بەڵام ئەو ڕاستیەی کە ڕۆژەکان ناونراون ، ئاماژەپێدەرە بۆ هەردوو ڕیزبەند و بیرۆکەی هەر ڕۆژێک بەراستەوخۆی دوای ئەو ڕۆژەی پێش خۆی دێت.

جا بۆیە ئێمە بەڕواڵەتیانە مامەڵە لەگەڵ حەوت قۆناغ ئەکەین کە ماوەی یەک بەدوای یەکن.


گرنگە ئاماژەی پێ بدەین ، هەروەکو قورتوبی ئاماژەی پێداوە ، هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ نییە لەفەرموودەکە دەربارەی خەلقی ئاسمانەکان. ئاماژە بە ڕووناکی ئەدات دروستکراوە لە چوارشەممە ، بەڵام ئەوە گریمانەیەکە بڵێیت ئاماژەیە بەخۆر.

قورتوبی گریمانەی ئەوە دەکات کەمەبەست لە ڕووناکی هەمووهەسارە پرشنگدارەکانە و دەرئەنجامی ئەوە دەدات کە خەلقی ئاسمانەکان لەم ماوەدا ڕوویدابێت. بەڵام ئەم پێشنیارە دەیکات تەنها بەشێوەیەکی کاتی.


فەرموودە ئاماژە بەوە دەکات خۆڵ ماوەی یەکەم دروستکراوە. دیسان گریمانەیە ئەگەر بێتوبڵێین مەبەست لێی توێکڵی زەوییە یان ماددەی بەردینی زەوییە.

هەردوو ئەم تەفسیرە و هەندێکی تر شیاون بەیەکسانی.

بەڕوونی خەلقی چیاکان دەخاتە دووەم ماوەی کاتەکە. بەڵام لەبەر ئەوەی ناتوانین دیاریبکەین لەڕووی زانستیەوە مەبەست چییە لەخەلقی خۆڵ کە پێش ئەم ماوەی دووەمە ڕوویداوە ، ئەوا پرۆسەکانی کە ئاماژەی پێدراوە لێرەدا دیاریناکرێت لە دەقەکانەوە بەهیچ وردیەک.

قورتوبی ڕوونیدەکاتەوە ئەوەی ڕواڵەتیەن دیارە بۆ ئێمە لەزمانەوە و دەڵێت:

وەک ئەوەیە خودا شەممە خۆڵەکەی خەلقکردووە بەشێوەیەکی پەرت و بڵاو و کۆنەبوەوە ، دواتر ڕۆژی یەک شەممە ، ڕەق و کۆی دەکاتەوە و شاخەکانی لێدروست دەکات تاوەکو زەوی جێگیر بکات. خودا زەوی دروستکردووە بەشاخەکانیەوە لەدوو ڕۆژدا.


ئاماژە بەوە دەدات درەختەکان لەماوەی سێیەمی کاتەکە دروستکراون. هەرچەندە وشەی شجر کە لێرەدا بەکارهاتوە ، عادەتن بۆ درەخت بەکاردێت ، مانایەکی فراوانی هەیە بەشێوەیەک زۆربەی ڕووەکەکان بگرێتەوە. تەواو شیاوە و  تەواو قبوڵکراوە لەڕووی زمانەوانی ، کە ئەم وشە ڕووەک بەگشتی بگرێتەوە.

عەقڵی مۆدێرنی ئەمڕۆمان ڕەنگە بەفریودەری ببینێ کە گریمانەی ئەوە بکەین ئەم وشە کەبەکارهاتووە لەم چوارچێوەدا نەک تەنها مەبەستی ڕووەکەکان بێت ، بەڵکو مەبەستی هەموو زیندەوەرێکی فۆتۆسینسیسس بێت وەکو قەوزە و ساینۆبەکتریا. بەڵام ئەمە ڕەنگە لوتبەرزی بێت وابکەیت.

بێگومان ، ئەگەری ئەوە دەمێنێتەوە کە ئەم فەرموودە ئاماژە بەدرەخت بدات و بەسادەی هیچ نەڵێت دەربارەی ڕووەکەکان یان ئەو ماوەی کەڕووەکەکانی تر پەیدابوون.

ئەمە شتێکە موستەحیلە دیاریبکرێت لە وشەی دەقەکەوە.


دەربارەی مەکروهات کەدروستکراون لە ماوەی چوارەم ، هیچ بەڵگەیەکی دەقی ڕاستەوخۆ نییە تەفسیری بکات.

قورتوبی سەرەڕۆی بەو بیرۆکە دەکات کە ئەوشتانە شتی زەرەر بەخشن وەکو ژەهر و مێرووی زەرەردار. بەڵام تەنها وەک پێشنیارێک دەیڵێت.


ئەم فەرموودە لە سونەنی نیسائی الکبری و سابتی کوڕی قاسم بەجیاواز هاتووە.

لەباتی وشەی مەکروه کە مانای شتی ناپەسەند ئەدات ، وشەی تیقن بەکارهاتووە. وشەی تیقن مەبەستی جیهانی سروشتیە. زانایان لێکیانداوەتەوە لەم چوارچێوەدا بەو مانایەی کەسەرچاوەی سروشتی بگرێتەوە وەکو ئاسن و بەردی بەنرخ.

دووبارە ئەمەش تەفسیرێکی بێ مشتومڕ نییە.

نەوەوەی ئەم دوو ڕیوایەتە بە کێشەدار نابینێت ، چونکە مەکروهات و تیقن ئەکرێت لە هەمان ڕۆژدا دروستکرابن.


فەرموودەکە ئاماژەدەدات بەوەی ئاژەڵ بڵاوکراونەتەوە لەسەر زەوی لە ماوەی شەشەم. ئەمە دوو پرسیار دروست دەکات : وشەی دواب مەبەست پێی چییە ؟ وە مەبەست پێی چیە بڵاوکراونەتەوە لەسەر زەوی؟

وشەی ئاژەڵ ئێمە وەرمانگێڕاوە بۆ وشەی دابة. حەرفیەن واتا هەر ئاژەڵێک کە بڕوات لەسەر زەوی. ئەمەش هەموو ئاژەڵانی وشکانی دەگرێتەوە. بەڵام لەم چوارچێوەدا ئەکرێت مەبەستی هەموو ئاژەڵان بێت ، چونکە وشەکە لەقورئاندا لەچوارچێوەی فراوانتردا بەکارهاتووە :

{ ۞وَمَا مِن دَآبَّةٖ فِي ٱلۡأَرۡضِ إِلَّا عَلَى ٱللَّهِ رِزۡقُهَا وَيَعۡلَمُ مُسۡتَقَرَّهَا وَمُسۡتَوۡدَعَهَاۚ كُلّٞ فِي كِتَٰبٖ مُّبِينٖ }[سورة: 6]

واتا:

هیچ زینده‌وه‌رێك نیه له‌م زه‌ویه‌دا ڕزق و ڕۆزیه‌که‌ی له‌سه‌ر خوا نه‌بێت و ئاگاداره به‌شوێنی حه‌وانه‌وه و شوێنی ده‌رچوونیان، هه‌موو شتێك تۆماره له دۆسیه‌ی ئاشکرادا له (لوح المحفوظ) دا.


وشەی بڵاوکردنەوە بەزەویدا ´´ بث فيها `` ئەکرێت بەسادەی مەبەست پێی خەلقی ئەو زیندەوەرانە بێت. بەڵام وشەکە ئەم مانایەی نییە.

زمانی فەرموودەکە ئاماژە بەشتێکی تر ئەدات وەک بڵاوبونەوە و هەمەجۆری و بەربڵاوی بەزەویدا ، چونکە وشەی بث فيها مانای خەلق نادات و لەم چوارچێوەدا کە بەکارهاتووە ئەو تەفسیرانە سنوردار ناکات.

ئەوە پێشنیار دەکات خەلقی ئەم ئاژەڵانە ئەبێت لە ماوەی شەشەمدا بوبێت. بەڵام ئەو ئەگەرەش ڕەش ناکاتەوە کە ڕەچەڵەکیان پێشتر بوو بێ لەماوەکانی پێشوو.


فەرموودەکە ئاماژە بە ئادەم ئەدات کە دروستکراوە لە کۆتای ڕۆژی حەوتەم و کۆتا ماوە. ئەمە ڕێ نادات بە هیچ تەفسیرێکی تر. فەرموودەکە بەڕوونی دەڵێت ئادەم درەنگ دەردەکەوێت و خەلقە سەرەکیەکان تەواوبووە پێش گەیشتنی.


بەداخەوە ، ئەمە بەهێزترین دەرئەنجامە کە وەریبگرین لە فەرموودەکە - ئەگەر بیرۆکەی خەلقی زەوی لە یەکەم دووماوەدا دەربێنین. ئەو حەقیقەتە ئەمێنێتەوە کە تەنانەت ئەگەر ئەم فەرموودە قبوڵبکرێت وەک فەرموودەیەکی دروست ، ئەوە ئەمێنێتەوە کە بەڵگەی دەقی لەقورئان و سونەتەوە دەربارەی ڕیزبەندی ڕووداوەکانی خەلق لەباشترین دۆخدا بێ دەرئەنجامن.


قورتوبی دەڵێت: ئەم فەرموودە لەسەرچاوەی تریشدا هاتوە جگە لەسەحیحی مسلم بەڕیوایەتی هەمەجۆری دژبەیەکەوە.

لە هەندێکیاندا زەوی لە یەکششەمە و دووشەممە دروستدەکرێت لەکاتێکدا شاخەکان لە سێشەممە دروستدەکرێن ، درەخت و ڕووبار و و دانیشتوانەکان لە چوارشەممە دروستدەکرێن ، خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و فریشتەکان لە پێنج شەممە دروستدەکرێن و ئادەمیش لە هەینیدا. 

ئەمانە فەرموودەی یەک ڕاوین کە دژەبەیەکن لەگەڵ یەکتر و ئێمەش هیچ زانیاریەکی کرداری نابەخشین. ئێمە نابێت پشت ببەستین پێیان لە دیاریکردنی ڕیزبەندی ڕەچەڵەکی مەخلوقات لەو ڕۆژانەدا.


هەمان شت ئەتوانرێ بوترێت دەربارەی ئەوەی کەی خەلقی ئاسمانەکان و زەوی ڕوویداوە. ئەلوسی ئاماژە بەنەبوونی بەڵگەی دەقی ئەدات دەربارەی ئەم بابەتە کاتێک باس لە خەلقی ئادەم ئەکات و دەڵێت:

زۆربەی زانایانمان ڕۆشتون و وتویانە لەکاتی ئادەمەوە تا کاتی دەرکەوتنی پەیامبەر محمدەوە د.خ شەش هەزار ساڵ تێپەڕیووە و زەویش حەوت هەزار ساڵە.

زۆر ڕیوایەت هاتووە بۆ ئەوکاریگەریە. 

ئەو ڕاستیەی من ئەبینیم ئەوەیە ئادەم هاتە بوون پاش ئەوەی نەبوو ، پاشان چوەوە نەبوون پاش ئەوەی هەبوو. وە دەربارەی کاتی ئەم ڕووداوانەش ، ئەوە شتێکە کەس لە غەیری خوا نازانێت. ڕیوایەتەکان لەسەر ئەم بابەتە دژ بەیەکن و بەدەگمەن جێگای پشتبەستنن.


نوسینی د.دەیڤد جەلاجیل بەهەندێ دەستکاری 

سەرچاوە:

ISLAM & BIOLOGICAL EVOLUTION Exploring Classical Sunni Sources and Methodologies David Solomon Jalajel

Comments