ئایا قورئان هەڵەی کردووە دەربارەی دروستبوونی تۆو ؟



ئایا قورئان هەڵەی کردووە دەربارەی دروستبوونی تۆو ؟ 


یەکێک لەباوترین ڕەخنەکان لەسەر قورئان هێرشکردنە سەر ئەو ئایەتانەیە کە باس لە دیاردەیەکی سروشتی ئەکات ، وە لەناو ئەو جۆرە ڕەخنەشدا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە قورئان هەڵەی کردووە دەربارەی دروستبوونی تۆوی مرۆڤ ، ڕەنگە هەڵە سەرەکیەکەی ئەم جۆرە ڕەخنە ئەوەبێت کە قورئان وەکو شیکەرەوەیەکی زانستی بۆ دیاردە سروشتییەکان ببینێت ، بەڵام قورئانە دوورە لەوەی ئامانجێکی وای هەبێت ، پێشتر لێرەدا ڕوونمان کردەوە کەقورئان پەیوەندی نییە بەزانستی سروشتیەوە و ئایەتەکان و پەیامی خودایی ئامانجی تریان هەیە ، لێرەوە خوێنەر بن:

سروشت ، قورئان و هاوکاری ئیلاهی


پاش خوێندنەوە و ئەگەر هاوڕام بیت لەگەڵ تێڕوانینی هاوکاری ئیلاهی ، ئێستاش ئەچینە سەر ڕەخنەکە کە بۆچی لەجێی خۆی نییە و قورئان ئامانجی شتێکی ترە وەک لەوەی ئامانجی تەفسیر کردنی زانستی بێت بۆ دروستبوونی تۆو.


ئایەتەکان بریتین لەئایەتی 5 بۆ 7 سورەتی الطارق کەسورەتێکی کورتی مەککییە :


{ فَلۡيَنظُرِ ٱلۡإِنسَٰنُ مِمَّ خُلِقَ }

واتا:که‌واته با ئاده‌میزاد ته‌ماشا بکات و سه‌رنج بدات که له چی دروستکراوه‌؟!


{ خُلِقَ مِن مَّآءٖ دَافِقٖ }

واتا:دروستکراوه له ئاوێکی هه‌ڵقوڵاو (که مه‌نی پیاوه و هێلکۆکه‌ی ئافره‌ته‌، هه‌ردوولایان هه‌ڵده‌قوڵێن بۆ پێکهاتنی ئاده‌میزاد، به‌ویستی خوا).


{ يَخۡرُجُ مِنۢ بَيۡنِ ٱلصُّلۡبِ وَٱلتَّرَآئِبِ }

واتا: له نێوان بڕبڕه‌کانی پشت و ئێسکه‌کانی سینه‌دا ده‌رده‌چێت.


ڕەخنەکە بەکورتی بریتیە لەوەی زانست ڕوونی کردەوەتەوە کەتۆوی مرۆڤ لەنێوان بڕبڕەی پشت backbone و قەفەزی سنگدا ribcage دروست نابێت!


سێ وشە گرنگەکە بریتین لە: يَخۡرُجُ ، ٱلصُّلۡبِ ، وَٱلتَّرَآئِبِ جا ئێستا سەیری مانا کلاسیەکیەکانیان دەکەین 


1.وشەی يَخۡرُجُ لە وشە و ڕەگی سێی (خ ر ج) هاتووە و ئەم مانایانە ئەدات: چونە دەرەوە ، دەرکەوێت ، هاتنە دەرەوە ، بەجێ هێشتن.


2.وشەی ٱلصُّلۡبِ لە وشە و ڕەگی سێی (ص ل ب) هاتووە و ئەم مانایانە ئەدات : بڕبڕەی پشت ، بەرموسەڵان ، وەکینایەیە(ئاماژەپێدەری زمانەوانی) بۆ ڕەگەزی نێر وە دەکرێت بەمانای ڕەقبوونیش بێت.


3.وشەی وَٱلتَّرَآئِبِ لەوشە و ڕەگی سێی (ت ر ب) هاتووە و ئەم مانایانە ئەدات : بازنەی سنگ ، سنگ بەشی سەرەوەی ، پەراسوو. وە کینایەیە(ئاماژەپێدەری زمانەوانی)بۆ ڕەگەزی مێ.


هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێدا باوەڕم بەوە نییە ئایەتەکە پەیوەندی بە زانستەوە هەبێت بەڵام ئەگەر کەسێک ئەو ڕێگایە بگرێت ئەتوانێت بەرگری بکات لەوەی قورئان هەڵەی نەکردووە لەڕووی زانستیەوە و لەکۆتا سەرچاوە کە دامناوە گفتوگۆی ئەم باسە کراوە و زۆربەی نوسینەکەش لەو سەرچاوەوە وەرمگرتووە.


ئێستاش بێینە سەر تەفسیری دووەم کە ئەمەیانم پێ بەهێزە و پەیوەندی نییە بەدروستکردنی تۆوی مرۆڤەوە ، ئەویش ئەوەیە ئایەتەکان باس لەدەرچوونی منداڵ ئەکەن لە ڕەحمی دایکەوە کە کەوتۆتە نێوان بڕبڕەی پشت یاخوود بەرموسەڵان و پەراسوەوە.


ئەم تەفسیرە پێشینێکی هەیە لەتەفسیری کلاسیکیدا ، القرطبي و ابن عطية ئاماژەیان بەم تێڕوانینە داوە لەکارە تەفسیریەکانیاندا.

ئەم تێڕوانینە ڕەنگە بەهێزترین وەڵامبێت چونکە ڕەچاوی چوارچێوەی بابەتی ئایەتەکان thematic context دەکات. ئەمەش پێکهاتوە لە چوارچێوەی زمانەوانی و سیمانتیکی تەواوی سورەتەکە. پرۆفیسۆری دراساتی ئیسلامی و سەرنوسەری جۆرناڵی Journal of Quranic Studies و پسپۆڕی قورئان محمد عبدالحلیم بەتەواوی دراسەی ئەم سورەتەی پێشکەشکردووە. جا بۆ ئەوەی بەتەواوی تێبگەین لەم سورەتە ئەبێت بزانین باسی سورەتەکە چیە ، باسەکەش بریتیە لەڕۆژی قیامەت. هەموو ئایەتەکان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەم باسەوە. پاشان دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکەین کە ئەم سورەتە سورەتێکی کورتی سەردەمی مەککەیە و وەک ئەوەی باوە لەتایبەتمەندیە گشتیەکانی سورەتەکانی مەککە ، ئەم سورەتی (الطارق)ەش پوختە.

 

پرۆفیسۆر محمد عبدالحلیم لەبارەی ئایەتی 5 بۆ 7 تێڕوانینی بەم شێوەیە :

ئەو تەنەی دەردەچێت لە نێوان بڕبڕەی پشت و ئێسکی سنگەوە بریتیە لەو منداڵەی دەرئەچێت لەڕەحمی دایکیەوە. ئەم ئایەتە ئاماژەنادات بە ئاوی هەڵقوڵاو لەنێوان بڕبڕەی پشت و ئێسکی سنگدا دەرئەچێت.


ئەو گۆڕانەش لە ئایەتی 6 ەوە کەباس لە دروستبونی سپێرم ئەکات بۆ ئایەتی 7 کە باس لە دەرچوون و هاتنە دەرەوەی منداڵ ئەکات ڕەنگە زۆر لەپڕ و خێرابێت. جا دەربارەی ئەمە پرۆفیسۆر محمد عبدالحلیم دەڵێت ئاساییە و جێگای سەرسوڕمانی نییە چونکە سورەتەکە زۆرپوختە. قورئان پێشتر لە سورەتی تردا بەدرێژی باسی دروستبونی کۆرپەلە ئەکات.

جا ئێستا سێ هۆکاری ڕوون ئەدەین بۆچی ئەم ئایەتی 7 ە باسی تۆو نییە بەڵکو باسی هاتنە دەرەوەی منداڵە:


1.وشەی هاتنەدەرەوە لەم ئایەتە يَخۡرُجُ ە. ئەم وشە قورئان بەکاریهێناوە لەئایەتی تردا بۆ هاتنەدەرەوەی ژیانی ڕووەک لەخاکەوە ، مناڵ لە ڕەحمی دایکیانەوە ، مرۆڤەکان لە قەبرەوە. جا بەجێبەجێکردنی ئەم ستایلە زمانەوانیە قورئانیە ، وشەی يَخۡرُجُ ئەتوانێ ئاماژە بە هاتنەدەرەوەی ژیان بکات. وە قورئان بەڕوونی مرۆڤێکی زیندووی جیاکردوەتەوە لە تۆواو ، جا بۆیە ئەم وشە ئاماژە بەمرۆڤ ئەکات نەوەک تۆواو.

وەک پێشتر ئاماژەم دا ، وشەی يَخۡرُجُ لە ڕەگی سێی (خ ر ج)ەوە هاتووە کە بەمانای چونە دەرەوە ، دەرکەوتن ، هاتنە دەرەوە ، بەجێ هێشتن دێت. وشەی يَخۡرُجُ لە قورئاندا 53 جار بەکارهێنراوە. زۆربەی بەکارهێنانی وشەکان لەنێو چوارچێوەی هاتنەدەرەوە ودەرکەوتن لەقەبر و زەویەوە(سورەتی 30:ئایەتی25)، هاتنە دەرەوە و دەرکەوتن لە خاکەوە(سورەتی23:ئایەتی20) ، دەرچوون و هاتنەدەرەوە(سورەتی86:ئایەتی7) چونەدەرەوە وجێ هێشتندا(سورەتی5:ئایەتی22) هاتووە.

جا هەروەکو چۆن دار دێتەدەرەوە لە شاخدا و خەڵکی ناوچەیەک بەجێدێڵن ، ئاواش منداڵ دێتەدەرەوە و ڕەحمی دایکی بەجێدێڵێت.


2. وێنەی پرۆسەی منداڵبوون گونجاوە بەتەواوی لەگەڵ سورەتی الطارق کەباسی ڕۆژی قیامەتە. لەدایکبوونی مرۆڤ وێنەی گرنگمان پشاندەدات لەم سورەتەدا کە باسی ژیان و مردن و زیندووبونەوە ئەکات.گەر ئایەتی 7 مەبەستی تۆوبێت ، ئەوا لەدەستدانێک ئەبینرێت لەگرنگی ئەم وێنەیە کە ملدەبات بەرەو کەمبونەوەیەکی گشتی لەهونەر وجوانی بەهێزی سورەتەکە.


3. ئایەتی 8 دەڵێت: { إِنَّهُۥ عَلَىٰ رَجۡعِهِۦ لَقَادِرٞ }

واتا:بێگومان ئه‌و زاته دووباره (دروستکردنه‌وه‌ی ئاده‌میزادی) زۆر لائاسانه و توانای ته‌واوی هه‌یه‌. تەریب بوونی لەدایکبوونی مرۆڤ لە ئایەتی 7 و دووبارە زیندووکردنەوەی مرۆڤ لە ئایەتی 8 بەتەواوی دەبینرێت و گونجاوە لەهەردوو ڕووی بابەتی سورەتەکە و پوختییەوە. 

خۆ ئەگەر بوترێ ئایەتی 7 باسی سپێرمە و ئایەتی 8 باسی سپێرمە ، ئەوە هەم مانا و هەم ڕەوانبێژی ئایەتەکان تێکدەچن.


لەم خاڵەدا پرسیار و مشتومڕێک دروست دەبێت ، ئەگەر ستایلی دەربڕینی قورئان و یەکێتی باسی سورەتی الطارق ئەوە پشان بدەن کە ئایەتی 7 ئاماژە بەمرۆڤ ئەکات نەوەک سپێر و تۆواو ، ئەوا بۆچی زۆرێکی لە زانایانی تەفسیر بەسپێرم تەفسیریان کردووە لەباتی مرۆڤ ؟


پرۆفیسۆر محمد عبدالحلیم دەڵێت چونکە ئەو زانایانە یاسای ڕێزمانیان جێبەجێکردووە لە تەفسیری ئەم ئایەتە. یاسای ڕێزمانیش ئەوەیە ´´جێناو ئاماژە بەنزیکترین ناوی پێش خۆی دەکات``. هەرچەندە ئەمە هەنگاوێکی دروستە وئەکرێت بگونجێنرێت لەگەڵ زانستی سەردەم بەڵام مەرج نییە ئەم یاسا بەکاربێت.


سێ خاڵمان پێ دەدات بۆ ئەمە:

1.یاسای ڕێزمان گشتی نییە لەقورئاندا. ئایەتی ڕوون هەن کە یاسای ڕێزمانیان بەسەردا جێبەجێ نابێت.


2.هیچ بەڵگەیەکی دەقی لەقورئانەوە پێشکەشنەکراوە بۆ ئەوەی کە ئەوشلەمەنیە لە ئێسکی سنگی ژنەوە دێت. هەموو ئەوەی هەیە بریتیە لە وتەی هەندێ زانایان کە ئەمەش زۆر قورسە یەکسان بکرێت بە هێزی بەڵگەیەتی بنەمای تەفسیر : ئەویش تەفسیری قورئانە بەقورئان.


3. ئەو وێنە وردە دروستبووەی تەواوی سورەتەکە کە دەربارەی ڕۆژی قیامەتە ، توشی ناهاوسەنگی دەبێت ئەگەر ئایەتەکە ئاماژە بێت بەو شلەمەنیە هەڵقوڵاوە لەباتی مرۆڤ. جا بەڕەچاوکردنی هەموو ئەو شتانە ، هۆکاری بەهێزتری زمانەوانی و قورئانیمان هەیە بۆ تێگەیشتن لەئایەتی 7 وەک ئاماژەیەک بۆ مرۆڤ وەک لەوەی تەفسیر بکرێت بە تۆواو.


جا زانای ناودار مالک ئەحمەد مەکیش هەمان تێڕوانی هەبووە بۆ ئەم ئایەتانە و دەڵێت ئەم ئایەتە ئاماژەیە بۆ دەرچوونی مرۆڤ لەڕەحمی دایکەوە.


جا لەکۆتایدا ئەحمەد دەلال لە مۆنۆگرافەکەیدا لەبارەی پەیوەندی زانست و قورئان لەنێو زانایاندا ، باس لە زانا بیرۆنی دەکات کە پێی وابووە گەشەی زانست لە جیهانی ئیسلامدا بەهۆی بێدەنگ بوونی دەقەکانەوەیە دەربارەی زانست و جیابوونی زانست و قورئان لەیەکتر، وە ئەگەر ئێمەی موسوڵمانانیش و ئەوانەی بەدوای حەقدا ئەگەڕێن ئەم مەنهەجەی بیرۆنی جێبەجێ بکەین ، ئەبینین سورەتی الطارق باس لە گەیاندنی باسێکی ئاینی دەکات کە ڕۆژی قیامەتە نەوەک باس لەزانستی کۆرپەلەناسی بکات ، جا ئەگەر ڕەچاوی ستایل و زمانەوانی و هێرمۆنتیکا و بابەتی قورئانی بکەین دەبینین ئەم ئایەتە باس لەدەرچوون و هاتنە دەرەوەی منداڵ ئەکات لەڕەحمی دایکی و بەمشێوەش ئەم ئایەتە پەیوەندی نابێت بەزانستەوە.


تەفسیر و تێڕوانینێکی تریش هەیە کە شایستەی ئاماژەپێدانە کە هەر لەزانایانی کلاسیک ئاماژەیان پێداوە ، ئەویش ئەوەیە کە الصلب کینایەی پیاوە و الترائب کینایەی ژنە. کینایە واتا ئاماژەپێدەری زمانەوانی. ئیمام ماتوریدی ئاماژە بەوە دەدات زانایان ڕای جیایان هەیە دەربارەی ئەم ئایەتی7 ە.دەڵێت ابوکر العصام پێی وابووە الصلب یاخوود بڕبڕەپشت ئاماژەپێدانی ناڕاستەوخۆیە بۆ پیاو ، کە لە ئەدەبیاتدا پێی دەوترێت allusion. و الترائب ئاماژەپێدانی ناڕاستەوخۆیە بۆ ژن. بەمانایەکی تر ناون بۆ پیاو و ژن.

ئەم ڕایەش پشتگیری قورئانی هەیە بۆ نمونە سورەتی النساء ئایەتی 23 { ... وَحَلَٰٓئِلُ أَبۡنَآئِكُمُ ٱلَّذِينَ مِنۡ أَصۡلَٰبِكُمۡ ...}

ئیمام ماتوردی دەڵێت وشەی أَصۡلَٰبِكُمۡ هەمان وشەی الصلب ی سورەتی الطارق کەئاماژەیە بۆ پیاو.

ئەم تێڕوانینەش ئەدرێتە پاڵ ئەو کاتەی پیاو ئاوی دێتەوە و حەرفیەن ئەمەش ڕوودەدات لەنێوان پیاو وژندا لەکاتی جنسکردندا.



دەرئەنجام: ئەم دوو تێڕوانینەی ئاماژەمان پێدا هیچ دژبەیەکییەکیان نییە لەگەڵ زانست چونکە باسی دروستبوونی تۆو وکۆرپەلەناسی و لێکدانەوەی زانستی ناکەن ، تاوەکو ڕەخنەی زانستی لەدژیان بهێنرێتە پێشەوە.


سەرچاوەکان:

Ibn ‘Attiya Al-Andalusi. (2001). Al-Muḥarrar Al-Wajīz Fī Tafsir Al-Kitab Al-‘Aziz. Beirut: Dār Al-Kutub Al-‘Ilmiyya, vol. 5, p. 465; Qurtubi., Al-. (2006). Al-Jāmi’ Li Aḥkām Al-Quran. Beirut: Muassasat Al-Risāla, vol. 22, p. 210.


Abdel-Haleem, M. (2017). Exploring the Quran: Context and Impact. London: I.B. Tauris, p. 191.


Arabic-English Dictionary of Qur’anic Usage


Makki, M. A. (2010). Al-Mu’īn ‘Ala Tadabbur Al-Kitab Al-Mubīn. Beirut: Muassasat Al-Rayyān, p. 591


Dallal, A. (2010). Islam, Science, and the Challenge of History. Yale University Press, pp. 114-5


Mātūrīdi, Al-. (2007). Tawīlāt Al-Quran. Istanbul: Dār Al-Mīzān, vol. 17, p. 159.


Does the Qur’ān make a mistake on where semen or sperm is produced? SAPIENCE INSTITIUTE written by Salih Hamid Fatih & Hamza Andreas Tzortzis

Comments