زانست خۆکوژی ئەنجام ئەدات کاتێک عەقیدەیەک هەڵدەگرێت
زانست خۆکوژی ئەنجام ئەدات کاتێک عەقیدەیەک هەڵدەگرێت
زانست وەک هەر شتێکی تری مرۆڤ ، ئایدۆلۆژیای پێوە لکاوە بۆیە ئەبینن لەمێژووی زانستدا چەندین زانا و تێڕوانینی زانستی دووچاری تۆمەت بوونەتەوە ، یەکێک لەو تێڕوانیانە nomogenesis ە کە زانای ڕووسی گەشەی پێدا بەناوی لیۆ بێرگ leo s. berg.
باسەکە پەرەسەندنە ، بێگومان پەرەسەندن هەر لەپاش بڵاوبونەوەی کتێبەکەی چارلس داروین ئەسڵی جۆرەکان ، لەناو بازنەی زانستیەوە میکانیزمی داروینی دووچاری ڕەخنە بوەوە و زانایانی ڕەخنەگر میکانیزمی خۆیان پێشکەش دەکرد ، ئەم مشتوومڕی میکانیزیمە تا ئێستاش بەردەوامە.
سەرەتای سەدەی بیست ، داروینیزم دووچاری لاوازییەکی زۆربووەوە بەتایبەت بەهۆی پەیدابوونی زانستی جینات ، بەشێوەیەک کە ئیگۆر پۆپۆڤ دەڵێت نەوەی یەکەمی زانایانی جینات بەشێوەیەکی سەرەکی ڕەخنەگربوون لەداروینیزم. وە تەنانەت پیتەر باولەر دەڵێت داروینیزم لەو ماوە دووچاری ئەزمە نەبوەوە چونکە پێشتریش زاڵ نەبووە تاوەکو ئەو ماوە توشی ئەزمە ببێت . وە میکانیزمەکانی تر پێش ئەو ماوە و دواتریش ئەوە ئامادەبوونە.
وە لەنێوان 1900 بۆ 1930 کۆمەڵە بیرۆکە و میکانیزمێک لەئارادابوون کە پێچەوانەی یەک بوون و هەر یەکێکیشان دووچاری ڕەخنەی خۆی بوبوەوە.
یەکێک لەو بیرۆکانەی گەشەی پێدرا nomogenesis بوو کە ئەتوانین بڵێین ڤێرشنێکی orthgenesis ە ، کە تا ئەمڕۆش هەندێ لەزانایان پشتگیری دەکەن.
نۆمۆجێنەسس چییە ؟
نۆمۆجێنەسس بەکورتی واتا پەرەسەندن بە یاسا بەڕێوەدەچێت نەوەک بە پرۆسە هەڕەمەکییەکانی کە داروینیزم بانگشەی دەکات. بێرگ کتێبێکی لەسەر بڵاوکردەوە لەساڵی 1922 و کارلێکی هەمەجۆر دروست بوو لەسەری ، بەڵام ئەم تێڕوانینە بەخێرهاتنێکی باشی لێکرا لەلایەن زانایانی ڕووەکناسەوە.
بێرگ خاڵە سەرەکیەکانی نۆمۆجێنەسسی بەمشێوە پێشکەشکرد:
1.زیندەوەران لە هەزارەها زیندەوەری ئەساسیەوە پەرەیانسەندووە.
2.پەرەسەندن زۆرکات بە یەکگرتن convergence کاردەکات نەوەک جیابوونەوە divergence.
3.پەرەسەندن بەیاسا بەڕێوەدەچێت.
4.پەرەسەندن کاریگەری دەکاتە سەر چەندەها تاک لە ناوچەیەکی گەورەدا.
5.پەرەسەندن بە پلەی دابڕاو کاردەکات.
6.ژمارەی هەمەجۆری سنوردارە و بەرەو ئاراستەی دیاریکراو دەڕۆن.
7.ململانێ بۆ مانەوە و هەڵبژاردنی سروشتی فاکتەری پێشکەوتن نین لەپەرەسەندن بەڵکو هێزی پارێزەرن لە پاراستنی ئاساییەکاندا.
8.بەهۆی ڕەچەڵەکێکی بازدانییان ، جۆرەکان بەشێوەیەکی ڕوون جیان لەیەکتر.
9.زۆربەی پەرەسەندن دەرخەری فۆڕمی متبووە.
10.لەناوچوون ڕوودەدات بەهەردوو هۆکاری دەرەکی و ناوەکی.
هەروەکو ئیگۆر پۆپۆڤ دەڵێت بیرگ گشتاندنی کرد لە کۆمەڵە داتایەکی زۆر لەفیڵدەکانی جینات و شکڵناسی و پۆلێنکاری و بەبەردبووناسی.
بێرگ ڕەخنەگربوو لە لێکدانەوە خۆگونجاندنەکان adaptationistic explanations ، واتا ناکرێت سیفەتەکان بەوە تەفسیربکەین کە بۆیە پەیدابوون چونکە سوودی خۆگونجاندیان هەبووە. بۆ نمونە تەفسیری داروینی بۆ ڕەچەڵەکی ماسی باڵدار ئەوەیە کە خۆیان گونجاندووە بۆ فڕین چونکە پەستان دروستبووە لەسەر پولەکەی باوانیان دروستبووە و پولەکەکانیان درێژ بونەتەوە و دواتر ماسیەکان توانیویانە باز بدەن و ئێستاش ئەتوانین بنیاتنانە ئەسڵیەکە ببینین : ماسی باڵدار.
بێرگ ئەم لێکدانەوەی ڕەتکردەوە. بەڵکو پێی وابوو پولەکەکان درێژبوونە بەبێ ئەوەی گرنگی بدەن بە بوونی پەستان و داواکاری ژینگە. ماسی هەن پولەکەی ئاساییان هەیە و ئەتوان بازبدەن لە ئاوەکانەوە و ماسیش هەن پولکەی درێژیان هەیە و قەتیش باز نادەن ئەژین لەنزیک بنی ئاوەکان. بێرگ پێی وابوو پولەکای درێژ یەکێکە لە هەمەجۆرییە شیاوەکان ، کە باوە لەهەندێ ماسیدا و ڕوودەدات وەکو حاڵەتێکی نائازی لەهەندێکی تردا. وە ئەم حاڵەتە نائاساییانە دروستدەبن بێگوێدانە ژینگە هەرچەندە لەهەندێ حاڵ و مەرجدا وادەرئەکەون سوودی خوگونجاندنیان هەبێت.
بێرگ پێی وابوو پەرەسەندن بە چەند ئاراستەیەکی دیاریکراودا ئەڕوات ، پێی وابوو هۆکاری ئەم ئاراستە دیاریکراوانە تایبەتمەندیە بەرجەستەکراو کیمیایەکانی پرۆتینەکانن.
بێرگ هەرگیز ئاماژەی بەشتانێکی ناماددی و هێزی ناماددی نەدابوو دەربارەی هێزە ئاراستەکەرەکانی پەرەسەندن بەڵام ڕەخنەگرەکانی هێشتا تۆمەتباریان ئەکرد بە بیرۆکەی ئاینی و دژەپێشکەوتن.
ڕەخنەگرە مارکسیەکانی پێیان وابوو نۆمۆجێنەسس پێشنیاری pacifism (کە هەموو جۆرە توندوتیژیەک بێ پاساوە) و شتانێک ئەکات کە گونجاو نین لەگەڵ ئایدۆلوژیای سۆڤیەت ، هەرچەندە بێرگ دووپاتی ئەکردەوە کە تێڕوانینەکەی تەواو زانستیە و ئاماژەی بەوە ئەدا کە داروینیزم ناکرێت قبوڵ بکرێت وەکو باوەڕێکی حەقیقەتی نەمر و بەردەوام ئاگاداری ئەدا دەربارەی مەترسی ئەو بیرکردنەوە دۆگمایانە. جا وتەکەی هەکلسی زیادکردبوو بۆ ڤێرشنە ڕووسیەکەی کتێبەکەی کە دەڵێت :
(زانست خۆکوژی ئەنجام ئەدات کاتێک عەقیدەیەک هەڵدەگرێت).
بەڵام لەسەرئەنجامدا بێرگ سەرکوت کرا و وازیهێنا لەزانکۆ ، بەڵام بەهۆی داڕووخانی زانکۆکەوە بانگێشتیان کردەوە ئەوەبوو ساڵی 1936 گەڕایەوە زانکۆ بەڵام ئاماژەی چیتر نەدایەوە بەم باسە و خۆی تەرخانکرد بۆ باسەکانی جیۆلۆجی و جیۆگرافیا و بایۆلۆجی و مێژووی زانست.
وە بەداخەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوە ئەمڕۆش لەبەشێکی زانا و خەڵکی گشتیدا هەیە کە زۆر بەئاسانی تۆمەتی نازانستیبوون ئەدەنە بەرامبەر تێڕوانین و کەسەکانی بەرامبەریان.
سەرچاوە:
Orthogenesis versus Darwinism , ch:3.
Comments