ساهیل باوانی مرۆڤ ؟ یان زیندەوەرێکی بێ نەوە ؟

 


ساهیل باوانی مرۆڤ ؟ یان زیندەوەرێکی بێ نەوە ؟ 


ساڵی 2001 لەناوچەی چادی ئەفریقا ، تیمەکەی مایکڵ برونێت هەندێ بەبەردبوویان دۆزیەوە و ناویان لێنا sahelanthropus tchadensis یاخوود toumai کە بەپێی تەکنیکەکانی تەمەن دیارکردن ئەم بەبەردبوانە دەگەڕێنەوە بۆ 7.2 بۆ 6.8 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ، هەرچەندە گومانیش هەن لەمبارەوە چونکە بەبەردبووەکان لە in situ نەدۆزرابونەوە.


بەبەردبووی کەلەسەرەکە توشی شێواوی distortion بووبوو.


تیمەکە وەکو هۆمینین (لەپاش جیابونەوەی مرۆڤ و چیمپانزی ، هەر زیندەوەرێک لەمرۆڤ نزیکتربێت هۆمینینی پێدەوترێت) ناساندیان لەبەر دوو هۆکار هەروەکو ئیان تاترسڵ دەڵێت : 

1.شوێنی foramen magnum کە بەپێی تیمەکە وەکو هی مرۆڤ بووە ، کەلەسەری مرۆڤ لەسەر بڕبڕەی پشتە بڕوانە وێنەکەی خوارەوە.



2.ددانەکان ، مینانی ددانی پاشەخڕێی ئەستور بوە وەکو مرۆڤ لەگەڵ ددانی کەڵبەی کە بچووک بووە وەکو مرۆڤ 


بەڵام ساهیل هەر لەسەرەتاکەیەوە دووچاری ڕەخنە و مشتومڕ بوو ، توێژەرانی ڕەخنەگر پێیان وانەبوو ساهیل باوانی مرۆڤ بووبێت و پێیان وابوو ئەم سەرە بەبەردبووە هی ئەیپێکی لەناوچوو بێ وەکو غۆریلایەکی مێ ، هەروەها ڕەخنەگران پێیان وابوو سەرەکە لەسەروی بڕبڕەی پشتەوە نەوەستاوە(وەکو مرۆڤ) بەڵکو لەپێشیەوە بووە(وەکو ئەیپی تر بۆ نمونە غۆرێلا).


وە دەربارەی ئەو دوو تایبەتمەندیە ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا بەو شێوە بێت کە توێژەرانی توێژینەوەی یەکەم بانگەشەی دەکەن ، ئەمە نابێت بەڵگە بۆ ئەوەی ساهیل هۆمینین بووبێت ، چونکە ددانی کەڵبەی بچووک لە ئەیپی تری سەردەمی مایۆسین بینراوە وەکو oreopithecus ، ouranpithecus ، giganthopithecus. ئەم ئەیپانە بەهۆی پەرەسەندنی سەربەخۆ هەمان تایبەتمەندی ددانی کەڵبەی بچووکیان هەبووە.


جا بۆیە ساڵی 2011 بێرنارد ود و هاریسۆن لە ئارتیکڵێکدا دەربارەی ئەم تایبەتمەندیانە ئاگاداریان دا و دەڵێن : ئەم گۆڕانانە لەڕاستیدا تایبەت نین بە هۆمینینەکان و ئەتوانی وێنای بکەیت کە هەمان وەڵامی پەرەسەندنانە ڕوویدابێت لە هۆمینیدەکانی ئەفریقادا(پەرەسەندنی سەربەخۆ)، نەک تەنها لە بنەماڵەی هۆمینیندا.


لەبارەی شوێنی foramen magnum ، وەکو گونتەر بێچلی دەڵێت سێ کێشەی هەیە :

1.توێژەرانی تر پێیان وایە شوێنی formen بەو شێوەی مرۆڤ نییە لە ساهیلدا.

2.شێوەی foramen magnum لە مرۆڤدا شتێک نییە تایبەت بێت بەمرۆڤ و هۆمینینەکان ، هەروەکو ود و هاریسن دەڵێن : بەبەراوردی پرایمتەکانی تر بەتایبەت گیبۆن و مەیمونی دەم وچاو کورت short faced ، ئەم تایبەتمەندیە پێشنیاری ئەوەدەکات کە پەیوەستە بە جیاوازی head carrige و facial length وەک لەوە تایبەت بێت تەنها بە ڕۆشتن لەسەر دوو.جیاکاری نێوان بۆنۆبۆ و چیمپانزی لەم ڕوانگەوە و پێکداچوونی نێوان مۆرفۆلۆجی بۆنۆبۆ لەگەڵ ساهیل و ئاردی زیاتر پشتگیری ئەم ناکۆکیەیە.

3.ڕۆشتن لەسەر دوو پێی دیسان شتێک نییە تایبەت بێت بەمرۆڤ و هۆمینین چونکە بەهۆی پەرەسەندنی سەربەخۆ ئەم تایبەتمەندیە بینراوە لە ئەیپی تر بڕوانە ئەم لینکە:


ئایا ڕۆشتن لەسەر دووپێ تەنها تایبەتمەندی مرۆڤە ؟ چ ڕۆڵێکی هەیە لە گفتوگۆی پەرەسەندندا ؟

 

وە هەندێ لە توێژەران پێیان وایە ساهیل جینەسێکی تری هەیە ، بۆ نمونە توێژینەوەکەی haile-selassie et al (2004) بەراوردی ددانی بەناو هۆمینینە سەرەتاکانی وەکو ساهیل و ئۆرۆرین و ئاردی کرد و پێشنیاری ئەوەی کرد جیاوازیەکانیان دەکەوێتە هەمەجۆریەکی چاوەڕوانکراو لەهەمان جینەسی ئاردی. (2009)white و suw et al.(2009) هاوڕابوون بەڵام hawks(2014) هاوڕانەبوو.


ساڵی 2020 یەکەم توێژینەوەش دەربارەی ئێسکی femurی ساهیل بڵاوکرایەوە (بۆچی پاش بیست ساڵ بڵاوکرایەوە لەکاتێکی تر باسی دەکەم هەرچەندە ڕوونیش نییە کەئەم ئێسکی femur ە هی ساهیل بووبێت) ، بەپێی توێژینەوەکە ساهیل لەسەر دوو پێ نەڕۆشتووە و تەنانەت هۆمینین نەبووە بەڵکو دەکرێت زیندەوەرێک بووبێ کە ئەمڕۆ هیچ نەوە و نوێنەرێکی نییە. بەڵام ساڵی 2022 توێژینەوەیەکی تر daver et al. بڵاوکرایەوە بەپێچەوانەوە دەڵێت کە ساهیل هۆمینینێک بووە و لەسەر دوو پێ ڕۆشتووە بەڵام ئاماژەشی بەوەدا کە قۆڵەکانی بۆ خۆهەڵواسین بەداردا بووە. بەڵام دیسان مشتومڕ دروستبوەوە بۆ نمونە دانیال لیبرمان لە ئارتیکڵێکی گۆڤاری nature دەڵێت : ئێسکی فیموری ساهیل شوێنەواری ڕوون smocking gun ی ڕۆشتن لەسەر دوو پێی پێوە نییە. بێرنارد ودیش دەڵێت توێژینەوەکەی داڤێر بەزەوقی خۆیان ئەو زانیاریانەیان هەڵگرتووە کەگونجاو لەگەڵ ڕۆشتن لەسەر دوو پێ و زانیاری پێچەوانەشیان پشگوێخستووە. وە ڕۆببێرتۆ مایچارێلی دەڵێت ساهیل زیاتر شیاوە ئەیپێک بێت وەک لە هۆمینین. وە هۆکارێکی تریش کە توێژینەوەکەی داڤێر جێگای لاوازی بێت ئەوەیە calcar femorale ناتوانرێت وەکو دیاریکەری ڕۆشتن لەسەر دوو پێ بەکاربێت هەروەکو توێژینەوەکەی cazenave et al.2022 سەلماندی. بەڵام هەروەکو پێشتر ئاماژەم پێدا ئەگەر لەحاڵەتێکیشدا لەسەر دوو پێ ڕۆشتبێت ئەمە نایکەتە هۆمینین.


جا پوختەی باس ئەوەیە لە ئێستەدا ڕوون نییە ئایا ساهیل هۆمینینە یاخوود چییە و سەر بە چ پۆلێنێکە.


سەرچاوەکان:

https://journals.co.za/doi/abs/10.10520/EJC96807


https://www.nature.com/articles/d41586-022-02313-7


https://www.nature.com/articles/s41586-022-04901-z


https://www.science.org/doi/10.1126/science.1092978


http://johnhawks.net/weblog/reviews/taxonomy/sahelanthropus-orrorin-ardipithecus-white-2014.html


https://www.science.org/doi/10.1126/science.1175822


https://www.nature.com/articles/nature09709


https://www.nature.com/articles/d41586-022-02313-7


https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0047248422000434?via%3Dihub


https://www.nature.com/articles/d41586-022-02226-5


https://www.science.org/doi/10.1126/science.1175825


https://www.nature.com/articles/nature00879

Comments