چەند وشەیەک لەسەر ڕەخنەکانی سەید حوسەین نەسڕ لە پەرەسەندن
چەند وشەیەک لەسەر ڕەخنەکانی سەید حوسەین نەسڕ لە پەرەسەندن
لەبارەی ڕەخنەکانی سەید حوسەین نەسڕ لە پەرەسەندن بەشێوەیەکی خێرا چەند دێڕێک بەپێویست ئەزانم بڵێم لەسەریان، چونکە سەید فەیلەسوفێکی دیاری ئیسلامییە لەجیهان و شایستەی سەرنجە. پێش ڕەخنەکانی، سەید لەو خاڵانەدا ڕاستە، کە بابەتی پەرەسەندن بیردۆزێکی ئاسای نییە و ئایدۆلۆژیای پێوە بەندە بەشێوەیەک زانایان ناتوانن بەشێوەیەکی ئاشکرا گومانی خۆیان ڕابگەێنن. سەید لەوەشدا ڕاستە کە نابێت تەنازول لە هەندێ بابەت بکرێت(بەتایبەت ئەگەر پەرەسەندنیش قبوڵ بکەیت پێویست ناکات وابکەیت) وەکو بۆ نمونە ڕەتکردنەوەی بوونی ئادەم کە هەندێ لە دینناس و فەیلەسوف و زانا مەسیحیەکان کردوویانە بۆ نمونە کەسێکی وەکو دێنیس لامۆخی بوونی ئادەم ڕەت ئەکاتەوە.(لەکاتێکدا هیچ پێویست نییە ئەو کارە بکرێت). جا بێینە لای ڕەخنەکانی پێم وایە بڕی پێویست بەهێز نین، وە بەگشتی ڕەخنەکانی دابەش ئەبن بۆ سێ پۆل:
دووەم فەلسەفی
سێیەم زانستی
لەبارەی یەکەم ڕەخنە کە میتافیزیکیە، سەید کەسێکە باوەڕی بە neoplatonismە، واتا ئەفلاتونیەتی نوێ، لەم فکرەدا هەموو شتێک و بەتایبەت زیندەوەران لەجیهانی ناماددیدا فۆڕم یاخوود جەوهەرێکی جێگیریان هەیە و بەم هۆکارەش سەید پەرەسەندن و گۆڕانی پێ قبوڵ نییە.
لەبارەی دووەم ڕەخنە کە فەلسەفییە، سەید کێشەی لەگەڵ reductionism و سروشتگەرایی هەیە، بەمانایەکی تر سەید دەڵێت پەرەسەندن دەستی خودا دوور دەخاتەوە لە زیندەوەران و جیهان و مرۆڤیش دەکاتە تەنها تەنێکی پێکهاتوو لەجینات.
سێیەمیش کە ڕەخنەی زانستییە: سەید ئاماژە بە لاوازییەکانی پەرەسەندن ئەدات و کەچۆن بیردۆزەکە دووچاری گۆڕانی بنەڕەتی بووەتەوە.
جا لەبارەی ڕەخنەی یەکەم، تێڕوانینی ئەفلاتونیەتی نوێ شتێک نییە دەقێکی ڕوونی ئیسلامی پشتگیری بکات و لەبنچینەدا فکرێکی یۆنانیە کە هەندێ فەیلەسوفی موسوڵمان باوەڕیان پێ بووە و هەیە، وە بابەتێکە جێگای گفتوگۆیە و پێم وانییە هیچ هۆکارێک هەبێت ناچارمان بکات باوەڕمان پێ بێت وەکو موسوڵمان. وە ئەم تێڕوانینی ئەفلاتونیەتی نوێیە هەندێ لەزانایانی پەرەسەندن باوەڕیان پێیە و تەنانەت بەڵگەشی بۆ ئەهێننەوە بۆ نمونە کەسێکی وەکو مایکڵ دێنتۆن توێژینەوەیەکی لەسەر فۆڕمەکانی پرۆتین بڵاوکردوەتەوە، کە پەرەسەندن تەنها وەکو بزوێنەرێکی سێرچ و گەڕانە و ئەو فۆڕمانە ئەدۆزێتەوە کە وجودیان هەیە. پاشان هێشتا ڕوون نییە کە چۆن پلەگەرایی پەرەسەندن(هەرچەندە باوەڕم بە پلەگەرایی نییە) بیرۆکەی فۆڕمەکان لەناو ئەبات، واتا ئەکرێت کاتێک پەرەسەندن ڕوودەدات لەگەڵ هەر ڕوودانێکی بنچینەیی کە بچێتە قاڵبی ئەوەی جۆرێک ببێتە جۆرێ تر(هەرچەنە ئەمە بۆ خۆی کێشەیەکی ترە کە جۆر چییە و چۆن بتوانین دیاری بکەین) هاوتاییەکی هەبێت لە جیهانی ناماددی وەکو فۆڕمێکی سەربەخۆ، بۆ نمونە بەم شێوە
جۆری ا دەبێتە جۆری ب، پاشان بەتێپەڕبوونی کات و پرۆسەکانی پەرەسەندن، جۆری ب دەبێتە جۆری ن بەم شێوە...
بۆ جۆری ا فۆڕمێک هەیە لە جیهانی ناماددی، کاتێک جۆری ا دەبێتە ب فۆڕمی ا هەر ماوەتەوە لەجیهانی ناماددی بەڵکو ئەوەیە فۆڕمی ب لە جیهانی بەرجەستەدا دێتە بوون، پاشان بەهەمان شێوەش بۆ ن تا دوای. وە ئینجا ئەگەر میکانیزمەکانی تری وەکو پەرەسەندن وەربگرین بەتایبەت ئەوانەی کە پەرەسەندن بەشێوەی باز کاردەکەن وەکو mutationism، ئەوا جۆرەکان بەزەقی جیاوازن لەیەکتر ئەمەش ئاسانتر گونجاوە لەگەڵ فۆڕمە جیاوازەکان لە جیهانی ناماددیدا، گۆنتەر بێچلی یەکێکە لەو زانا بەبەردبووناسانەی کە باوەڕی بەم شێوەیە. جا ئەگەر قسەکانم ڕاست بێت و ڕاست تێگەیشتبێتم لەبابەتی فۆڕمەکان ئەوا بیرۆکەی فۆڕمەکان لەناو نەچوون.
لەبارەی ڕەخنەی دووەم، ئێمە مرۆڤ کاتێک پێناسە دەکەین لەڕوانگەی فەلسەفی و دینیەوە جیاوازە و لەڕووی زانستیشەوە جیاوازە، واتا کێشەیەک نییە ئەگەر بێتو ئیماندار لەسەر ئاستی ماددی مرۆڤ بە تەنێکی پێکهاتوو لە جینات ببینێت. ئەوەی مرۆڤ کە دەکات مرۆڤ ڕۆح و بابەتە فەلسەفی دینیەکانە نەوەکو زانستی سروشتی. پاشان لەبارەی هەڕەمەکیەت و ڕێکەوت ئێمە دەبێت بزانین کە چەند مۆدێلێکمان هەیە دەربارەی کرداری ئیلاهی لەنێو گەردووندا، وە ڕوون نییە کە چۆنی پەرەسەندن ڕۆڵی خودا ئەسڕێتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر تێڕوانینێکی وەکو occasionalism وەربگرین ئەوا هەموو ساتێک خودا خەلقی نوێی گەردوون ئەکاتەوە، واتا پرۆسەی پەرەسەندن بەندە لەسەر خودا. وە لەلایەکی تر پەرەسەندن دەبێتە ئارگومێنتێک بۆ بوونی خودا چونکە پرۆسەیەکی مەرجدارە و دەچێتە قاڵبی ئارگومێنتی مەرجدارێتی، بۆ زانیاری زیاتر سەیری ئەم دوو ڤیدۆیە بکەن:
1.ڕێکەوت و هەڕەمەکیەت لەپەرەسەندن و کرداری ئیلاهیدا | زنجیرەی ئیسلام و بیردۆزی پەرەسەندن | ئەڵقەی 2
2.ئارگومێنتی مەرجدارێتی بۆ بوونی خودا
لەبارەی ڕەخنەی سێیەمی، سەید ئاماژە بە لاوازییەکانی بیردۆزەکە دەدات، بەڵام کاتێک سەیری تەواوی قسەکانی سەید دەکەیت دەبینیت ڕوونە هۆکاری ڕەتکردنەوەی سەید بریتییە لە دوو ڕەخنەکەی پێشوو. بەڵێ خۆی ڕەخنەگرتن و پێداچوونەوە و درک کردن بەلاوازی بیردۆزە زانستییەکان کارێکی دروستە لەپێناو زانست خۆی پێش هەمووشتێکی تر، بەڵام هەڵەیە ئەگەربێتو لاوازی بیردۆزە زانستیەکان بەکاربهێنرێت بۆ شتی تر و لێکەوتی ئاینی و فەلسەفی لەسەر بنیات بنرێت چونکە لەگەڵ هەر گۆڕانێک لە بیردۆزەکان بەهەمان شێوەش لێکەوتەکان دەگۆڕێن. وە پاشان هەندێ لە ڕەخنەکانی سەید وەکو ئاماژەدانی بە punctuated equilibrium کە بەحساب پێچەوانەی پەرەسەندنە قسەیەکی دروست نییە، چونکە ئەو میکانیزمە پێچەوانەی بیرۆکەی پەرەسەندن نییە بەڵکو پێچەوانەی بیرۆکەی داروینیزم و پلەگەرایی، جا ئەگەر بێتو کەسێک بەکاریبێنێت وەکو پێچەوانەی پەرەسەندن، ئەوا هەڵە تێگەیشتووە لەبابەتەکە.
Comments