جیهانبینی ئەرستۆیی
جیهانبینی ئەرستۆیی
جیهانبینی ئەرستۆیی بریتی نییە تەنها لە باوەڕ و تێڕوانینەکانی ئەرستۆ، بەڵکو هەموو ئەو تێڕوانینانەش دەگرێتەوە کە پاش کەسایەتی ئەرستۆ گەشە پێدراون و بەندن بەباوەڕەکانی ئەرستۆ، جیهانبینی ئەرستۆیی تێڕوانینێکی زاڵ بووە لە دەوروبەر 300پ.ز هەتاوەکو 1600ز بەتایبەت لە ڕۆژئاوا.
ئەرستۆ بێگومان یەکێکە لەو فەیلەسوف و زانایانەی هەتاوەکو ئێستاش کاریگەری ماوە بەسەر گفتوگۆکانی فەلسەفە و زانستدا، ئەرستۆ کەسێکی پۆلیماس polymath بووە واتا فرەپسپۆڕی هەبووە لە بابەتەکانی فیزیا و میتافیزیک و ئەخلاق و سایکۆلۆجیا و هتد قسەی کردووە و نووسینی بەجێ هێشتووە.
بێگومان ئەرستۆ خاوەنی چەندین بیرو باوەڕ بووە هەروەکو ئێمە، لەبیروباوەڕە زەقەکانی بریتین:
1. زەوی سەنتەری گەردوونە.
2. زەوی جێگیرە، نەدەخولێتەوە بەدەوری خۆی وە نە دەخولێتەوە بەدەوری هیچ تەنێکی تردا وەکو خۆر.
3. مانگ، هەسارەکان، و خۆر دەخولێنەوە بەدەوری زەویدا و هەموو خولانەوەیەکیان بە 24 کاتژمێر تەواو دەکەن.
4. ناوچەی نێوان زەوی و مانگ لە چوار توخمی سەرەکی پێکدێت ئەوانیش زەوی، ئاو، هەوا، و ئاگر. ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت sublunar region.
5. تەنەکانی سەرووی مانگیش پێکدێن لە مانگ، هەسارەکان، و ئەستێرەکان کە لە لە توخمی ether پێکهاتوون. ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت superlunar region.
6. هەر یەکێک لەم توخمە سەرەکیانە جەوهەرێکی سروشتیان هەیە، ئەم جەوهەرە سروشتییە هۆکاری ڕەفتاری توخمەکانە.
7. ئەم جەوهەرە سروشتییە لە توخمە سەرەکییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە لەو شێوەی توخمەکان دەجوڵێن.
8. توخمی زەوی مەیلێکی سروشتی هەیە بڕوات بۆ ناو سەنتەری گەردوون. (بۆیە بەردەکان دەکەون بەرەو خوارەوە، چونکە زەوی سەنتەری گەردوونە).
9. توخمی ئاویش مەیلی سروشتی هەیە بچێت بەرەو سەنتەری گەردوون، بەڵام هێندەی مەیلی زەوی بەهێز نییە. (جا بۆیە ئاو و خۆڵ کاتێک تێکەڵاودەبن ئاوەکە سەردەکەوێت گەرچی هەردووکیان بەرەو سەنتەری گەردوون ئەڕۆن).
10. توخمی هەواش مەیلی سروشتی هەیە بچێت بەرەو ناوچەی سەروو زەوی و ئاو، بەڵام لەژێر ئاگر. (بۆیە هەوا کاتێک دەڕواتە ئاوەوە بڵقەکانی بەرز دەبێتەوە).
11. توخمی ئاگریش مەیلی هەیە دوور بکەوێتەوە لەسەنتەری گەردوون. (جا بۆیە ئاگر دەسوتێت بەرەو سەرەوە لەڕێی هەواوە).
12. توخمی ئێثریش کە هەسارەکان و ئەستێرەکانی پێکهێناوە، مەیلی سروشتی هەیە بجوڵێت بەشێوەیەکی بازنەیی کامڵ. (هەربۆیە هەسارە و ئەستێرەکان بەردەوام دەجوڵێن بەبازنەیی بەدەوری زەویدا، کە سەنتەری گەردوونە).
13. لەناوچەی نێوان مانگ و زەوی، تەنێک لەجوڵەدا بێت بەسروشتی دەوەستێتت، جا یان ئەوەتا بەهۆی ئەو توخمانەیە کە لێی دروست بووە گەشتۆتە شوێنی سروشتی خۆیان یان ئەوەتا شتێک ڕێگرە لێیان وەکو سەرڕووی زەوی.
14. هەر تەنێکیش جێگیر بێت، جێگیر ئەمێنێتەوە مەگەر شتێک بیجوڵێنێت. (وەکو ئامادەنەبوونیان لە شوێنی سروشتی خۆیان، یان هێزێکی دەرەکی وەکو قەڵەمێک بەدەستم بجوڵێنم).
ئەمە بێگومان چەند خاڵێکی کەم بوون چونکە هەروەکو وتمان ئەرستۆ لە چەندین بابەتدا قسەی کردووە وەکو ئەخلاق و سایکۆلۆجی و هتد. وە ڕەنگەی زۆربەی تێڕوانینیەکانی هەڵەبن بەبەراوردی زانیاریەکانی ئەمڕۆی ئێمە، بەڵام هەروەکو ڕیچارد دێویت دەڵێت بیروباوەڕەکانی ئەرستۆ هەڕەمەکی و ساویلکانە نەبوونە بەڵکو لەسەردەمی خۆی پاساو و بەڵگەیان هەبووە.
وەڕیچارد تێڕوانینەکانی ئەرستۆ بەراورد دەکات بە یاری پەزڵ jigsaw puzzle کە پارچەکان پەیوەست و بەستراون بەیەکەوە نەوەک سەربەخۆ و هەڕەمەکی و پچڕاوبن لەیەک، واتا باوەڕەکانی ئەرستۆش ئاوا بەستراون لەیەک و سیستەمێک پێکدێنن بەم شێوەی وێنەکەی خوارەوە.
با نمونەیەک بدەین تا ڕوونتر بێت، لای ئەرستۆ زەوی سەنتەری گەردوونە. ئەم باوەڕە بەستراوە بەو باوەڕەی کە توخمی زەوی مەیلێکی سروشتی هەیە بڕوات بەرەو سەنتەری گەردوون. وە زەویش بەشێوەیەکی سەرەکی لە توخمی زەوی پێکدێت. جا ئەو باوەڕەی توخمی زەوی بەرەو سەنتەری گەردوون ئەچێت و ئەو باوەڕەی زەویش خۆی سەنتەری گەردوونە، بەیەکەوە بەجوانی بەستراون.
وە هەروەها یاری پەزڵ ئەبینیت پارچەکانی کرۆکی ناگۆڕدرێن ئیلا مەگەر تەواوی پەزڵەکە دەستکاری بکرێت، بەهەمان شێوەش باوەڕەکانی ئەرستۆ سەرەکی و لاوەکین، بۆ نمونە زەوی جێگیرە سەرەکیە بەڵام چەند هەسارە بوونی هەبێت بابەتێکی لاوەکییە. ئەمەش دووبارە پێمان دەڵێت جیهانبینی ئەرستۆ سیستەمێکی پتەو و پەیوەست بەیەکەوە بووە نەوەک هەڕەمەکی و پچڕاو لەیەک بووبێت.
کاتێک دەوترێت جیهانبینی ئەرستۆیی زاڵ بووە تاوەکو سەدەی پانزە لە جیهان و بەتایبەت ڕۆژئاوا مەبەست ئەوە نییە بێگومان ئەم جیهان بینییە ڕووبەڕووی دەستکاری و گۆڕان نەبووبێتەوە، بۆ نمونە زانا و فەیلەسوفە مەسیحی و موسوڵمانەکان تێکەڵی باوەڕە ئاینیەکەی خۆیان کردووە. وە هەروەها کەسانێک هەبوونە کە جیهانبینی ئەفلاتونییان هەبووە نەوەکو ئەرستۆیی.
سەرچاوە:
Worldviews An Introduction to the History and Philosophy of Science
Third Edition
Richard DeWitt
Comments