سروشت ، قورئان و هاوکاری ئیلاهی
سروشت ، قورئان و هاوکاری ئیلاهی
بسم الله الرحمن الرحیم
کاتێک کەسێک پاش چەندین سەدە لە دوای وەحی و بەتایبەت سەدەی بیست و یەک قورئان ئەخوێنێتەوە ، لە سورەتە جیاوازەکاندا ئەبینێت چەندین جار قورئان ئاماژە دەدات بە سروشت و دیاردەکانی بەڵام ڕەنگە زۆر تێنەپەڕێت هەندێ پرسیار دروست ببن بۆ خوێنەرەکە ، بۆ نمونە چەمکی ئاسمانەکان و زەوی مانای چییە یان شەقبونی سەقفی ئاسمان مانای چییە یاخوود بیرکردنەوە بەدڵ مانای چییە ، چەندین پرسیاری لەم شێوەیە دروستدەبن ، هۆکارەکەش ڕوونە بۆ ئەم پرسیارانە دروستدەبن چونکە مەعریفە و تێگەیشتنی زانستی کەسێکی سەردەمی بیست و یەک نامۆیە بەم چەمک و تێگەیشتنە دێرینانە ، قورئان کە کۆتا کتێبی خودایە بۆ مرۆڤایەتی لەناو ژینگە و کلتور و و کات و تێگەیشتنێکدا دابەزیوە کە تێڕوانیان بۆ سروشت زۆر جودا بووە لە زانستی مۆدێرینی ئەمڕۆ کە خوێنەری سەدەی بیست و یەک هەڵگریەتی ، یەکەم بەرکەوتنم لەگەڵ دەقە سروشتیەکانی قورئان ئەتوانم بڵێم بەهۆی ئیعجازی زانستیەوە بوو ، لەتۆڕی کۆمەڵایەتی و ڤیدۆ و چەند کتێبێکەوە گەشتم بەچەندین بابەت کە قورئان پێش زانستی مۆدێرن کەوتووە لە وەسفی پێکهاتەی گەردوون و دیاردەکانی ، تا چەند ساڵێک باوەڕم پێ بوو بەم تێڕوانینە هەرچەندە جار جار دەگەشتم بە هەندێ ئایەتی سروشتی کە نەک تەنها گونجاو نەبوو لەگەڵ ئیعجازی زانستی بەڵکو نەم ئەتوانی تەفسیری زانستیشی بدەمە پاڵ ، بەهەرحاڵ ئەو چەند ساڵە واتێپەڕبوو تا وەکو سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە ، لەوکاتەوە قەناعەتم کرد کە ئیعجازی زانستی هەڵەیە ، وە دوای ماوەیەک گەشتم بە کتێبێکی د.نیزاڵ قەسوم بەناوی
Islam's Quantum Question: Reconciling Muslim Tradition and Modern Science
کە لە بەشێکیدا باس لە هەڵەبوونی ئیعجازی زانستی دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە تێڕوانینێکی بێ مەنهەجانەیە ، لە پاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە دڵنیابووم کە ئیعجازی زانستی هەڵەیە ، هەر بۆیە مانگی ڕابڕدوو بەشێوەیەکی پوخت و ڕوون بابەتێکم نوسی لەسەر هەڵەبوونی ئیعجازی زانستی ئەتوانی لەم لینکە خوێنەری بیت :
https://www.raspar.org/2021/10/blog-post.html?m=1
لە پاش وازهێنانم لە ئیعجازی زانستی ، بابەتێکی گرنگتر مابوو کە تێبگەم لێی ، ئەویش دەقە سروشتیەکان چۆن بخوێنینەوە ؟ چونکە لەچەندین کتێب و ڤیدۆدا دیسان دەمبینی بانگەشەی ئەوەدەکرێ کە دەقەکان لەگەڵ زانستی مۆدێرن گونجاون و ئەکرێ تەفسیری زانستیان بۆ بکەین بەڵام دیسان دەمبینی ئەم تێڕوانینەش وەک ئیعجازی زانستی شکستخواردووە ، ئەوەشم لا ڕوون بوو کە قورئان ئاماژە بە سروشت دەدات نەوەک لە پێناو سروشت و پێکهاتەی گەردوون خۆیدا بەڵکو لەپێناو چەند ئامانجێکدایە هەروەکو زانا و بیرمەندی ئاینی ، أمين أحسن إصلاحي کە لە تدبر القران دەڵێت :
(باسکردنی خەلقی ئاسمانەکان و زەوی ئاماژەدەر و پشاندەری توانا و هێزی خالقەکەیانە. بەو شێوەی خەلقکراون شایەتی دەدەن بۆ جێدەستی خالق و حیکمەتی سەرسوڕهێنەری.وە ئاماژەدەرە بە سروشتی بەسوودی خەلق وە گونجاویان لەگەڵ ژیانی مرۆڤ و پێویستیەکانیان ، ئەو سوود و قازانجانەی بەدەسیان دێنین بەندە لەسەریان.هەموو ئەمانە ئاماژەدەری ڕەحمەت و بەزەیی خالقە و ئاماژەدەرە بە گرنگیپێدانی خالق بە بەندەکانی).
واتا بەکورتی ئەتوانم بڵێم ئایەتەکان بۆ جوڵاندنی عەقڵی مرۆڤەکانە ، بە مانایەکی تر ئایەتەکان توانا و حیکمەتی خودا دەردەخەن وە هەم ئەوە دەردەخەن کە مرۆڤ و تەواوی گەردوون بەندن لەسەر خودا وە هەم وەک ناز و نیعمەتێک کە گونجێنراون بۆ پێویستەکانی مرۆڤ ، نەوەک باس لە شیکاری زانستی بۆ سروشت بکەن یاخود پێکهاتەی گەردوون.
بەڵام هێشتا وەڵامی پرسیارەکەم نەدابوەوە کە چۆن دەقەسروشتیەکان بخوێنمەوە ، یان بە شێوەیەکی تر بپرسم بۆچی قورئان بەم شێوەیە دیاریکراوە ئاماژە بەسروشت دەدات ؟ بۆچی بە شێوەیەک و دەربڕینێکی تر ئایەتەکان بەیان ناکات ؟
بۆ ئەم مەبەستەش گەڕامەوە بۆ نەتەوە کۆنەکان و کتێبە پیرۆزەکانی پێشوو و سەردەمی دابەزینی قورئان ، تا وەکو بزانم چۆن ئەوان گەردوونیان بینیوە ، چۆن بیریان کردووەتەوە ، چیان لەلا گرنگ بووە ، وە خۆشبەختانەش گەشتم بە چەند شتێک ، بێ گومان وەک هەموو هەوڵێکی بەشەری کەم و کورتی هەیە لەوەی پێی گەیشتووم بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێم وایە گونجاوترین خوێندنەوە بۆ دەقە سروشتیەکان بەو شێوەیە کە پێی گەیشتوم ، جا بۆیە لەم نوسینەدا چەند شتێک ڕوون دەکەمەوە.
یەکەم: تەبایی زانستیscientific concordism هەڵەیە بە مانایەکی تر خوێندنەوەی دەقەکان بەزانستی مۆدێرنی ئەمڕۆ هەڵەیە ، هەروەکو جۆن واڵتۆن دەڵێت ئەگەر بمانەوێ ڕێز لە دەقەکان بگرین دەبێ بەچاوێکی دێرین بیانخوێنینەوە.
دووەم : دەقە سروشتیەکان چ هی قورئان یان کتێبەکانی پێشوو (ئینجیل و تەورات هتد..) بەپێی تێگەیشتن و تێڕوانینی سەردەمی وەحی دابەزیون واتا بەزمانی ئەمڕۆ زانستێکی دێرین ئاماژە پێدەدەن(هەرچەندە ئەو تێڕوانینە دێرینە زانست نییە).
سێیەم : هۆکاری خاڵی دووەمیش ئەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری ئیلاهی Divine accomodation واتا خودا زمان و تێگەیشتنی کەسانی سەردەمی وەحی بەکاردێنێت تاوەکو ئامانج و پەیامە ئیلاهیەکە بگەێنێت.
لەبارەی تەبایی زانستی بۆ ئەوەی هەر زۆر بە سادەی بزانی هەڵەیە ، دەبینیت دەقەکان چەمکی ئاسمانەکان و زەوی بەکاردێنن نەوەک گەردوون ، چەمکی ئاسمانەکان و زەوی چەمکێکی دێرینە ، وە ئەم هەڵەیەش کە زۆرینەمان دەیکەین پێی دەوترێ (eisegesis) واتا دەقەکان بە تێڕوانینی خۆت بخوێنیتەوە ، لەکاتێکدا گونجاوەکە ئەوەیە بە چاوێکی دێرینەوە بیخوێنینەوە تاوەکو تێبگەین باسی چی دەکەن کەپێی دەوترێ (exegesis).
لە ئەمڕۆدا سێ ئاین بە ئاینی یەکتاپەرستی دائەنرێین ئەوانیش ئیسلام و مەسیحیەت و یەهودیەتە کە پێشیان دەوترێ ئاینی ئیبراهیمی ، بۆیە منیش یەکەمجار دەچمە لای یەهودیەت و کتێبی پەیدابوون Genesis کە باس لە دروستکردنی گەردوون دەکات بەڵام بۆ کردنی ئەم کارە دەبێت سەرەتا بزانین ئەو کاتەی پەیمانی کۆن و کتێبی پەیدابوون نوسرایەوە خەڵکی چۆن بووە تێڕوانیان بۆ گەردوون و چۆن بیریان کردوەتەوە.
ڕەچەڵەکی یەهودیەت پەیوەستە بە پەیامبەر موساوە ، وە نوسینەوەی تەورات و کتێبەکانی تری پەیمانی کۆن ئەتوانین بڵێین لە 1300 پ.ز تا 165 پ.ز بووە ، بەپێی کایل گرینود زانای پەیمانی کۆن بەشێکی گرنگی پەیمانی کۆن لەنێوان کەوتنی بابیلۆن 539 پ.ز و کەوتنی فارسەکان لە 332 پ.ز نوسراونەتەوە، جا ساڵی دووەمیان گرنگە بۆ ئێمە لەم باسەدا ، جا ئەو دەقانە بۆ ئیسرائیلیەکان دابەزیون کە لەناو ڕۆژهەڵاتی نزیکی دێرین ژیاون واتا لەناو بابلی و سۆمەری و میسریەکاندا ژیاون ، ئێمە بۆ گەشتن بەو جیهانە دێرینە پێویستمان بەنوسراوەکانی خۆیانە.
ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ئێمە لەکاتێکدا ئەژین توانیومانە بگەین بە نوسراو و شوێنەوارەکانیان ، لە ساڵی 1799ز ناپلیۆن پۆناپارت دەستیگرت بەسەر میسردا و بەڕێکەوت ڕۆسێتا ستۆنیان دۆزیەوە کە نوسراوێکی هێرۆگلیفی میسری بوو لەسەر باساڵتێکی basalt ڕەش ، دەربارەی نوسراوی گەلانی میسۆپۆتامیاش دۆزینەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە ، بۆ نمونە A.H.Layard توانی هەزارەها لەوحی قوڕی بدۆزێتەوە لەناو لمی بیابانی عەرەبیدا.
وە کاتێک ئەم نوسراوانە خوێندرانەوە توانرا چەندین زانیاری دەربارەی ئەو نەتەوە دێرینانە بەدەستبێت ، لەو بابەتە گرنگانەش چیرۆکی خەلق و تێڕوانینی ئەوان بوو بۆ گەردوون ، جا پوختەی تێڕوانینی ئەوان بەگشتی شێوەیە بووە :
ئەوان باوەڕیان بە گەردوونێک هەبووە کە لە سێ چین یان سێ بەش پێکهاتووە three tiers universe ، سێ بەشەکەش ئاسمان و زەوی و دەریا بووە ، وە سەنتەری ناوچەکانی خۆشیان بە سەنتەری جیهان داناوە بۆ نمونە نیل بۆ میسریەکان و بابیلۆنیش بۆ بابلیەکان.
زەوی لایان وەک دیسکێکی تەخت flat disc بووە ، پێیان وابووە یان لەسەر ئاو وەستاوە یان پایەی هەبووە ، وە ژێر زەوی لای ئەوان بەجیهانی مردوو یان دۆزەخ یان شوێنی شەیتانەکان ناسێنراوە. دەربارەی ئاسمانیش پێیان وابووە سەقفێکی ڕەقە وە ئەو سەقفە دەکرێ بەهۆی پایە یان گوریس یان هێزی ئیلاهی وەستابێت ، ئەو سەقفە جیاکەرەوەی ئاسمانی ژێرەوە بووە لە ئاسمانی سەرەوە ، ئاسمانی سەرەوە شوێنی خوداکان و جیهانی غەیب بووە ، ئاسمانی ژێرەوەش ئەوەیە کە ئەستێرە و هەسارەکانی پێوەیە(پێشیان وابووە خودان کە لە دەرگاکانی سەقفەکەوە هاتووچۆ دەکەن لە ئاسمانی سەرەوە بۆ خوارەوە و بە پێچەوانەشەوە)، وە ئەم سەقفە دەرگای تێدابووە و ئاو بارانی لێوە هاتۆتە خوارەوە ، چونکە پێیان وابووە ئاو لە ئاسمانی سەرەوە هەیە ، پێیان وابوو ئاو دەوری گەردوونی داوە ، لە زەویەوە لەڕێی کانی و ڕوبار و دەریاوەو لەڕێی ئاسمانیشەوە. ئەم تێڕوانینانەشیان بەهۆی تێبینکردنی ئاسایەوە بووە لەسەر زەوی واتا ڕواڵەتی شتەکان چۆن بووە وایانزانیوە ئەوە پێکهاتەی گەردوونە phenomenological ، وە شتێک کە لە لای ئەوان نەبووە بریتی بووە لە جیانەکردنەوەی جیهانی سروشتی و سەرسروشت ، واتا لە ئاسمانی سەرەوەدا شوێن و عەرشی خوداکان بووە ، ئاسمانی سەرەوەش بەهۆی سەقفەکەوە جیابوەتەوە لە ئاسمانی خوارەوە ، لەلایەکی تر لای ئەوان تەفسیری سروشتی بوونی نەبووە تاکە تەفسیر بۆ دیاردەکان بریتی بووە لەوەی خودا یان خوداکان کردویانە ، باران دەبارێت خودا دەیبارێنێت ، نەخۆشی دێت خودا دەینێرێت وهتد ، بە مانایەکی تر ئەوەی پێی دەڵێین یاسای سروشتی لای ئەوان نەبووە هەروەکو جۆن واڵتۆن دەڵێت: (بیرۆکەی جیهانی سروشتی لەڕۆژهەڵاتی نزیکی دێریندا نەبووە ، ئەو جیاکردنەوەیەی نێوان سروشت و سەروسروشت شتێکی نوێیە بەڕێژەییانە).
ئیسرائیلیەکان لەناو ئەم جۆرە ژینگە و سەردەمەدا ژیاون ، بۆیە خوداش هەمان تێڕوانین و تێگەیشتنیان بۆ سروشت بەکاردێنێت تا وەکو پەیامی و ئامانجی وەحی بگەێنێت پێیان ، بەم شێوەی خوارەوە:
گەردوون لایان سێ بەشبووە ، زەوی و ئاسمان و دەریا ، زەوی لایان دیسکێکی فلات بووە و ئاسمان سەقفێکی ڕەقی هەبووە کەپێی دەڵێن raqiaʿ ، وە بەهەمان شێوە ئاسمانی سەرەوە و خوارەوە بوونی هەبووە ، ئاسمانی سەرەوە شوێنی خودا و فریشتەکان بووە ، لەژێر زەویدا جیهانی مردووەکان هەبووە پێی وتراوە sheol ، دەریا چواردەوری گەردوونی داوە ، بەڵام چەند شتێکی جیاواز هەن لەگەڵ نەتەوەکانی تر ، لای ئەمان بەڵگەمان نیە کە زەوی سەر ئاو کەوتووە یان تەنە ئاسمانیەکان بچنەوە ژورەکانیان لەکاتی ڕۆژدا ، وە لەهەمووی گرنگتر ئەمان یەکخواپەرست بوون و باوەڕیان بەپەرەستنی تەنی ئاسمانی نەبووە.
جا بۆیە ئەمە تێڕوانینی مەسیحی و یەهودیەکان بووە تەنانەت کاتێک کاری یۆنانیەکان و ڕەوتی پلاتۆنیزمیان تێکەڵ بوو هێشتا باوەڕیان بەو شێوە بووە بەڵام بەهەندێ دەستکاری لە وردەکاریەکاندا ، وە هەروەکو دێنیس لاموخێ دەڵێت جوڵانەوەی زەوی تا 1600 ز قبوڵ نەکرابوو.
با بچینە لای ئیسلام ، قورئان لەناو کات و ژینگەیەکدا دابەزی کە فرەخوایی و مەسیحیەت و یەهودیەت و زەردەشیەت و هەندێ ئاینی ئێرانی تێدابووە خاکی عەرەب ، عەرەبەکانی دەوری وەحی زۆرینەیان فرەخودا پەرستبوون ، بەپێی ڕۆبێرت هۆیلاند و فرانسس پیتەر بێت کە پرۆفیسۆری مێژوون ، عەرەب هیچ ئەفسانەیەکیان myth نییە دەربارەی ڕەچەڵەکی خوداکان ، جا بۆیە نازانین ئەم خودایانە بزەبت چۆن هاتونەتە کایەوە ، بەڵام پێدەچێت بەشێک لە خواکانیان هەر خودای نەتەوەکانی تر بێت بۆ نمونە دەوترێ لات ئەفرۆدیتی یۆنانیەکان بووە ، یاخود بەپێی جێراڵد هاوتینگی مێژونوس بێت لات و عوزاو مەنات پەیوەستن بە هەسارەکان بەتایبەت ڤینۆس ، عەرەبەکان تا سەدەی چوارەمی زاینیش هەموویان فرەخودا پەرستبوون بەڵام دواتر مەسیحی و یەهودیان تێکەڵبووە و بەشێکیان بوونەتە یەکخوداپەرست.
قورئانیش دەبینین مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسانە دەکات بەپلەی یەکەم فرەخودا پەرستەکان و مەسیحی و یەهودیەکان و دواتر ئاینیەکانی تر. ئەم هەموو ئەم کەسانە تێڕوانیان بۆ گەردوون و سروشت ڕواڵەتی بوو واتا چیان بینیوە وا لەحەقیقەتی گەردوون تێگەیشتوون ، جیاوازیەکیان نەبووە لەگەڵ تێگەیشتنی سەدەکانی ڕابردوو ، بۆیە دیسان خودا هاوکاری کەسانی سەردەمی وەحی دەکات و تێگەیشتنی خۆیان بەکاردێنێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانی وەحی بەڵام بەهەندێ جیاوازی بچووک بەبەراوردی کتێبی پیرۆز.
بۆیە دیسانەوە دەبینین وشەی ئاسمانەکان و زەوی لەقورئاندا دووبارە دەبێتەوە ، لە قورئاندا ئەبینیت ئاسمان سەقفە وە لە ئایەتی تر وشەی شەقبونی بۆ بەکارهاتووە ، حەوت ئاسمانەکەش چین لەسەر چین بنیاتنراون و لەپاشیان کورسی و عەرشی خودا دێت ، لە قورئاندا دەبینین وشەی ئاسمانی دونیا بەکارهاتووە کە هەسارە و ئەستێرەکانی تێدایە ، ئەبینین ئاماژە بە دەرگاکانی ئاسمان دەکرێت ، یاخود دەبینین خودا باس لە قسەی جولەکەکان دەکات کە دەیانوت دڵمان داخراوە(ئیمان وەرناگرێت) ، یان لە ئایەتی تر بیرکردنەوە و هەست و سۆز دراوەتە پاڵ دڵ هەموو ئەم تێڕوانینانە دێرینن و خەڵکی کۆن وابووە تێڕوانیان چونکە تەنها پشتیان بە بینینی چاویان بەستووە و هیچ کەرستەیەکیان نەبووە کەتێڕوانینێکی باشتریان پێ بدات.
بێمە سەر خاڵی دووەم کە هاوکاری ئیلاهیە بەکورتی چەند شتێک بڵێم دەربارەی ، خوای پەروەردگار کە وەحی دائەبەزێنێت ئامانجی لێی دوو خاڵی سەرەکیە :
1.ڕاستکردنەوەی باوەڕ و عەقیدەی خەڵکەکە لەڕووی ئاینی و پرسیارە وجودیەکان و ئامانجی ژیان و لێپرسینەوەی ئیلاهی لە ڕۆژی دوای.
2.دامەزراندنی دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوەی زەوی بە چاککردنی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا و پاشان لەگەڵ خەڵکی لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی وهتد.
لە پێناوی ئەم دوو خاڵەدا ، خوای پەروەردگار بەتێگەیشتنی خەڵکی سەردەمی وەحی قسە دەکات ، لێرەدا بەهیچ شێوەیەک زمانێکی زانستی بەکارناهێنێت ، هەروەکو دێنیس لاموخی دەڵێت کاتێک منداڵێکی پێنج ساڵ دەپرسێ منداڵ چۆن لەدایک دەبێ ، دایک و باوکەکە هاوکاری دەکەن و دێنە ئاستی تێگەیشتنی منداڵەکە و دەڵێن دیاری خودایە ، حەقیقەتێکی پێدەڵێن بێ ئەوەی باسی حەقیقەتە فیزیکیەکە بکەن بۆی کە جوتبوونی نێوان دایک و باوکەکەیە. جا خوداش بەهەمان شێوە قسە دەکات لەگەڵ مرۆڤ(کە لێرەدا خەڵکی سەردەمی وەحیە).
یاخوود هەروەکو لاهوتناسی مەسیحی ئەکویناس دەڵێت : خەڵکی دێرین نەیانتوانیوە بەشێوەیەکی دروستتر بڕواننە گەردوون ، بۆیە خودا هاوکاریان دەکات بە دابەزین بۆ زمانی ئەوان.
جا لێرەدا ئەتوانین ئارگومێنێتکی دیدەکتیڤانە پێشکەش بکەین :
پێشەکی یەکەم: خودا بەشێوەیەک وەحی دەنێرێت کە خەڵک لێی تێبگات.
پێشەکی دووەم: خەڵک زانیاری نوێ و ئامانجی شتەکان تێدەگات لەناو چوارچێوەی تێڕوانینی خۆیان بۆ جیهان.
دەرئەنجام: کەوابوو خودا لەناوچوارچێوەی تێڕوانینی خەڵک بۆ جیهان وەحی دەنێرێت.
پێشەکی یەکەم ڕاستە چونکە خودا بە زمانێک قسەناکات خەڵک تێنەگات بەڵکو بە ئاسنترین شێوە قسەدەکا تا تێبگەن.
پێشەکی دووەمیش ڕاستە ، بۆ نمونە خودا دەیەوێ حیکمەت و دانای و دەسەڵاتی خۆی دەربخات دەڵێت ئاسمانی دنیامان ڕازاندوەتەوە بە هەسارەکان ، تێڕوانینی خەڵکی سەردەمی وەحی بۆ گەردوون تەنها لەڕێی بینینەوە بووە ، شەوان ئەو ڕازاوەییەی ئاسمانیان بینیوە بۆیە خودا لەڕێی ئەم خاڵەوە پەیامی خۆی دەگەێنێت یان لەکۆندا وایانزانیوە دڵ سەرچاوەی بیرکردنەوە و هەستە ، خوداش بەکاریدێنێت تا ئەوەمان پێ بڵێت کە ئەوانەی ئیمان ناهێنن سەرچاوەی کوفرەکە بیرنەکردنەوە و ڕەقبونی هەست و سۆزی خۆیانە ، نەوەک خودا وانەێەکی فیسیۆلۆجیمان پێبدات.
کەوابوو دەرئەنجامەکەش ڕاستە و خودا لەناوچوارچێوەی تێڕوانینی خەڵک بۆ جیهان وەحی دەنێرێت.
جا ئەم نوسینە با وەک بەشی یەکەم بێت لە نوسینی دواتر هەندێ بابەتی تر ئاماژە پێدەدەم کە خەلقی شەش ڕۆژەکە و عەرش و خەلقی مرۆڤ چۆنە لەناو چوارچێوەی سەردەمی وەحی ، لەم نوسینەدا خۆت ئەتوانی ئەو تێڕوانینەی وتومە جێبەجێ بکەیت بەسەر ئایەتەکاندا کە دەربارەی سروشتن ، من لێرە لەبەر درێژنەبوونەوە ئایەتەکانم دانەناوە.
بەشی دواتر
ڕەچەڵەکی گەردوون لە تێڕوانینی چیرۆکەکانی خەلقدا ماددە سەنتەری چیرۆکەکە نییە بەڵکو ئەرک سەنتەرە
لە پۆستی ڕابردوو هەوڵمدا ئەوە پشان بدەم کە خودا هاوکاری مرۆڤ دەکات لە دابەزینی وەحی بەوەی کە هەر تێڕوانینی خەڵکی سەردەمی وەحی خۆیان بۆ گەردوون بەکاردێنێتەوە بۆ گەیاندن و ئامانجەکانی وەحی
جا لێرەدا کاتێکی سەیری چیرۆکی خەلقی گەردوون دەکەین بەهەمان شێوە ئەوە دەبینین کە خەڵکی سەردەمی وەحی(مەبەستم تەنها کۆتا وەحی نییە) ماددەیان لەلا سەنتەر نەبووە بەڵکو ئەرک و و ڕێکخراوی و فەرمانیان لەلا سەنتەربووە ، بەپێچەوانەی ئێمەوە کە ڕەچەڵەکی گەردوون لەڕووی ماددیەوە سەیری دەکەین ، بەڵام بۆ ئەوان شتێک بوونی هەبێت ، چۆن بوونی دەبێت ؟ کە دەڵێین گەردوون هەیە ئەمڕۆ خێرا وێنای تایبەتمەندیە ماددیەکان دەکەین لەکاتێکدا ئەم تایبەتمەندیە گەردوونیانە نابنە ئەوەی بڵێین گەردوون بوونی هەبووە بۆ نەتەوە دێرینەکان و سەردەمی وەحی.
کاتێک دەڵێین شتێک بوونی هەیە ، عادەتەن خەیاڵمان دەڕوا بۆ بەرجەستەبوونی ئەو شتە ، بۆ نمونە کورسیەک بوونی هەیە ، واتا لەڕووی تایبەتمەندیە ماددیەکانیەوە بوونی هەیە ، بەڵام جۆرێکی تری بوون هەیە پەیوەندی بە ماددەوە نییە هەرچەندە ماددەکەش ئامادەی هەیە ، بۆ نمونە قوتابخانەکە بوونی هەیە ، لێرەدا ئەزانین مەبەست لەبوونی بیناکە و کورسی و مێز و کەل وپەلەکان نین بەڵکو مەبەست لێی بوونی دەستپێکردنی کارە ئیداریەکان و بەڕێوەچونی کاروبار و خوێندن و لیژنە و تاقیکردنەوەیە ، ئێمەی مرۆڤی سەدەی 21 نمونەی کوڕسیەکە ڕاستە بۆمان ، وە خەڵکی سەردەمی وەحیش نمونەی قوتابخانەکە ڕاستە بۆیان.
لە تێڕوانینی خەڵکی کۆندا ئاسمانەکان و زەوی یان لە خزمەتی خوداکاندا بوون (تێڕوانینی فرەخودای) واتا ئەرکی ئاسمانەکان و زەوی لەپێناو سوود گەیاندن بووە بە خوداکان یان لە خزمەتی مرۆڤەکاندا بوون (تێڕوانینی یەکتاپەرستی) ، با نمونەیەک بدەم تا ڕوونتربێت ، خۆر بوونی هەیە ، ئەمڕۆ بۆ ئێمە بۆیە خۆر بوونی هەیە چونکە تایبەتمەندیە ماددیەکانی هەیە بەڵام بۆ سەردەمی وەحی بوونی هەیە چونکە سوودی هەیە بۆ زەوی و دانیشتوانەکەی واتا بەهۆی ئەرکەکەیەوە بوونی هەیە (وەک گەرم کردنەوە و ڕووناکی).
با بچینە لای نەتەوە دێرینەکان ، بەنزیکەی هەموو چیرۆکەکانی خەلق دەستپێدەکات بێ ئەوەی هیچ فەرمانێک و کردارێک هەبێت ، لەلای میسریەکان خاڵی تەرایی هەیە کە هیچ شتێک جیانەبوەتەوە ، وە هەروەها لە تێکستی سۆمەریەکانیشدا هاتووە کە تاریکی بوو ، ئاو نەدەڕۆشت ، هیچ دروستنەبووبوو ، هیچ دروشمێک ئەنجام نەدرابوو ، ئاسمان و زەویش بەیەکەوەلکابوون ، تەنانەت خوداکانیشی لێنەبوو. هەرلەبارەی میسریەکانەوە ، خواوەند ئاتوم وەک مۆنادێک(monad)بوو واتا وەک بوونێکی میتافیزیکی کە شتەکان لەوەوە دەردەچن و جیادەبنەوە لەیەکتر و لەوە دروستدەبن.
ئاوی سەرەتایی ، زۆربەی چیرۆکەکانی خەلق لە ئاوەوە دەستپێدەکەن ، ئەم ئاوە سەرەتاییانە وەک نەبوون حسابن هەروەکو لەدەقە میسریەکان ئاماژەی پێدراوە ، خوداکانیش لەم ئاوەوە پەیدابوون وەکو ئاتوم کە دەوترێ لە لافاوەوە یان لەتاریکیەوە یان لە ئاوەوە پەیدابووە ، بەم ئاوە وتراوە باوکی خوداکان (father of the gods).
ناونان ، ناونان بەشێکی گرنگی چیرۆکەکانی خەلقە کە پەیوەستە بە ناسنامە و ڕۆڵ و ئەرک بۆ نمونە لاهوتناسی مەمفیتی میسری خودا ئەناسێنێت وەک ئەو کەسەی ناوی هەموو شتێکی ناوە.
جیابوونەوە ، جیابوونەوەی ئاسمانەکان لە زەوی ، لەزۆربەی دەقە دێرینەکاندا ئەبینرێت بەتایبەت دەقە میسریەکان و ئەوانەی میسۆپۆتامیا.
واتا بەکورتی هەروەکو جۆن واڵتۆن دەڵێت :
(لە تێڕوانینی دێریندا هەتاوەکو مرۆڤەکان یان خوداکان سوود وەرنەگرن لەو ئەرکانە، بوون ئامادەیی نییە ، ئەوان بوونیان وا پێناسەکردووە کە ئەرک هەبێت لە سیستەمێکی ڕێکخراودا).
هەروەکو لە پۆستی ڕابردوو ئاماژەم پێدا لە کۆندا شتێک نەبوو بەناوی جیاکاری لە نێوان جیهانی سروشتی و سەروسروشت ، واتا لە پاش ئاسمانەکان یاخوود ئاسمانی سەرو جیهانی نادیار دەهات کە خودا(خوداکان)و فریشتەکانی لێ بوو ، کورسی و عەرشی خودای لێبوو ، جا بۆیە پێیان وابوو گەردوون پەرستگای خودایە
لە پەیمانی کۆن دەبینین خودا لە پاش خەلقی ئاسمانەکان و زەوی لە شەش ڕۆژدا ، ڕۆژی حەوتەم پشودەدات ، لەبارەی پشودانی خودا ڕەنگە بوترێ خودا پشوی بۆچیە ، بەڵام ڕەنگە تەفسیرێکی تر لەپشت ئەم پشودانەوە هەبێ و مەبەست پشودان نیە لە هیلاکی بۆ نمونە بنویت ، نا بەڵکو مەبەست بەڕێوەبردنە ، بۆ نمونە کاتێک کەسێک کۆمپانیایەک دروستدەکات لەپاش تەواوبوونی هەموو شتێکی پرۆسەی دروستبوون ، دەستدەکات بەکار و بەڕێوەبردن بە مانایەکی تر ئێستا پشو دەدات ، ئەم پشودانەی ڕۆژی حەوتەمیش واتا ئێستا خودا لە کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی گەردووندایە پاش ئەوەی دروستیکرد.
لەگەڵ ئەوەی شەش ڕۆژەکەی خەلق لە قورئاندا هەیە بەڵام تەفاسیڵی تێدا نییە بەپێچەوانەی پەیمانی کۆن ، کە هەر ڕۆژە و خودا شتێک دەکات ، لە قورئاندا چوار ڕۆژ بۆ زەوی تەرخان بووە دوو ڕۆژیش بۆ ئاسمان ، ئیتر تەفاسیڵی تێدا نییە ، بەڵام لە پەیمانی کۆن بەم شێوەیە :
ڕۆژی یەکەم: ڕووناکی
ڕۆژی دووەم: سەقفی جیاکەرەوەی ئاسمانی خوارەوە لە سەرەوە
ڕۆژی سێیەم: خاک و ڕووەک
ڕۆژی چوارەم: خۆر و مانگ و ئەستێرە
ڕۆژی پێنجەم: باڵندە و زیندەوەری دەریا
ڕۆژی شەشەم: زیندەوەری وشکانی و مرۆڤ
ڕۆژی حەوتەمیش: پشودان
بەڵام لە قورئاندا هیچ تەفاسیڵ نیە ، تەنها لە ئایەتی جیاجیادا خودا دەڵێت خۆرم خەلق کرد یان مانگم خەلق کرد یان ئاژەڵم خەلقکرد بێ ئەوەی بڵێت کامە ڕۆژ ، بەڵام فەرموودەیەک هەیە ئەویش زانایان دوو بەرەن دەربارەی هەیانە دەڵێ ڕاستە و هەیانە دەڵێ لاوازە ، کێشە لە سەنەد و مەتنیشیدا هەیە ، من یەک کێشەی باس دەکەم ئەویش پێچەوانەی قورئانە ، قورئان بەڕوونی و چەندبارە دەڵێت بە شەش ڕۆژ ئاسمان و زەوی دروستکراون لەکاتێکدا ئەم فەرموودە دەڵێت بە حەوت ڕۆژ دروستکرا زەوی و شتەکان ناوی بێ ئاماژەدان بە ئاسمانەکان ، بێگومان هەر ئەم خاڵە بەسە بۆ ڕەتکردنەوەی فەرموودەکە. پاش شەش ڕۆژەکە خودا ئیستیوا دەکات بۆ سەر عەرش ، لێرەدا زۆر جوانتر ڕۆژی پشوەکەی تەورات ڕوون دەبێتەوە ، خودا لە پاش دروستکردنی ئاسمانەکان و زەوی ئیستیوا دەکات سەر عەرش وەک بەڕێوبەری گەردوون یاخوود بەڕێوبەری پەرستگاکە(گەردوون پەرستگای خودایە).
لەم لینکەدا باسکراوە لە فەرموودەکە بەدرێژی و گفتوگۆ لەسەری:
https://www.google.com/amp/s/islamqa.info/amp/ar/answers/218080
کاتێک سەیری خەلقی ئاسمانەکان و زەوی دەکەین لە قورئاندا ئەبینین شەش ڕۆژەکە بەم شێوەیە:
ڕۆژی یەکەم و دووەم: زەوی
ڕۆژی سێیەم و چوارەم: دامەزراندنی اقواتی زەوی
ڕۆژی پێنجەم و شەشەم: ئاسمان و حەوت چینەکەی
ڕۆژی حەوتەم ئاماژە پێنەکراوە بەڵام لە ئایەتەکان ڕوون دەبێتەوە کە ئیستواکردن بۆ سەرعەرش ڕۆژی حەوتەمە ، ئەبینین هیچ تەفاسیڵێک بوونی نیە لە ڕۆژەکاندا وە لەبارەی اقواتی زەویش موفەسیرین شتی جۆراوجۆریان وتوە بەڵام بەگشتی واتا لەبارکردنی زەوی بۆ ژیان لە هەموو ڕوێکەوە.
جا کاتێک دەچینە لای باسی خۆر و مانگ و ئەستێرە و ئاژەڵ و ڕووەک لەقورئاندا ئەبینین هەر یەکە فەرمان و ئەرکی خۆی هەیە کە سوود دەگەێنن بەمرۆڤ بۆ نمونە خۆر و مانگ بۆ دیاریکردنی کات و ڕووناکی یان ئەستێرە و هەسارەکان بۆ ئاراستەکردن و ڕازاندنەوە و ڕووناکی ئاسمان یاخوود ئاژەڵەکان کە بۆ جلوبەرگی مرۆڤ و خواردن و گواستنەوە و جوانی بەخشین خەلقکراون بۆ مرۆڤ یاخود توخمەکانی زەوی وەک ئاسن کە سوودی لێ دەبینرێ بۆ جەنگ ، جا هەرشتێک لەم گەردوون و بەتایبەت ئەم زەویەدا لە قورئاندا ئەرک و فەرمانەکەی سەنتەرە نەوەک ماددیبوونەکەی ، چونکە لای خەڵکی دێرین گرنگ نەبووە لەڕووی ماددیەوە تاکە وەڵامیان خودا دروستیکردووە جا هەر چۆنێک بێ گرنگ نیە ، ئاسایشە ئەوان وابووە تێڕوانیان چونکە بیرکردنەوەی ئەوان زانستی نەبووە بەڵکو ئەوەی گرنگ بووە ئەرک و فەرمانی شتەکان چیە ، کەهەروەکو ئاماژەم پێدا گەردوون لەڕووی ئاینیەوە بوونی هەبووە چونکە سوودی بۆ مرۆڤ(یان خوداکان لای موشریکەکان)هەبووە ، بە مانایەکی تر بانگەشەی ڕەچەڵەکی ماددی نابینرێ لە ئاینەکاندا بەڵکو ڕەچەڵەکی ئەرک و فەرمانی دەبینرێت.
جا لەمەوە ئەوە تێدەگەین بیردۆز و مۆدێلە زانستیەکانی ئەمڕۆ هەرگیز نابێ وەکو بەرامبەرێک یان پشتگیرکەرێک بۆ چیرۆکەکانی خەلق دابنرێت ، چونکە چیرۆکەکانی خەلق مامەڵە لەگەڵ ئەرک و فەرمان دەکەن و بیردۆز و مۆدێلە زانستیەکانیش مامەڵە لەگەڵ تایبەتمەندیە ماددیەکان دەکەن
بابەتەکە بەشێوەیەکی پوخت نوسیومە ئەگەر زانیاری زیاتر یان وردەکاریت ویست ، سوود لەم سەرچاوانە وەربگرە کە من سوودم لێ وەرگرتووە :
1.The Lost World of Genesis One: Ancient Cosmology and the Origins Debate
2.Scripture and Cosmology: Reading the Bible Between the Ancient World and Modern Science
3.Four Views on the Historical Adam
4.The Bible & Ancient Science: Principles of Interpretation
5.Arabia and the Arabs
6.Islam, a Guide for Jews and Christians
Comments