کێشەی جۆر/سپیشز لە بایۆلۆجیدا بەشی 1



کێشەی جۆر/سپیشز لە بایۆلۆجیدا بەشی 1


یەکێک لەو کارانەی لەزانستدا ئەیکەین بریتیە لە پۆلێن کردن ، بۆ نمونە جیۆلۆجیەکان بەردەکان پۆلێن دەکەن بۆ سێ جۆر ئاگراوی و نیشتەنی و گۆڕاو ، یان فیزیکناسەکان تەنۆلکەکان بەپێی بارستای پۆلێن ئەکەن وەکو لیپتۆن و میسۆن باریۆن. لە زانستی بایۆلۆجیشدا زیندەوەران پۆلێن دەکرێن بۆ چەند ئاستێک و ئەم زانستی پۆلێنەش پێی دەوترێ Taxonomy.


بایۆلۆجستان بەشێوەیەکی نەریتی زیندەوەران بەپێی سیستەمی لاینەس پۆلێن ئەکەن ، لاینەس زانایەکی سەدەی هەژدە بوو ، سیستەمەکەی بەشێوەیەکی سەرەکی بەم شێوەیە : 

جۆر species کە بنەماترین ئاستی پۆلێنکردنەکەیە ، پاشان ڕەگەز genus ، پاشان خێزان family و پاشان order کە ڕیزە و پاشان class کە پۆلە و پاشان فایلەم phylum و کۆتا ئاستیش شانشینە کە kingdom پێ دەوترێت.


ئەم سیستەمە شێوە قادرمەییە ، هەتا بەرەو سەرەوە بچین واتا لە سپیشزەوە بەرەو سەرەوە ژمارەکان کەمتر دەکات و بەپێچەوانەوەش زیاددەکات واتا بۆ نمونە لە فاملیەکدا چەند جینەسێک هەیە و لە جینەسێکدا چەندین سپیشز هەیە.


جا ئەم سیستەمە بێگومان ئەمڕۆ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بەردەوامیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت ، لەسەدەی 20 بایۆلۆجستەکان لقێکیان لێوە دروستکرد بەناوی systematics و پێیان وابوو بنەمای ڕوونترمان پێویستە بەڵام ڕاجیای هەیە لەسەر ئەم بنەمایانە چونکە تێڕوانینی فەلسەفی جیاواز بوونی هەیە ، ئەمە بوە هۆی ئەوەی کێشە دروستبێت لەدابەشکردنی پۆلێنەکان و دوو پرسیاری جەوهەری دروستببن :

چۆن زیندەوەر بدەینە پاڵ سپیشز ؟

وە چۆن سپیشزەکان بدەینە پاڵ ئاستە بەرزەکانی تر ؟


کێشەی سپیشز بەکورتی ئەوەیە سپیشز چییە ؟ بایۆلۆجستان هاوڕانین کە سپیشز چییە ، بۆ نمونە بەشێوەیەکی نەریتی Bovidae family وادائەنرا 143 سپیشزی تێدایە بەڵام 2011 کۆمەڵەیەک لەزانایان وتیان لە 279 سپیشزی تێدایە ، بێ هیچ دۆزینەوەیەکی ئەزموونی ژمارەکان گۆڕان چونکە پێناسەی جۆر جیاواز بوو بۆ ئەم دوو کۆمەڵە زانایە.


هەر لەسەردەمی ئەرستۆوە چەمکێک بەربڵاوە بەناوی Natural kinds واتا جۆرە سروشتیەکان ، ئەمە بەسادەی واتا لەجیهاندا جۆرەکان وجودیان هەیە بەشێوەیەکی سەربەخۆ واتا بریتی نین لە تەنها پۆلێنکردنی مرۆڤ بەڵکو بەشێوەکی سەربەخۆ هەن بۆ نمونە ئاڵتون gold ، هەموو ئاڵتونی ئەم جیهانە لەژێر ناوی ئاڵتوندا کۆئەبنەوە چونکە بنەماکەیان یەک شتە بۆ نمونە ژمارەی ئەتۆمیان 79 یە ، ئێمە بە ئاسنی پایڕایت iron pyrite ناڵێین ئاڵتوون لەگەڵ ئەوەی زۆریش لەئاڵتون دەچێت چونکە جۆرێکی تر و لەڕووی بنەماییەوە جیاوازە(چونکە پێکهاتوە لەتوخمی سەلفەر و ئاسن).


بەڵام لەجیهانی بایۆلۆجیدا ئێمە تایبەتمەندیەکی پێویستمان لەبەردەست نییە وەکو جیهانی کیمیا و فیزیا تا بەئاسانی پۆلێن بکەین ، لە سپیشزێکدا بەهۆی بازدان و زۆربون لەڕێی زاوزێ کە کرۆمۆسۆمەکان جێگۆڕکێ دەکەن ، هەمەجۆریەکی زۆر دەبینرێت ، کاتێک دەڵێین ئاڵتون ئەزانین ژمارەی ئەتۆمی 79 یە بەڵام لەبایۆلۆجیدا ئاوها نییە جینۆم بەردەوامی گۆڕانکاری بەسەردادێت.


ئێمە هەر لەنێو سپیشزێکدا جیاوازی بەدی ئەکەین لەنێوان دوو تاکدا ئەمە پێی دەڵێن subspecies ئەمڕۆ ، بەڵام بۆچی دوو سپیشزی جیاواز نەبن ؟ چۆن بتوانین ئەو سنورانە دیاری بکەین ؟


چارلس داروین پێی وابوو ئەم پۆلێنکردنانە حەقیقەتێکیان نییە و تەنها کەوتۆتەوە سەر زەوقی مرۆڤەکان بەڵام دواتر بایۆلۆجستەکان بەچەمک و تێگەیشتنێکی ترەوە هاتن کە پێیان وابوو جۆر و پۆلێنەکان بەڕاستی هەن لەسروشت ، ئەو چەمکەش پێی دەوترێت The biological species concept یاخوود بەکورتی BSC ، وە ئەوەی زۆر بەرگری لێ دەکرد لە سەدەی ڕابردوو ئێرنست مایەر بوو.


ئەم بیرۆکەیە بەکورتی بریتیە لەوەی هەردوو کۆمەڵێک لە زیندەوەران نەتوانن بەیەکەوە جووت ببن و نەوەی ساغ دروست بکەن ئەوا بەدوو سپیشزی جیاواز دائەنرێن بە مانایەکی تر جیناتیان تێکەڵی یەک نابێت ، بۆ نمونە چیمپانزی و بۆنۆبۆ لەیەک ڕەگەز genus ن بەڵام دوو سپیشزی جیاوازن و لەشکڵ و ڕەفتاردا جیاوازن و بەیەکەوە جوت نابن. بە پێی ئەم بیرۆکەیە دابەشکاری زیندەوەران لەسەر بنەمایە نەوەک بەو شێوەی داروین تێگەیشتووە لێی.


ئەم بیرۆکە سەرەڕای ئەوەی بەسوودە ، سنور و لاوازی خۆشی هەیە بۆ نمونە : ئەم بیرۆکە تەنها بۆ ئەو زیندەوەرانەیە کە بەشێوەی sexual زۆرئەبن واتا هەندێ ڕووەک و قەوز و تەنانەت هەندێ ئاژەڵ ناگرێتەوە ، پاشان ئەم بیرۆکە ناتوانێ وەڵامێکی ڕاستی hybridization بداتەوە ، کە تێیدا دوو کۆمەڵە زیندەوەر جارجارە لەگەڵ یەکجوت دەبن و هەروەها ئەم بیرۆکە توانای تەفسیری حاڵەتی ring species نییە ، ئەم حاڵەتە بەنمونەیەک ڕوون ئەکەینەوە ،  سەلماندەر سپیشزی Ensatina  eschscholtzii لە ژمارەیەک دانیشتوانی جیاواز لەیەک پێکدێت و بەشێوەی مستیلەی بەدەوری شاخەکانی دۆڵی ناوەندی central valley کالیفۆرنیادان ، هەر یەکێک لەم دایشتوانانە ئەتوانێ لەگەڵ دراوسێکەی جوت ببێت بەڵام دانیشتوانی ئەخیری ڕۆژئاوا ناتوانێ لەگەڵ دانیشتوانی ئەخیری ڕۆژهەڵات جوت ببێت و ئەمەش بوەتە هۆی دروستبوونی پارادۆکسێک بۆ بیرۆکەی BSC ، چونکە ئەم دوو دانیشتوانە ناتوانن جوتبن لەکاتێکدا هەر دانیشتوانێکیان ئەتوانێ لەگەڵ دراوسێکەی جوت ببێت.


ئەم حاڵەتە لەڕووی لۆجیکیەوە کێشەیە بۆ بیرۆکەی BSC بەڵام کووشندە نییە بۆی لەبەر دوو هۆکار :


تەواوکەری بابەت لێرەوە بخوێنەوە:

کێشەی جۆر/سپیشز لە بایۆلۆجیدا بەشی 2


سەرچاوە:

Samir Okasha

PHILOSOPHY OF BIOLOGY A Very Short Introduction

Comments